ن/ وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د
رۆژانه چه‌ندان به‌رهه‌می نوێی هونه‌ری ده‌بینرێن، زۆرینه‌یان كرچ و هه‌ندێكیش رووی قسه‌كردنیان ده‌بێت. دیارده‌كان زۆرن و بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌مێننه‌وه، كه‌من ئه‌وانه‌ی رۆح دروستیان ده‌كات و ته‌مه‌نیان درێژ ده‌كات. بێگومان ئه‌وانه بۆ ئێسته و قۆناغه‌كانی پێشتریش به‌هه‌مان شێوه بوون. منیش لێره‌دا مه‌به‌ستمه باس له رۆح بكه‌م كه چۆن هونه‌ری باڵا دروست ده‌كات و به مێژووی ده‌سپێرێت.
پێم وایه سۆشیال میدیا ئه‌وه‌نده‌ی خزمه‌تی هونه‌ری كردووه و به‌زوویی به‌رهه‌مه‌كانمان پێ ده‌گه‌یه‌نێ، له‌وه زیاتر رۆحی لێ وه‌رگرتووه‌ته‌وه و نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ بینین یان گوێ‌گرتن‌دا ئاسووده‌مان بكات، واته بێزراوی كردووه یان هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی شێواندووه، بۆیه كه ئێسته جارجاره گوێت له گۆرانییه‌ك یان پارچه موزیكێكی نوێ ده‌بێ، بۆ سبه‌ی بۆت نابێته بابه‌تێك كه لێیه‌وه هه‌ست به داهێنان یان نوێكارییه‌كی ئه‌رێنی بكه‌یت و چێژی لێ ببینیت. ئه‌مه له‌كاتێكدایه ئامێری موزیكی و گه‌شه‌ی ته‌كنه‌لۆجیا به‌جۆرێك باڵی گرتووه و به حه‌لحه‌له‌ی ئاسماندا چووه و خه‌ریكی فڕینه، به‌ڵام فڕینه‌كه‌ی به‌بێ رۆحه و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نییه. ئاخر كاری هونه‌ری به‌بێ رۆح، هونه‌ر نییه.
زۆرن ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ناو كۆلیتێكی ناو گوندێك یان له‌ناو ئه‌شكه‌وتێكدا به ئامێرێكی ده‌نگیی سه‌ره‌تایی تۆمار كراون، به‌ڵام چونكه قۆناغه‌كه و بوونی ئه‌و رۆحه‌ی هونه‌ره‌كه‌ی دروست كردووه و ئاوێته‌ی داهێنانی كردووه، وا ده‌كات زۆرترین ته‌مه‌نی پێدا ببڕێ و به‌ئاسان له بیر نه‌چێته‌وه. ئه‌و جۆره به‌رهه‌مانه گه‌لێ زۆرن و هونه‌رمه‌نده‌كانیش كه‌م نین، نموونه‌یان "حه‌مه‌جه‌زا، شڤان په‌روه‌ر، نه‌جمه‌دین غوڵامی، ناسری ره‌زازی، فوئاد ئه‌حمه‌د، خالید دلێر و زۆری تر". ئه‌م بۆچوونه‌م پێوه‌ندیی به ململانێی نه‌وه‌كانه‌وه نییه كه زۆرجار ده‌كه‌ونه دژایه‌تیی یه‌كتر، به‌ڵكو پێوه‌ندیی به رۆح له كاری هونه‌ری بۆ پێشتر و كاری بێ رۆح له ئێسته‌دا هه‌یه، بۆیه جیاكردنه‌وه‌ی كاره هونه‌رییه رۆحییه‌كان له كاره بێ رۆحییه‌كان بۆ ئێمه‌ومانان ئه‌سته‌م نابێت. پێشتریش هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ ئه‌و جۆره كارانه له هه‌ردوو دیودا كردووه، بێگومان بۆچوونی جیاوازیش هه‌ن.
