ن / سه‌لاح پایانیانی
مانا یا فه‌لسه‌فه‌ی ژیان له بیر و نه‌ستی هه‌ر مرۆڤێكدا چوارچێوه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. مرۆڤ به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له چ سه‌رده‌مێكدا ده‌ژی، سه‌ر به چ چین و پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه و له‌سه‌ر بنه‌مای چ سیستم و نه‌ریت و به‌هاگه‌لێكی كلتووری باڵای كردووه، به‌رانبه‌ر به ژیان ڕوانگه‌یه‌ك په‌یدا ده‌كا كه كه‌م و زۆر جیاواز ده‌بێ له ڕوانگه‌ی كه‌سانی تر. به‌هۆی ئه‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه ده‌ركه‌ی جیهان و كۆمه‌ڵگای لێ ده‌كرێته‌وه: چۆنێتیی هه‌ڵسوكه‌وتی، دوره‌دیمه‌نی ویسته‌كانی، مانای مرۆڤایه‌تی و چۆنێتیی بوون و له‌سه‌ریه‌ك هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی هه‌ر به پێی ئه‌و ڕوانگه‌یه دروست ده‌كا. ده‌كرێ بڵێین ئه‌و ڕوانگه‌یه ته‌راز و چوارچێوی شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤیش دیاری ده‌كا.
جا ئه‌گه‌ر له ساڵوه‌گه‌ری كۆچی دوایی پسپۆڕی شمشاڵژه‌ن، مامۆستا قاله مه‌ڕه‌ی نه‌مردا، به‌و پێودانه ئاوڕ له ڕوانگه و فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی بده‌ینه‌وه ڕه‌نگه چاكتری بناسین و بۆمان ڕوون بێته‌وه كه بۆچی شێوه‌ی ژیانێكی ئه‌وتۆی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردبوو كه به بڕوای زۆر كه‌سان، شیاوی هونه‌رمه‌ندێكی هه‌ڵكه‌وته‌ی وه‌ك ئه‌و نه‌بوو.
مامۆستا قاله‌مه‌ڕه چه‌ندی پابه‌ندی ناو و نه‌وای شمشاڵه‌كه‌ی بوو سه‌د ئه‌وه‌نده‌ش ده‌روه‌ستی ماناكانی ژیان، به‌پێی باوه‌ڕی خۆی بوو. هه‌رگیز ئاماده نه‌بوو بۆ ده‌سكه‌وتی ماددی یا به وته‌ی مه‌شهوور بۆ ماڵی دنیا ده‌ست له‌و به‌هایانه هه‌ڵگرێ كه لای ئه‌و ژیانیان واتادار ده‌كرد. شێوهژیانێكی له‌سه‌ر بناغه‌ی باوه‌ڕه‌كانی ڕه‌چاو كردبوو كه ئێستاشی ده‌گه‌ڵ بێ، به‌شی زۆری كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه بۆیان ساغ نه‌بۆته‌وه كه له كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و هونه‌رمه‌ندێكی ئاوا ناودار چۆن ده‌بێ به دانسته ئه‌م شێوه ژیانه "ناماقووڵ"ه بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێ.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانه ڕواڵه‌تی ژیانی مامه قاله هه‌تڵه‌ی كردوون و هه‌ر سه‌رقاڵی توێلكی مه‌سه‌له‌كه بوون و نه‌یانتوانیوه له هه‌وێن و كاكڵی بابه‌ته‌كه ورد بنه‌وه كه بریتییه له مانای ژیان له‌لای ئه‌و هونه‌رمه‌نده ڕه‌سه‌ن و خۆڕسكه.
من لێردا نامه‌وێ و بۆشم نالوێ میژووی ژیانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده شی بكه‌مه‌وه و له‌و ئه‌زموونانه بدوێم كه بوونه‌ته هۆی شكڵ گرتنی شه‌خسیه‌تی و هه‌ڵبژاردنی شێوی ژیانی. به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م دوو بیره‌وه‌ری لێ بگێڕمه‌وه كه پێم وایه بۆ ئه‌وه ده‌بن بكرێن به ڕێچكه‌یه‌ك بۆ چوونه ناو "مانای ژیان لای قاله‌مه‌ڕه".
