Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 04:00

سوبح پێده‌که‌نێ

وه‌رزی خه‌زان
کوردستان TV
100%

ن/ عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

1- بیره‌وه‌ری

گه‌ڵایه‌كی هه‌ڵوه‌ریوی

وه‌رزی خه‌زان

بیره‌وه‌ریی خۆی نووسییه‌وه‌

دای به‌ من پێیدابچمه‌وه‌

به‌ ڕێنووسی،

به‌ خاڵبه‌ندیی،

به‌ شێواز و ڕسته‌سازیی،

لاپه‌ڕه‌كانی پڕ بوون له‌

ورشه‌ و پرشه‌ و

بریقه‌ی جوانی زه‌رده‌په‌ڕ

میلۆدیی نێوان با و دره‌خت

گریه‌ و سۆز و ناڵه‌ی شه‌ونم

نزای داره‌سمه‌ی خاڵخاڵ

به‌سه‌رهاتی دراكونكه‌ره‌،

لێوڕێژ بوو له‌

ناڵه‌ی پڕ سۆزی ته‌نیاییم.

 

2-ته‌نیایی

ته‌نیایی

گه‌ڵایه‌كی وشكه‌وه‌بووی

پاییزه‌یه‌،

زستانی سه‌خت و پڕ له‌ سه‌قه‌می

به‌سه‌ر دادێ،

له‌ ماڵی پاییز، پێی ڕاناگرێ

بۆ ده‌شت و ده‌رێ

وه‌یشوومه‌ سه‌ری پێ نه‌وی ناكا

ئه‌و یاخیی بووه‌ و قه‌ت هه‌ڵناوه‌رێ.

 

3-سوبح پێده‌كه‌نێ

نات به‌ده‌سته‌

نه‌غمه‌یه‌كم بۆ نانێری

بات به‌ده‌سته‌

بای هه‌ناسه‌ی ژینه‌وه‌شت

لێسه‌ندمه‌وه‌

شات له‌ په‌نجه‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كه‌،

شاشت كرد به‌ربین و دیده‌م

چیم مایه‌وه‌؟

بووم به‌ گه‌دای كێو و ده‌شت و

گشت زه‌ویوزار و به‌نده‌نێ

هه‌روه‌ك بێنه‌واكه‌ی (دیلان)

من شه‌وانه‌ به‌دڵ ده‌گریم

تا ئه‌وكاته‌ی

سوبح بۆ من پێده‌كه‌نێ.

 

4-ڕاماڵین

دواگریانی

دره‌ختێكی دره‌نگه‌ پاییزێ

دڵۆپێ گه‌ڵای‌ نارنجی بوو

كه‌ چاوانی له‌ فرمێسكه‌ گه‌ڵا چك بوو

دره‌خت له‌ گه‌ڵا بوو خاڵی

به‌ جه‌سته‌ ڕووتوقوت بۆوه‌

وه‌یشوومه‌ی زستانێ داهات

ئه‌و دڵۆپه‌یشی ڕاماڵی.

 

5-سنجاق

ئه‌ستێره‌یه‌كی چاوكزی

سته‌مدیده‌ی ده‌ست خۆره‌تاو

ئێواره‌یێ

له‌ زه‌ندۆڵێ

چه‌ند تاڵه‌ تیشكێكی سۆری

له‌ شابسكی زه‌رده‌په‌ڕ سه‌ند.

ئه‌وكی زه‌رده‌په‌ڕ پڕ بوو له‌

نووزه‌ و نووته‌ك و شه‌وی تار،

هه‌ر هه‌مان شه‌و

ئه‌ستێره‌، خڕ تیشكه‌كانی

كرد به‌ سنجاقێكی سۆر و

دای له‌ سینگ و به‌رۆكی یار.

6-    شوهب

دوو ئه‌ستێره‌ی دڵداری یه‌ك

له‌ سینه‌ی ئاسمان یاخی بوون

له‌ ڕایه‌خی نێو زه‌مه‌ندێ

له‌ كازیوه‌یه‌كی ساردی هه‌تاو نه‌دیو

ده‌میان خسته‌ نێو ده‌می یه‌ك.

كه‌ خۆر به‌ گزنگی وردی

سه‌ره‌تاتكێی له‌گه‌ڵ كردن،

له‌ ئه‌ستێره‌كانی دراوسێ كه‌شف بوون.

فه‌رمان ده‌رچوو

هه‌ردوو تاوانبار بدرێن به‌

دادگای ئاسمان،

به‌رله‌وه‌ی كه‌له‌پچه‌یان له‌

مه‌چه‌ك توندكه‌ن

هه‌ردووكیان له‌نێوان خۆیان

بڕیاریاندا

خۆیان بكه‌ن به‌ دوو شوهب.

له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م په‌لكێشانیان

هه‌ر به‌ ئاسمانه‌وه‌ سووتان.

كورستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.