Erbil 10°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 23:51

شوێنه‌واره‌ مێژوویی و کولتوورییه‌کانی مووسڵ و به‌سڕه‌ نۆژه‌ن ده‌کرێنه‌وه‌

رێككه‌وتننامه‌یه‌كی پێشكه‌شكردنی هاوكاریی له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و عێراق واژوو كرا
کوردستان TV
100%

رێككه‌وتننامه‌یه‌كی پێشكه‌شكردنی هاوكاریی له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و عێراقدا به‌ بڕی ٤١ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار دۆلار به‌مه‌به‌ستی بووژاندنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌هۆی تیرۆره‌وه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ و خزمه‌تگوزاریی گشتییان نییه‌، واژوو كرا.

له‌ رێوڕه‌سمی واژووكردنی رێككه‌وتننامه‌كه‌دا كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق سازكرا، وه‌زیری پلاندانان، نوری ناتق دلێمی و باڵیۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، رامۆن بلێكوا به‌شدارییان كرد.

له‌میانی گوتارێكدا نوری ناتق دلێمی باسی له‌وه‌كرد، به‌هۆی ئه‌و هاوكارییه‌ی كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پێشكه‌شی ده‌كات له‌ به‌سڕه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جددیی له‌رووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ پشتگوێخراوه‌، ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی گه‌شه‌پێدان ئه‌نجامده‌درێن و سوپاسی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیشی كرد بۆ درێژه‌دان به‌ هاوكارییكردنی عێراق له‌ رووی داراییه‌وه‌.

لای خۆشییه‌وه‌، رامۆن بلێكوا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌، ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ له‌رێگای واژووكردنی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ ئابووری عێراق به‌هێزبكه‌ن و هه‌لی نوێی كاركردن بڕه‌خسێنن.

بلێكواگوتیشی: "ئه‌م هاوكارییه‌، به‌سڕه‌ و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ پێویستیان به‌ هاوكاری هه‌یه‌. نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌تایبه‌تی پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی ده‌بێت له‌باره‌ی ره‌خساندنی هه‌لیكاری نوێ و پشتگیریكردنی حكوومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان له‌وباره‌وه‌. ئێمه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، جگه‌ له‌و شوێنانه‌ی له‌تیرۆر رزگاركراون، له‌ شاره‌كانی باشووری ئه‌و وڵاته‌ش پڕۆژه‌ی هاوكاری و بووژاندنه‌وه‌مان ده‌بێت.

به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌، شوێنه‌واره‌ مێژوویی و كولتوورییه‌كانی مووسڵ و به‌سڕه‌ كه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، سه‌رله‌نوێ نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وه‌ و، له‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری مووسڵدا پشتگیری دارایی هه‌ندێك پڕۆژه‌ی كشتوكاڵ و گه‌شه‌پێدان ده‌كرێت و، هه‌لی كار بۆ گه‌نجان ده‌ڕه‌خسێندرێت.

هاوكات پارێزگاری به‌سره‌ ئه‌سعه‌ ئیدانی ئاماده‌ی رێوڕه‌سمی واژووكردنه‌كه‌ بوو.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.