Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 01:31

له‌ چه‌مچه‌ماڵ دیداری (دووه‌مین دیداری له‌تیف حامید بۆ چیرۆک ) به‌رێوه‌چوو

یه‌كێكه‌ له‌ئه‌دیب و ‌چیرۆكنووسه‌ به‌ناوبانگه‌كانی كوردستان
کوردستان TV
100%

به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حكومی سنوره‌كه‌ و چیرۆكنووسان و رۆشنبیران له‌هۆڵی رۆشنبیری چه‌مچه‌ماڵ (دووه‌مین دیداری له‌تیف حامید بۆ چیرۆك ) به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌ دوای چه‌ند ساتێك راوه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان، به‌ڕێوه‌به‌ری رۆشنبیری وهونه‌ری چه‌مچه‌ماڵ وتاری به‌خێرهاتن و دیداری پێشكه‌شكرد، دواتریش به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وتاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری پارێزگای سلێمانی پێشكه‌شكرد.

دواتریش سێ بابه‌ت له‌ لایه‌ن پ.ی.د. سامان عیزه‌دین، م.ی ئاسۆ عومه‌ر، نووسه‌ر و چیرۆكنووس سابیر ره‌شید ، له‌سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندنی چیرۆكه‌كانی دیداره‌كه‌ و ره‌هه‌نده‌كانی چیرۆك و ئینسكلۆپیدیای له‌تیف حامید پێشكه‌شكران. له‌كۆتایی دیداره‌كه‌ش بروانامه‌ی رێزلێنان به‌سه‌ر به‌شداربوواندا دابه‌شكرا. له‌و دیداره‌دا (10) چیرۆكی به‌شداربوو، له‌دووتوێی كتێبێكی (106) لا‌په‌ڕه‌یدا به‌ناوی (چیرۆك له‌دیداری له‌تیف حامید)دا،له‌سه‌ر ئه‌ركی كه‌سایه‌تی (نه‌وزاد حه‌سه‌ن ره‌زا) چاپكرابوو ، بڵاوكرایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی وێنه‌ و ده‌ست نووس و ئه‌رشیفه‌كانی له‌تیف حامید .

 له‌تیف حامید به‌رزنجی ، یه‌كێكه‌ له‌ئه‌دیب و ‌چیرۆكنووسه‌ به‌ناوبانگه‌كانی كوردستان، له‌ساڵی 1940 له‌ له‌چه‌مچه‌ماڵ له‌دایك بووه‌، به‌ ته‌مه‌نێكی كورته‌وه‌ ناوێكی گه‌وره‌ی بۆخۆی تۆماركرد و خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌ ئه‌ده‌ب و چیرۆكی كوردی كردووه‌، ئه‌و به‌ڕچه‌شكێنی پێوه‌ره‌ باوه‌كانی ده‌ق نووسین هه‌ژمارده‌كرێت و رابه‌رێكی دیاری چیرۆكنووسی سه‌رده‌مه‌، ڕچه‌ی كۆنی چیرۆكی كوردی شكاند و پێشه‌نگایه‌تی بۆ خۆی تۆماركرد، ساڵی 1962 دوای ته‌واكردنی زانكۆ له‌ به‌سره‌ ده‌بێته‌ مامۆستا و له‌ڕووی وه‌رگێڕانه‌وه‌ ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه‌ و بابه‌تگه‌لێكی زۆری وه‌رگێڕاوه‌، خوێنه‌وار و زمانزانێكی باش بووه‌ به‌شێكی زۆری هۆنراوه‌كانی (گۆران و حاجی قادر و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) و (چیرۆكه‌كانی سه‌دره‌دین عارف)ی وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و له‌ گۆڤار و رۆژنامه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بڵاوی كردۆته‌وه‌، له‌ژیانی خۆیشیدا 7 چیرۆكی نووسیوه‌، له‌ته‌مه‌نی 34 ساڵی و له‌22/2/1974 به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه‌ كۆچی دوایی ده‌كات و له‌ گۆڕستانی (شێخ محی الدین) كه‌ركوك به‌خاك سپێردراوه‌.

سه‌رچاوه‌/ رێگای كوردستان

كوردستان تیڤی/ كامران

 

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.