Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 01:33

چه‌فیه‌ ڕه‌شه‌که‌ی دایکم، له‌ نێوان خه‌ون و خه‌می ته‌مه‌ندا

هیچ كه‌سێك ناتوانێ له‌ئاستی ئه‌و گه‌وره‌ییه‌ سه‌ری دانه‌وێنێ
کوردستان TV
100%
ن/ شاخه‌وان عه‌لی حه‌مه‌د
شیعر خه‌ون و خه‌یاڵ و ڕوانگه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ خۆشخوان و خودان ئه‌زموون و هه‌ست ناسكانه‌یه‌ كه‌ به‌هێمنی بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ هێمنی ده‌خوێننه‌وه‌و به‌ هێمنی ده‌نووسن، ئه‌و كه‌سانه‌ ملوانكه‌ شیعری ته‌ڕ و تازه‌ ده‌هۆننه‌وه‌و جیهانێكی ئایدیای تر له‌ خه‌ون و خولیا ده‌ڕسكێنن و به‌نێو باخی خه‌یاڵبزوێنی جوانیه‌كاندا تێده‌په‌ڕن، ته‌نانه‌ت ده‌زانن له‌ودیوی په‌رده‌وه‌ چ ڕه‌نگاڵه‌یه‌ك خۆی هه‌ڵخستوه‌ تا جێی ڕه‌نگه‌كاڵه‌كان بگرێته‌وه‌، چ خۆشیه‌ك له‌ چاوه‌ڕوانیدایه‌ تا درك به‌ تاریكی شه‌وه‌ ئه‌نگوست له‌چاو و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌كان بینی، ئه‌وه‌ش ئه‌و دارعه‌ساو ئه‌و شمشێره‌ شیعره‌ی شاعیره‌ كه‌ لێڵایی شته‌ ناڕوونه‌كان ڕوون ده‌كاته‌وه‌و هه‌ستێكی چێژبه‌خشمان پێ ده‌به‌خشن، (چه‌فیه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی دایكم) دوایین كتێبه‌ شیعری مه‌مله‌كه‌تی شیعرستانی مامۆستا (ئاری ئاغۆك)ـی قه‌ڵه‌م به‌بڕشته‌، كه‌ له‌ دووتوێی (٨٠) لاپه‌ڕه‌و به‌تیراژی ١٠٠٠ دانه‌ له‌ چاپخانه‌ی چوارچرا ڕۆشنایی له‌دایكبوونی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و له‌لایه‌ن مامۆستای قه‌در گران (حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان)ـه‌وه‌ پێشه‌كیه‌كی ته‌ژی به‌ به‌های بۆ نوسراوه‌و له‌ ئاماژه‌ پێدانێكدا ئه‌و نووسه‌ره‌ ده‌ڵێت: (ئاری ئاغۆك به‌ر له‌وه‌ی شاعیر بێت ئینسانێكه‌ خۆی له‌ شیعر ده‌چێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ناخی ئه‌و دا سه‌رهه‌ڵده‌دات هه‌ناسه‌یه‌كه‌ بۆ ئارامی، ئه‌وه‌ی له‌ دیدی ئه‌ودا چرۆ بكات ئاسۆیه‌كه‌ بۆ جوانبینی).
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: (ئه‌و عاشقه‌، به‌ڵام عه‌شقی بێ هوده‌یی حه‌وایه‌ك نا، به‌ڵكو عه‌شقی خاك و عه‌شقی گۆڕستان و عه‌شقی ته‌نیایی و باران و ڕابردووی ڕه‌سه‌ن، عه‌شقی هه‌ره‌ گه‌وره‌شی لێچه‌گه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی دایكیه‌تی، كه‌ ناوه‌ ناوه‌ تۆزی غه‌ریبی و نامۆیی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌نیشێ، به‌ تامه‌زرۆیی بۆنی ئه‌و لێچه‌گه‌ ده‌كات و ڕووه‌و گۆڕستان ڕێ ده‌كات، له‌وێ بۆ جارێكی تر به‌سۆتر ئاوێزانی گۆڕی دایكی ده‌بێته‌وه‌و تێر تێر ئه‌و لێچه‌گه‌ ڕه‌شه‌ ماچ ده‌كات).
