کونسوڵی گشتیی بریتانیا لەهەرێم هیوای خواست پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەبستێنێت.
ڕۆژی چوارشەممە 26ـی 6ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مارتین وار كونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەرێمی کوردستان كرد.
لە دیدارەكەدا، کونسوڵی گشتیی بریتانیا لەهەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم هاتووە تا سوپاسگوزاریی خۆی پێشکەش بە سەرۆک بارزانی بکات و خۆشحاڵیی خۆی بە ماوەی کارکردنی لە هەرێم ڕاگەیاند و ستایشی ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەی کرد کە لەماوەی کارکردنیدا لەگەڵ دەزگاکانی حکوومەتی هەرێم بەدی کردووە. هەروەها هیوای خواست پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەبستێنێت.
سەرۆک بارزانی سوپاسی کونسوڵی گشتیی بریتانیای کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست.
هەر لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا.
هەروەها باسی بەردەوامیی هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لەسەر ئاساییشی عێراق و ناوچەكە کرا و جەخت کرایەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە ئەرکێکی هەمەلایەنەیە.
لە بەشیکی دیکەی دیدارەکەدا پێشڤەچوونی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم خرایە بەرباس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.