فەرماندەیەکی میلیشیای حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ دووشەممە رایگهیاند، کە داخستنی بارەگا ساختەکانی میلیشیاکەیان لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی عادل عەبدولمەھدی سهرۆك وهزیرانی عێراق بووە. ئاشکراشی کرد، کە 100 بارەگای دیکە بەم نزیکانە دادەخرێن.
موعین کازمی، فەرماندە لە میلیشیای حەشدی شەعبی، ڕایگەیاند: لەساڵی پارەوە حەشدی شەعبی دەستی بە جەردکردنی بارەگاکانی کردووە، ھۆشداریشی دایە ژمارەیەک بارەگا کە بەناوی حەشدەوە کراونەتەوە، بۆیە بەشێکیان بارەگاکانیان داخست، بەڵام بەشێکیان تائێستاش ماونەتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، داخستنی چەند بارەگایەک لە بەغدا کە لە ڕۆژانی ڕابردوو ئەنجام درا، لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکی حکوومەتی فیدڕاڵ بووە.
ئاشکراشی کرد، کە زیاتر لە 100 بارەگای دیکەی ساختە بەناوی حەشدی شەعبییەوە کراونەتەوە و بەم نزیکانە سەرجەمیان دادەخرێن.
ڕۆژی 7ی شوباتی ڕابردوو، ھێزە ئەمنییەکان و ھێزەکانی سەر بە میلیشیای حەشدی شەعبی، ئەوس خەفاجی، فەرماندەی ھێزەکانی “ئەبو فەزڵ عەباس”یان دەستگیر کرد. دواتر ئەوە ڕاگەیاندرا، دەستگیرکردنی ئەو فەرماندەیە، بەھۆی ئەوەوە بووە کە ئامادە نەبووە بارەگاکەی دابخات.
ھەر لەناو شاری بەغدا، سێ بارەگای دیکەی ساختەی میلیشیای حەشدی شەعبی داخران و کەسێک بەتۆمەتی ئەوەی پلەی لیوا ڕوکنی بەساختە بەست بوو، دەستگیر کرا و ، لەناو بارەگایەکیش دەست بەسەر خواردنەوە کحوولییەکاندا گیرا.
سهرچاوه: dangepeshmarga
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.