وەزارەتی پەروەردەی عێراق ژمارەیەك حاڵەتی تووشبوون بە مادەی هۆشبەری لە قوتابخانە ناوەندی و سەرەتاییەكان ڕاگەیاند و روونیكردەوە كە ئەم حاڵەتە مەترسییەكی یەكجار گەورەیە بۆ سەر كۆمەڵگە و لەمبارەوە دەستی بە هەڵمەتێكی هۆشیاری بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە قوتابخانەكان كردووە
بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە ڕۆژنامەی العربی الجدیدی ڕاگەیاند، چەند حاڵەتێكی نامۆ و سەیرمان بۆ ئاشكرا بووە، كە لە هەندێ قوتابخانە دیاردەی كێشانی هۆشبەرەكان بوونی هەیە و قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی و تەمەن 10 ساڵ ئاڵوودەی مادەی هۆشبەر بوون و بە بەردەوامی ماددە هۆشبەرەكان دەكێشن، ئەو حاڵەتانەش بە پشكنینی پزیشكی یەكلایی بوونەتەوە
دوای لێكۆڵینەوە بۆمان دەركەوت كە هەندێ لایەن هەن و دەیانەوێ هۆشبەرەكان لە ناو قوتابخانەكان بڵاو بكەنەوە، بۆ ئەوەی بە تەواوی شیرازەی كۆمەڵگا و پرۆسەی خوێندن تێك بدەن، وەزارەتی پەروەردەیش وەك وەڵامێك بۆ ئەو هەوڵانە دەستی بە هەڵمەتێكی هۆشیاری لە قوتابخانەكان كردووە، تا منداڵان لە هۆشبەرەكان دوور بخاتەوە.
باوكی قوتابییەك بە هەمان سەرچاوەی راگەیاندووە كە بەرپرسیاری سەرەكی دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە و روونیكردەوە كە ئێمە منداڵەكانمان دەنێرینە قوتابخانە تا فێری خوێندن و كاری باش و ڕەوشتی بەرز بن، نەك تووشی هۆشبەرەكان بكرێن، ئەمە ترسی لە دڵی ئێمە دروست كردووە و پێویستە ڕێوشوێنی بە پەلەی بۆ بگیرێتەبەر
سوهێل تاهیر : كوردستان تیڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.