Erbil 10°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 09:12

ئەمریکا 100 هەزار سەرباز و ڕاوێژکار ڕەوانەى عێراق دەکات

مزاحم :ئێران چەکی زۆرى گەیاندووەتە حەشد بۆ بە ئامانجگرتنى هێزەکانى ئەمریکا
کوردستان TV
100%


گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکان لەموسڵ ، مزاحم رایگەیاند "ئێران چەکی زۆرى گەیاندووەتە حەشدى شەعبى لە عێراق بۆ بە ئامانجگرتنى هێزەکانى ئەمریکا لەو وڵاتە".

مزاحم ئەحمەد حوێت لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەمریکا لەئێستادا زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازى لە سەربازگەکانى عێراق جێگیرکردووە و زانیارى پشتڕاستکراویشمان هەیە کە لە چەند رۆژى داهاتوودا نزیکەى ١٠٠ هەزار سەرباز و راوێژکارى دیکە رەوانەى عێراق دەکات، ئامانج لە کۆکردنەوە و جێگیرکردنى سەربازەکان هێرشکردنە بۆسەر ئێران".

گوتیشى: "ئەو هێزەى ئەمریکا بە چەک و تفاقێکی زۆرەوە لە عێراق جێگیرکراوە، هەرچەند عێراق وەها خۆى نیشان دەدات کە بێلایەن بێت لە نێوان ململانێ و شەڕى نێوان تاران و واشنتۆن، بەڵام عێراق بەشێکى گەورەى هاوکێشە سەربازى و سیاسییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران دەبێت".

گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکان لە موسڵ هەروەها باس لە هەنگاوەکانى ئێران لە عێراق دژبە ئەمریکا دەکات و دەڵێت "ئێرانیش ئامادەکارى تەواوى کردووە بۆ بە ئامانجگرتنى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەکى زۆر لە مووشەکى بالیستیکى ئێران رادەستى حەشدى شەعبى لە عێراق کراوە تاوەکو بنکە و بارەگاى هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق پێ بکرێتە ئامانج".

دەشڵێت "گەیاندن و دابەشکردنى مووشەکى بالیستیکى و جۆرەها چەک لە ئێرانەوە بۆ عێراق لەژێر چاودێرى قاسم سولەیمانى بووە کە ئێستا لە عێراقە و سەرقاڵى یەکخستنەوەى نێو ماڵى شیعە و حەشدى شەعبییە دژبە بوونى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەیش لە کۆبوونەوەى بەردەوامدایە".

حوێت ئاماژەى بەوەدا کە ئێران دەیەوێت چەند بنکە و بارەگا و کاروانێکى ئەمریکا لە عێراق بکاتە ئامانج، بە مەبەستى کەمکردنەوەى فشارە سەربازییەکانى ئەمریکا لەسەر ئێران. کە رەنگە ئەمە دەرگاى جەنگێکى گەورە و خوێناوى بکاتەوە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، ئەمەیش کاریگەرى نەرێنى لەسەر عێراق دەبێت و ناوچە سوننە نشینەکانیش زیانمەند دەبن.


سه‌رچاوه‌ -  AA
دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.