بەپێچەوانەی نوری مالکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی بە ھۆی ئەو ئەنجامە لاوازەی کە ئیئتلافەکەی بەناوی "نەسر" لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ بەدەستیھێنا لەگەڵ شکستھێنانی لە پێکھێنانی ھاوپەیمانییەتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، نەیتوانی بۆ خولی دووەم ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، حەیدەر عەبادی رەتیکردەوە، ئەو ھۆکارانە ئاشکرا بکات کە بە ھۆیانەوە چالاکی سیاسی کەمبووەتەوە، بەڵام تەنھا ئاماژەی بەوەدا کە بە ھۆی ئەجندا دەرەکییەکانەوە، چالاکی سیاسیی کەمبووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە ھەر لەبەر چەند ھۆکارێک، بۆ خولی دووەم نەبووە بە سەرۆکوەزیران و کە کاتی ھات، ھەموو ئەو ھۆکارانە ئاشکرا دەکات.
حەیدەر عەبادی کە سەرۆکایەتی ئیئتلافی نەسر دەکات گوتی: "بەفەرمی خۆم کاندید نەکردبوو، بەڵکو کاندیدی ئیئتلافی نەسر بووم لە کاتێکی درەنگدا، بڕیاریم دا لە ھەڵبژاردنەکاندا، بەشداریی بکەم".
سەرۆکی ئیئتلافی نەسر لە ھەمان کاتدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە سوورە لەسەر ئەوەی لە داھاتوودا جارێکی دیکە رکابەری بکات لەسەر بەدەستھێنانەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران و لەوبارەیەوە گوتی: "بەڵێ بەھەموو بڕاوەیەک دەڵێم، دید و ئیرادە و ئەزموونێکی سەرکەوتووم ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات کە خەم و چارەنووسمان بووە، بەھیچ شێوەیەکیش لە شەڕی بنیاتنانەوەی وڵات و سەرکردایەتیکردنی راناکەم".
حەیدەر عەبادی گوتیشی: "ئەوەی زیاتر بەلای منەوە گرنگ بوو لەو کاتەی سەرۆکوەزیران بووم، دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە بوو کە داعش کۆنتڕۆڵی کردبوو، ھەروەھا دۆسییەکانی سیاسی، ئابووری و سەروەریی بەباشترین شێوە بەڕێوەببم".
ــ ھەڵوێستی لەھەمبەر حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی
حەیدەر عەبادی ھەڵوێستی خۆی لەھەمبەر حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی راگەیاند و گوتی: "ھاوکیشە سیاسییەکان کە حکوومەتی نوێی لێکەوتەوە، ناڕوون و دژبەیەک بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدەوارەم حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی سەرکەوتوو بێت و پشتیوانی لێ دەکەم، وێرای ئەوەی تیادا بەشدارنیین".
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق ئەوەشی گوتی: "پرسەکە ئەوەندی پەیوەندی بە پێوەرەکانەوە ھەیە پەیوەندی بە کەسەکانەوە نییە و لەسەر لایەنە سیاسییەکان پێویستە دۆسییەکانی ئاسایش، سەروەریی تەنانەت رۆشنبیری و فێرکردن لە گرژی و ناکۆکییەکان دوور بخەنەوە، خۆشیان لە سیستەمی گرێبەستی پشکپشکێنە و تێپەڕاندنی خواستەکانی بیانی بەدوور بگرن".
ھەروەھا حەیدەر عەبادی رایگەیاند کە ئاواتەخوازە حکوومەتی نوێ جەنگی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە یەکجارێکی تەواو بکات و جەختیکردەوە کە لەوبارەیەوە پشتیوانی لە حکوومەت دەکات و گوتی: "تیرۆر سەرچاوەی ھەڕەشە و مەترسییە بۆسەر ھەمووان ".
سەرۆکی ئیئتلافی نەسر گوتیشی: "شەری دژبە تیرۆر لەڕووی ئەمنی، سەربازیی، ھەواڵگری، سیاسی، ئابووری و تەنانەت لەسەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەڵەتیش، تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئیدارە و توانای حکوومەت".
حەیدەر عەبادی ئەوەشی گوت "ئەوەی دەیەوێت سەرکەوتوو بێت لە شەڕی دژبە تیرۆر، دەبێت خاوەنی دید، ئیرادە و سیاسەتێکی باش بێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە سروشت، ئاڵۆزی و ھاوسەنگی شەڕەگە تێ بگات".
ــ لادان و خۆدزینەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی کە لەبارەی لادان و خۆدزینەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی خراونەتە پاڵی، حەیدەر عەبادی گوتی: "بەپێچەوانەوەی تۆمەتەکان کە لەبارەی لادان و خۆدزینەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی خراوەنەتە پاڵم کە چی لە حکوومەتی مندا، ھەشت وەزیر و دەیان بریکاری وەزیر و سەدان خاوەن پلە تایبەتەکان بەتۆمەتی گەندەڵی رەوانەی دادگا کران، ھەروەھا ژمارەیەک بڕیارمان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی دەرکرد".
سەرۆکوەزیرانی پێشوو گوتیشی: "لە بنبڕکردنی گەندەڵی سەرکەوتوو نەبووین، چونکە سیستەمی سیاسی، کارگێڕی و رۆشنبیری پێویستی بە یەکگرتوویەکی گشتگیر ھەیە".
حەیدەر عەبادی ئەوەی وەبیرهێنایەوە "ھەموومان دەزانن کە لە مانگی تەمووزی ٢٠١٥، دەستمانکرد بە کۆمەڵێک چاکسازی کە لە میاندا، مووچەی ھەر سێ سەرۆکایەتییەکە بەڕێژەی ٥٠ لەسەدا و مووچەی بریکاران و راوێژکاران بەڕێژەی ٤٠ لەسەدا و مووچەی فەرمانبەرانی سەرۆکایەتییەکان بەڕێژەی ٣٠ی لەسەدا کەمکرانەوە".
ئەو گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٦دا، بەھەمان شێوە لە چوارچێوی چاکسازییەکاندا، مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران نیواونیو لەگەڵ ژمارەی پاسەوانەکانم کەمکردەوە، بۆیە لێرەوە دەڵێم لەبەر ئەم ھەنگاوە من کەسێکی شیاو پەسەند نیم لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەران-ەوە".
حەیدەر عەبادی تەمەن ٦٧ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٤دا بوو بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لایەنگرانی وای لەقەڵەمدەدەن توانی لە میانی حکومڕانیکردندا، شکست بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش بھێنێت دوای ئەوەی رێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ٢٠١٧ یەک لەسەر سێی رووبەری خاکی عێراقی کۆنتڕۆڵکردبوو.
سهرچاوه -AA
دانانى ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.