له‌ناو ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی وه‌ك نموونه باسم كردوون، "لالۆ ره‌نجده‌ر"یش ناوێكی زۆر دیاری قۆناغه‌كه‌ی خۆی و ئێستهیشه، بۆ ئێمه‌ی كه‌ركووكییان كه بیره‌وه‌رییه‌كی زۆرمان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌دا هه‌یه، هی ئه‌وه نییه به تێپه‌ڕ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین. بۆیه له‌م نووسینه‌دا پێویستیم به سروودی "ئه‌ی به‌ندیخانه" ده‌بێ كه یه‌كێك له سرووده زۆر ناوداره‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یه. له‌وێدا ئه‌و رۆحه هونه‌رییه ده‌بینی كه داهێنانی دروست كردووه و جیا له رۆحه شۆڕشگێڕی و پێشمهرگایهتییهكهی، زۆرترین چێژی هونه‌ریت پێ ده‌گه‌یه‌نێ.
به‌م دواییه سروودی "ئه‌ی به‌ندیخانه" كه بۆ ئێمه مێژوویه‌كی پرشنگداری هه‌یه، دیسان له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی سروودبێژ لالۆ ره‌نجده‌ر هاته‌وه به‌رباس و بڵاوبوونه‌وه. له‌دوای ده‌یان ساڵ له بڵاوبوونه‌وه‌ی (1981)، بۆ ئێسته له رێی شۆسیال میدیاوه و پێشاندانی به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز له پێشتر له‌ڕووی تهولیف و مۆنتاجه‌وه، واتایه‌كی نوێتر ده‌به‌خشێ، به‌تایبه‌تی كاتێك له‌و مۆنتاجهدا رۆحی ده‌یان سه‌ركرده‌ی كورد له وێنه‌دا ده‌بینی كه رۆحی شۆڕشگێڕی و نه‌ته‌وه‌یی كۆیان ده‌كاته‌وه. هی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر به كورتیش بێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێ.
میلۆدیی ئه‌و سرووده هی هونه‌رمه‌ند خالید سه‌ركاره و له‌سه‌ر په‌یژه‌ی "حیجاز" كاری بۆ كردووه "هه‌مان میلۆدی وه‌ك سه‌ره‌تا بۆ گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن گه‌رمیانی به‌كار هاتووه". شیعرهكهیشی لالۆ خۆی نووسیویه‌تی و به‌پێی گوته‌ی خۆی، له 1981دا له گوندێكی ئه‌م كوردستانه و به ئامێرێكی ده‌نگیی سه‌ره‌تایی و به چه‌ند ئامێرێكی تری موزیكی زیندوو، له‌رێی تیپی هونه‌ریی چه‌وساوه‌كان له قۆناغی خه‌باتی شاخ تۆمار كراوه.
رۆحی نه‌ته‌وه‌یی له‌و سرووده‌دا پێوه‌سته به په‌یام، په‌یامی ئه‌و سرووده بۆ سه‌رده‌می خۆی، بۆ ئه‌مڕۆی ئێمه بووه، تۆ ناتوانی ئه‌مانه له یه‌كتر جیا بكه‌یته‌وه و هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا قسه‌یان له‌سه‌ر بكه‌یت، چونكه پێكه‌وه ئه‌و په‌یامه‌ت پێ ده‌گه‌یه‌نن خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تیی ئه‌وكات كه لالۆ سروودهكهی به‌ئێمه گه‌یاندووه، رۆژێك دێ شوێنی به‌ندیخانه‌ت لێ ده‌كه‌نه جێی گوڵ و رێحانه. تۆ ئه‌گه‌ر له ساڵی 1981ه‌وه به مێژووه‌كه‌دا بچیته‌وه و بگه‌یته ئه‌م قۆناغه‌ی ئێسته، ته‌نیا پاركی "سامی عه‌بدولڕه‌حمان"ی هه‌ولێر بكه‌یته نموونه‌ی گه‌یشتنی په‌یامه‌كه‌ی لالۆ كه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عس ئه‌وێ شوێنی سه‌ربازگه و به‌ندیخانه بووه، نزیكه‌ی 40 ساڵ ده‌كات كه په‌یامه‌كه گه‌یشتووه‌ته شوێنی خۆی. بۆ رۆحی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان و په‌یامی سروودهكهیش، هی ئه‌وه‌یه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كاتی تۆماركردنی "ئه‌ی به‌ندیخانه".