یه‌كه‌م: ئاخروئۆخری ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی ۱۳٨۰ی هه‌تاوی كه زوو زوو هاتوچۆی شاره‌داریی مه‌هابادم ده‌كرد، له دانیشتنێكی دیوی شاره‌داردا یه‌كێك گوتی: "قاله مه‌ڕه ئه‌وه له‌ڕاستی چوارڕای ئازادی شمشاڵی لێده‌دا و خه‌ڵكیش پووڵی بۆ فڕێ ده‌ده‌ن." موهه‌ندیس جه‌واد مه‌نسوورپوور، شاره‌داری ئه‌وكاته‌ی مهاباد، گوتی: "چی لێبكه‌م ئه‌خه؟ وه‌ڵڵاهی پیاوم به ماشێنه‌وه بۆ ناردۆته بۆكانێ كوتوومه لێره ماڵوحاڵی بۆ پێكدێنم و هه‌تا مردن حقووقی بۆ ده‌بڕمه‌وه به‌شه‌رتێك ده‌ست له‌و سواڵ و له‌سه‌ر خه‌یابان دانیشتنه‌ی هه‌ڵگرێ، كوتوویه له هیچكوێ وه‌ك ئێره‌م بۆ ناگوزه‌رێ!"
دوو: هاوین یا پاییزی ساڵی ١٣۷٨ پێوه بووین ئێواره‌كۆڕێكی فۆلكلۆری له ساڵۆنی ئیداره‌ی ئیڕشادی مهاباد به‌ڕێوه ببه‌ین. به نێوی كۆمیته‌ی فۆلكلۆری ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی مهاباد چووینه بۆكان، بۆ ماڵی مامه قاله، هه‌تا لێی بگێڕینه‌وه. نازانم چۆن بوو باسه‌كه‌ی هێنایه سه‌ر شمشاڵ لێدانی به پووڵ. گوتی: "قه‌ده‌ری ئه‌ولای له تارانێ به‌رنامه‌مان بووه، له‌وسه‌ری له‌گه‌ڵ ئاغای سپێهری هاتینه‌وه ڕه‌زایه‌ی. له فرودگایهڕا بردینێوه بۆ ئیداره‌ی ئیڕشاد، له‌وێ پێیكوتم له‌گه‌ڵ براده‌ران قسه‌م كردووه دیوێكت ده‌نێ خه‌ڵكی تێدا فێری شمشاڵی كه و مانگهومانگیش پووڵی خۆت وه‌رگره و ده‌ست له‌و قاوه‌خانه و كووچه و كۆڵان چوونه‌ی هه‌ڵگره. ئه‌منیش پێم كوت ڕه‌بی ماڵت ئاوه‌دان بێ، ئه‌ما به‌و خودایه‌ی ئه‌من حاڵه‌تێكم هه‌یه، به میلوێنی ئێوه برسیم و به تمه‌نی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی تێرم!"
ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی مامه قاله ده‌ریده‌خا مانای ژیان و فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر لای ئه‌و، ده‌كه‌ونه ئه‌ودیوی سنووری به‌ها ماددییهكانهوه؛ له ناخی ئه‌و مانا و فه‌لسه‌فه‌یه‌دا سێ دیارده‌ی "نیشتمان" و "كورد" و "شمشاڵ" وایان جێگرتبوو كه هیچ به‌هایه‌كی ماددی _ با زۆریش گه‌وره بوایه_ نه‌یده‌توانی خۆی به‌باڵای بگرێ.
ئه‌و كورتهباسه بۆمان ده‌رده‌خا ئه‌و كه‌سانه‌ی هونه‌ر، مانای ژیان و ئه‌ركی كۆمه‌ڵایه‌تی به هاسانی ده‌خه‌نه تای ته‌رازووی هه‌ر به‌هایه‌كی ماددییه‌وه، دوورن له ده‌ركی مانای ژیان و فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ری مامه قاله. بۆیه ناتوانن له بازنه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ڕواڵه‌تی ژیان ده‌رباز بن. دیاره لێره‌دا نابێ له‌بیرمان بچێ كه به چاوی ڕێزه‌وه ته‌ماشای به‌رپرسی وه‌ك موهه‌ندیس مهنسوورپووری كوردپه‌روه‌ر و ئاغای سپێهری دڵسۆز بكه‌ین كه پارێزه‌ری كلتووری كۆمه‌ڵگان و ده‌بێ دوعا بكه‌ین خوا بیانپارێزی و هاوتایان زۆر بێ.
سه‌رچاوه/ جام كوردی
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.