هه‌ڵبه‌ته‌ ئاری شاعیر زۆر له‌وه‌ ناسراوتره‌ كه‌ ئێمه‌ به‌نێو كوچ و كۆڵان و په‌یژه‌كانی ته‌مه‌نی شیعرناسی و ڕوانگه‌ناسی و ڕوئیاناسی سه‌ربكه‌وین و باس له‌ ئه‌زموونی ئه‌فرێنه‌ری شیعری بكه‌ین، له‌ كاتێكدا له‌وه‌ته‌ی ئاشنا به‌و جیهانه‌ بووه‌، وه‌ك گه‌نجێكی به‌سه‌لیقه‌ توانیویه‌تی له‌ده‌رگای زۆر بابه‌ت بدات و ئه‌زموون بكاته‌ هه‌وێنی به‌رهه‌مه‌كانی، كه‌ تا ئێستا ٢٤ كتێبی به‌چاپ گه‌یاندوه‌و زۆرترین پانتایی له‌و سێكته‌ره‌ بۆ شیعر و ئه‌ده‌ب ته‌رخان كردوه‌ و به‌رهه‌مه‌كانی گه‌واهیده‌رن بۆ هه‌ناسه‌ درێژی به‌رده‌وامی ئه‌و رێچكه‌ و كاروانه‌ی كه‌ قه‌ناعه‌تی پێ هه‌بوه‌و له‌سه‌ری به‌رده‌وام بووه‌، (چه‌فیه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی دایكم) وه‌ك ناونیشانێك بۆ ئه‌و كتێبه‌ تازه‌یه‌ی شاعیر، ڕاسته‌وخۆ بیركردنه‌وه‌ی هه‌موومان ده‌خاته‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌، له‌كاتێكدا هه‌موومان خاوه‌ن دایكێكی به‌ میهر و سۆزین و ده‌زانین پیرۆزی دایك و پیرۆزی و میهره‌بانیه‌كانی چه‌نده‌ گه‌وره‌و فراوانه‌،هیچ كه‌سێك ناتوانێ له‌ئاستی ئه‌و گه‌وره‌ییه‌ سه‌ری دانه‌وێنێ و خۆشه‌ویستی خۆی بۆ ده‌رنه‌برێت، چه‌فیه‌ی ڕه‌ش له‌ كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ مه‌زنیه‌تیی ئه‌و مرۆڤه‌ی هه‌موومانی به‌رهه‌م هێناوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بێت مرۆڤایه‌تی قڕ ده‌بێ و كۆتایی دێ!!، بێگومان ئه‌وه‌ ش چاكه‌یه‌كه‌ و تا مردن هه‌موومان خۆمان به‌قه‌رزاری ده‌زانین، ئه‌وه‌تا له‌ لاواندنه‌وه‌ و ژیربوونه‌وه‌ی دوای دابڕانی دایكه‌ كۆچكردوه‌كه‌یدا، به‌نێو ماڵی ته‌نهاییدا دێ و ده‌چێ و وه‌ك عه‌شقێكی ڕۆحی هه‌ر به‌دوای بۆن و به‌رامه‌ی دایك و ڕه‌نگ و روخساره‌ بزره‌ ئه‌به‌دیه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ خه‌یاڵ ده‌كات، نازانێ چۆن به‌دیده‌نی دایكی بگات و چۆن بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و باوه‌شه‌ی كه‌تێیدا چاوی هه‌ڵێناوه‌و تێیدا خۆی ناسیوه‌و تێیدا گه‌وره‌ بووه‌!!، كه‌چی بۆی ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ی ده‌یه‌وێ پێی بگات و نه‌هێڵێ بڕوات...گومانه‌!، به‌ڵام گومان و چاوه‌ڕوانی و نوشته‌ زۆر له‌وه‌ بچووكتره‌و هیچ شتێك دایكی ناگه‌ڕێنێته‌وه‌.
 له‌و دیو ده‌رگاوه‌ ....
به‌ بوخچه‌یه‌ك نوشته‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ و
 ئاسمانێك دوعای پێش باران و
 رووبارێك خۆزگه‌ی به‌جێماو
 چاوه‌ڕوانی كلیلی ئه‌وێ ده‌كه‌م !!
له‌ به‌ر خۆمه‌وه‌ گۆرانیی عینادی و دوودڵی ده‌ڵێمه‌وه‌
 له‌كونی ده‌رگاوه‌ ته‌ماشای ژووره‌ قه‌ڵه‌باڵغه‌كه‌ ده‌كه‌م
 حه‌ز ده‌كه‌م بێمه‌ ژوور و بتبینم
 كه‌چی بۆشی نوشته‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كان
خه‌ونی چاوه‌ڕوانیم به‌تاڵ ده‌كه‌ن
 ده‌مخه‌نه‌ نێو سێگۆشه‌ی گومان .
شاعیر هه‌ر به‌وه‌ ناوه‌ستێ گومان له‌خۆی و ده‌ورووبه‌ری بكات به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ خائین و دووڕوو ده‌زانێ كه‌ ناپاكیان لێ كردوه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و زه‌مه‌نه‌ جوانیه‌ی بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ زه‌مه‌ن و ته‌مه‌ن و خه‌م و خۆزگه‌ی دایكیه‌تی و په‌شیمانیشه‌ له‌و گۆرانیانه‌ی بۆ ده‌روێشه‌ دووڕوو و سه‌رخۆشه‌ بێ وه‌فاكانی چریوه‌و له‌ هه‌موو شته‌كان په‌شیمانه‌،
ئیتر له‌گه‌ڵ گه‌ڵای حه‌ڕام سه‌مای ژیانه‌وه‌ ناكه‌م،
نایه‌مه‌وه‌ ...
خاكی دڵه‌ بۆگه‌نه‌كان تێر ئاو ناكه‌م !
نایه‌مه‌وه‌ ..... نا
زۆر په‌شیمانم كاتێ ...
