ئەمڕۆ سێشەممە 19-2-2019، حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، چەکدارانی داعش جارێکی دیکە لە سووریاوە دزەیان کردووەتە ناو خاکی عێراق و رفاندنی هاووڵاتییانیش لەلایەن چەکدارانی داعشەوە زیادی کردووە.
ناوبراو داوای لە هێزە ئەمنییەکان و سوپای عێراق کردووە بە زووترین کات پلانی رزگارکردنی رفێندراوەکان و دەستگیرکردنی ئەو چەکدارانەی داعش، دابڕێژن.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش 7 كەسیان لە ناوچەی نەخیبی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار رفاند، ئەمەش دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەكی تری هاووڵاتیانی عێراقی لە سنووری هەمان پارێزگادا رفاندبوو.
سەرچاوە ئەمنییەكانی ئەنبار بە میدیاكانی عێراقیان راگەیاندووە كە داعش 7 كەسی لە ئەنبار رفاندووە و بەرەو شوێنی نادیاریان بردوون.
چەكدارەكانی داعش 7 كەسەكەیان لەسەر ڕێگەیەكی خێرا لە نەخیب لە باكووری رۆژئاوای ئەنبار رفاندووە، هێزە ئەمنیەكان لەمبارەیەوە دەستیان بە گەڕان بەدوای رفێندراو و رفێنەرەكاندا كردووە.
ڕۆژی یەكشەممەی رابردوو، چەکدارانی داعش 13 کەسیان لە دەشتاییەکانی ڕاوە و حەدیسە لە سنووری ئەنبار ڕفاندبوو، ڕۆژی ھەینییش چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش 8 کەسی تریان لە کاتی کۆکردنەوەی دۆمبەڵاندا لە بیابانەکانی سنووری پارێزگای ئەنباردا رفاندبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.