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به رۆحی نه‌ته‌وه‌یی و رۆحی هونه‌ریی زیندوو بكه‌یت كه له‌و قۆناغه‌دا سروودی "ئه‌ی به‌ندیخانه" له 1981 تۆمار كرا، ئه‌وه‌نده‌ت به‌سه كه بزانی له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا سرووده‌كه له سه‌رتاپای كوردستاندا بڵاو بووه‌وه و له‌گه‌ڵیدا "لالۆ ره‌نجده‌ر" بووه ناوێكی دیاری هونه‌ری كوردی و هێمای شۆڕشگێڕی و پێشمه‌رگایه‌تی، ئه‌وه له‌كاتێكدا بۆ ئه‌و قۆناغه ته‌كنه‌لۆجیا به‌م شێوه‌یه‌ی ئێسته پێشكه‌وتوو نه‌بوو كه كاری هونه‌ری به‌ئاسان بگاته هه‌موو شوێنه‌كان. ئه‌وه رۆحی نه‌ته‌وه‌یی و هونه‌ریی بوو كه ئه‌و سرووده‌ی به‌و شێوه خێرایه گه‌یانده هه‌موو ره‌نجده‌ر و چه‌وساوه‌كان.
ئێمه‌ی گه‌نجانی ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ركووك له 1981-1982، یه‌ك نه‌وارێكی لالۆ ره‌نجده‌ر كه سروودی "ئه‌ی به‌ندیخانه" یه‌ك له سرووده‌كانی نهوارهكه بوو، ده‌ست به ده‌ست له یه‌كێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر ده‌چوو تا بتوانین دوور له چاوی به‌عس گوێی لێ بگرین. زێده‌ڕۆییم نه‌كردووه كه گه‌نج هه‌بووه به‌هۆی ئه‌و نهوارهوه شوێنی بووه‌ته به‌ندیخانه و هاتووه‌ته گرتن. بۆ ئه‌وكات به‌هۆی سرووده‌كه‌وه ناوی لالۆ ره‌نجده‌ر یه‌كێك له ناوه خۆشه‌ویسته‌كانی خه‌ڵكی كورد بوو له كوردستان به‌گشتی و كه‌ركووك به‌تایبه‌تی، ئه‌وه له‌كاتێكدا خه‌ڵك ئه‌وكات ته‌نیا گوێیان له‌و ده‌نگه ده‌بوو بێ ئه‌وه‌ی ئاشنای رووخساری هونه‌رمه‌نده‌كه بن. ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌وه رۆحی نه‌ته‌وه‌یی و رۆحی هونه‌ریی نه‌بێ، تۆ ناوی چیی لێ ده‌نێیت؟.
له 1981ه‌وه تا ئێسته كه ده‌یان ساڵه، ئه‌و به‌رهه‌مه هه‌ر به زیندوویی ماوه‌ته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له گه‌نجی بێ‌ئاگا له مێژوو و كاره هونه‌رییه‌كان له‌لایان نه‌بێته پرسێكی هونه‌ری، بێگومان مێژووی هونه‌ری كوردی له خۆی گرتووه و جێی شایانی خۆی داوه‌تێ.
كه ئێمه ده‌ڵێین ته‌مه‌نی كاری هونه‌ریی پێوه‌سته به رۆحی هونه‌ریی، بۆ ئێسته ده‌توانین "ئه‌ی به‌ندیخانه" بكه‌ینه نموونه و بیخه‌ینه به‌رچاوی گه‌نجانمان. بێگومان ئه‌وه‌نده‌ی من له نزیكه‌وه به‌ئاگام لێی، هونه‌رمه‌ند لالۆ ره‌نجده‌ر ئێسته‌یش بۆ كاری هونه‌ری خاوه‌نی هه‌مان رۆحه، ئه‌وه‌ی گۆڕاوه، قۆناغه‌كه‌یه. ئیتر تۆ ئاره‌زووی خۆته چۆن هه‌ڵاوێردی قۆناغه‌كان ده‌كه‌یت و چۆن لێكیان ده‌ده‌یته‌وه.
هونه‌ری باڵا ئه‌وه‌یه بچێته ناو رۆحی كه‌سه‌كانه‌وه و جێی خۆی له مێژوو بكاته‌وه، وه‌ك چۆن لالۆ توانی به‌ندیخانه‌مان لێ بكاته جێی گوڵ و رێحانه، هونه‌رمه‌ندی زۆر و به‌رهه‌می زۆریش هه‌ن هه‌ر له به‌ندیخانه ده‌مێننه‌وه تا ده‌مرن، سه‌ر به‌رز ناكه‌نه‌وه.
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.