گۆرانیم بۆ ده‌روێشه‌ دوو ڕووه‌كان ده‌گوت و
چه‌پڵه‌م بۆ سه‌رخۆشه‌ بێوه‌فاكانی شار لێ ده‌دا
ده‌ڕۆم ..
ده‌چمه‌ ژووره‌ تاریك و پڕ له‌ ڕه‌نگ و ئایدیا جیاوازه‌كانی ئه‌وێ
له‌م وێنه‌ شیعریه‌دا شاعیر به‌ روانینێكی دژ و پێچه‌وانه‌ جوانترین نموونه‌و جیاوازی نێوان دوو مرۆڤ دیاری ده‌كات (سه‌رخۆش و ده‌روێش)
چه‌فیه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی دایكی ئاری له‌ ٢٥ شیعر پێك هاتووه‌، له‌ خه‌وی غه‌فله‌ت، كاتێك تۆبه‌ ده‌كات و به‌ئا گادێته‌وه‌، ده‌ستنوێژێكی پاك هه‌ڵده‌گرێ و نوێژی لێخۆشبوون بۆ ڕۆحی گۆناحی خۆی ده‌كات، پێمان ده‌لێت:
كه‌ كوژامه‌وه‌ ..
له‌و دیو سنووری ژیانه‌وه‌
به‌ ڕووناكیه‌كی نوێوه‌
به‌به‌رگێكی نووری ئیمانه‌وه‌
به‌ گیرفانێكی پڕ له‌ عیباده‌ت
ده‌فته‌ره‌ سپیه‌كه‌ی ئه‌وێ رۆژێ ته‌سلیم ده‌كه‌مه‌وه‌
تا دوایین ووشه‌و دێر ....
هه‌مووی له‌نێو ته‌رازووی ئه‌وێ داده‌نێم
ئه‌مجاره‌یان به‌دیقه‌تتر و به‌ ده‌ستنوێژێكی پاكتر
له‌ عه‌رشی سپی نوێژی له‌دایكبوون ده‌كه‌م
له‌ ده‌قه‌ شیعری (من له‌وێم) ئه‌و ته‌نیاییه‌و یاخیبوون و بێ ماڵیه‌ی خۆی دوای دابرانی دایك به‌ئاشكرا ده‌رده‌خات و گۆشه‌گیرانه‌ ده‌ژی و له‌ خه‌ڵك و ده‌ورووبه‌ر دوو ده‌كه‌وێته‌وه‌وم ده‌ڵێت:
منی بێ ماڵ
بێ ماڵتر بوومه‌
منی ته‌نیا .. ته‌نیاتر بویمه‌
منی یاخی ... یاخی تر بویمه‌
له‌شه‌قامی ته‌نیایی و یاخیبوون و وه‌رسبووندا
ئیتر تاقه‌تی هیچ شتێكم نه‌ماوه‌
تكا ده‌كه‌م ئه‌ی به‌فر...
به‌براده‌ره‌كانم بڵێ ....
من ئێستاكه‌ له‌وێم
له‌ ده‌قه‌شیعری(گوڵدانی ته‌مه‌ن ) كه‌ به‌یادی ٨٩ ساڵه‌ی مومتاز حه‌یده‌ریی نووسیوه‌و پێشكه‌شی ئه‌وی كردوه‌،ده‌ڵێت :
هه‌شتا ساڵه‌ ...
باران و ژین
خاك و خه‌ڵك
خه‌م و ئه‌وین
كه‌رسته‌و هاڕمۆنیای به‌رده‌وامی ته‌مه‌نه‌
هه‌شتا ساڵه‌ ....
له‌ یه‌كه‌مین ڕێگای له‌ دایكبوون و خۆناسین
تا كۆتایی ڕێگا داخراوه‌كان
شه‌قامه‌كان پڕن له‌ گوڵی وشه‌و
عه‌تری نووسین و ئیستاتیكیای جوانی
بۆیه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ته‌واوی شیعره‌كانی مامۆستا ئاری ئاغۆك، زۆر له‌وه‌ زیاتر و پانتاییه‌كی له‌وه‌ پتر هه‌ڵده‌گرێ، كه‌ له‌م گۆشه‌نیگا خێراییه‌وه‌ نه‌توانین مافی ته‌واوی پێ بده‌ین،ئه‌گه‌ر یه‌كه‌یه‌كه‌ پیاسه‌یه‌كی شیعرناسی تێدا بكه‌ین،له‌م دوا په‌یڤه‌دا وێرای ده‌سخۆشیم، بۆ ئه‌و كه‌ڵه‌ نووسه‌ره‌ گه‌نجه‌ هه‌ناسه‌ نه‌بڕاوه‌ كه‌ ماوه‌ ماوه‌،به‌ وشه‌ پرشنگدارو ملوانكه‌ شیعریه‌، پڕ هه‌سته‌ ناسكه‌كانی به‌سه‌رمان ده‌كاته‌وه‌ هیوای به‌رهه‌می جوان و جوانتری بۆ ده‌خوازم

كوردستان / كامران 

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.