Erbil 7°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 11:28

نوێنه‌ری ئه‌مریکا: داهاتوویه‌کی رۆشنترمان خستووه‌ته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌ پێناو گه‌لی ئێراندا

ئامانجی ئه‌مریكا ده‌سته‌به‌ركردنی دانوستانێكی گشتگیره‌ له‌گه‌ڵ تاران
کوردستان TV
100%

نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران، براین هوك رایگه‌یاند "ئامانجی ئه‌مریكا ده‌سته‌به‌ركردنی دانوستانێكی گشتگیره‌ له‌گه‌ڵ تاران. داهاتوویه‌كی رۆشنترمان خستووه‌ته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌ پێناو گه‌لی ئێراندا".

براین هوك له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ پانێلێكدا له‌ژێر ناوی "خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، باكووری ئه‌فریقا و تیرۆریزمی نێوده‌وڵه‌تی" كه‌ له‌ لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا سازكرا، وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌ندامانی كۆنگریسی ئه‌مریكای دایه‌وه‌.

نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران له‌ پانێله‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ئێران به‌تایبه‌تی له‌ رێگه‌ی حزبوڵڵاوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ ده‌كات، به‌تایبه‌تی سه‌قامگیری سووریا و لوبنان و گوتی: "به‌ هۆی ئه‌و پشتیوانییه‌ی پێشكه‌ش به‌ حووسییه‌كانی كردووه‌ له‌ یه‌مه‌ن كێشه‌ی ناوه‌ته‌وه‌".

نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران، براین هوك باسی له‌وه‌ كرد كه‌ پێش ئه‌و سزایانه‌ی له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه‌، ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا تاوی به‌ "چالاكییه‌ زیانبه‌خشه‌كانی" دابوو و گوتی: ئه‌م دۆخه‌ دوای سه‌پاندنی سزاكانی ئیداره‌ی تره‌مپ پێچه‌وانه‌ بوویه‌وه‌. فشاری دیپلۆماتی و ئابووریمان كاری خۆی ده‌كات، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی ئێران به‌ زمانی دیپلۆماسی وه‌ڵام بداته‌وه‌، به‌رده‌وامه‌ له‌وه‌ی به‌ره‌و توندوتیژی ده‌چێت. چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین كه‌ ئێران وه‌ڵامی دیپلۆماسییانه‌ به‌ دیپلۆماسییانه‌ بداته‌وه‌. نه‌وه‌ك به‌ تیرۆر و گێره‌شێوێنێ.

براین هوك وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی دایه‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ی كرابوو سه‌باره‌ت به‌ ستراتیجییه‌تی ئیداره‌ی ترمپ له‌ به‌رامبه‌ر ئێران و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا و رایگه‌یاند، پلانی سه‌ره‌كی ئیداره‌ی ئه‌مریكا به‌هێزكردنی به‌رگرییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ ئێران.

نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران، براین هوك گوتی: "كه‌س نابێت گومان بكات له‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌یده‌ین بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران و گه‌یشتنمان به‌ دانوستانێكی گشتگیر. ئامانجی ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ تاراندا دانوستان بێته‌ ئاراوه‌، ئامانجی ئه‌مریكا ده‌سته‌به‌ركردنی دانوستانێكی گشتگیره‌ له‌گه‌ڵ تاران. داهاتوویه‌كی رۆشنترمان خستووه‌ته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌ پێناو گه‌لی ئێراندا.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.