Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 05:59

ساڵح قەلاب: پەکەکە دەبێتە بۆمبی شەڕی نێوان ڕووسیاو تورکیا

ساڵح قەلاب: ناوبراو باس لە ڕۆڵی پەکەکە لە قەیرانی سووریا و ناوچەکە دەکات
کوردستان TV
100%

نووسەرێکی دیاری عەرەب کە پێشووتر وەزیری رۆشنبیری ئوردن بووە، لە وتارێکیدا باس لە ڕۆڵی پەکەکە لە قەیرانی سووریا و ناوچەکە دەکات و جەخت دەکاتەوە کە لە کۆتاییدا ئەو حزبە دەبێتە بۆمبی جەنگی نێوان تورکیا و ڕووسیا.

ساڵح قەلاب، لەبارەی دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانەوە لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاوبووەتەوە، نووسیویەتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی پێکھێنانی لێژنەی نووسینەوەی دەستوور، کە پەیوەستە بە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا، ئەوە ڕوونە کە ھیچ ترووسکاییەک لە کۆتایی توونێڵە تاریکەکەدا بەدی ناکرێ".

ئاماژەی بەوەش داوە، پلانێک ھەیە بۆ لێکتێگەیشتن لەنێوان ڕووسەکان و ئیسرائیل، ھاوکات ”بێدەنگییەکی ترسناک“ لەلایەن تورکەکان و ڕژێمی بەشار ئەسەد بۆ دەرکردنی ئێرانییەکان لە گۆڕەپانی سووریا بەشێوەیەکی یەکجارەکی و بەھەموو ھێز و میلیشیاکانیانەوە ھەیە. لە بەرامبەریشدا ئێرانییەکان ئەو پلانە ڕەت دەکەنەوە و ڕووبەڕووی دەبنەوە.

وەزیری پێشووتری ئوردن، لەنووسینەکەیدا باسی لە نەتەوەی کورد کردووە و نووسیویەتی: "لەژێر ڕۆشنایی ئەو ھەموو ئاڵۆزییانە و لەچوارچێوەی ئەو چارەسەرەی داڕێژراوەتەوە، ئەوانەی سەرەداوی چارەسەریان بەدەستەوەیە باش دەزانن، قەیرانەکە تا درێژە بکێشێت، ئاڵۆزتر دەبێت، دەشزانن کە کورد لە عێراق و سووریا و ئێران و تورکیا، بەژمارەیەکی گرنگی ھاوکێشەکە دەمێننەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ڕێکەوتنی «ئەدەنە»ی سووری - تورکی کە لە ساڵی ١٩٩٨ واژۆ کراوە، دووبارە دەخرێتەوە بەر باس بۆ ئەوەی کێشەی سنوورەکانی پێ چارەسەر بکەن کە ئەردۆگان بۆ پاراستنی سنوورەکانی داوای دەکات".

ساڵح قەلاب، باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ١٩٧٨، یەکێتیی سۆڤیات بەڕێککەوتن لەگەڵ حافز ئەسەد لە گەرمەی جەنگی سارددا، پارتی کرێکارانی کوردستانی بەسەرۆکایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دروست کرد، ئامانجیش لێی دژایەتیکردنی تورکیا بوو، ئەوکات ئەنقەرە بەشێک بوو لە ناتۆ و ڕووبەڕووی سۆڤیات دەبووەوە، بۆیە ئەوە پرسێکی گرنگە و ڕووسیا بەچاوی گرنگییەوە تەماشای دەکات و ئەمریکاش دەیپارێزێت، وەک قەلاب ئاماژەی پێ داوە.

ڕوونیشی کردووەتەوە، دەرئەنجام پەکەکە ڕووی کردە شاخەکانی قەندیل، کە پێشتر مەلا مستەفای بارزانی فەرماندەیی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی تێدا دەکرد: "ئەوەی لێرەدا مەبەستە، پارتی کرێکارانی کوردستان- تورکیا، بەپێی ڕێککەوتنی ئەدەنە لەناو نەبرا، بەڵکوو ڕووی کردە شاخەکانی قەندیل و چەکدارەکانیشی چوونە زەوییەوە وەک دەگوترێت، ئەوەش بە پێکھێنانی ھێزەکانی سووریای دیموکراسی".

ساڵح قەلاب، ئاشکرای کردووە: "ڕووسەکان و بەشار ئەسەد ناسنامەی (داعش)بوونیان بەو گرووپانە بەخشی، چونکە لەزۆر چالاکیدا بەکاریان ھێنان، بەتایبەت لە بەئامانجکردنی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ساڵی ٢٠١٦ کە وای کرد، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا بەھەموو حیساباتەکانی خۆیدا، بچێتەوە و تائێستا ژمارە قورسەکەی پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و تورکیا لەسەر ئاستی دەوڵەت و پەیوەندییەکانی ئەردۆگان و پوتین وەک سەرۆک، ئەمە جگە لە قەیرانی سووریا و ھەروەھا ناوچەکە بەگشتیی".

جەختیش دەکاتەوە کە ڕووسیا بڕیاردەری یەکەمە لە سووریا، بەتایبەت لەدوای دەرکردنی ئێران و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، بۆیە بەدڵنیاییەوە ڕوو دەکەنە تورکیا کە بە دوژمنی مێژوویی و سەرسەختی خۆیانی دەزانن، بەتایبەت لەم سەردەمی "ئیمپراتۆرییەت"ـە کە ئەردۆگان دەمارێکی "عوسمانی" و دەمارێکی "ئیخوانچی" تێدایە، : "ئەمەش وادەکات زیاتر پشت بە پەکەکە ببەستن و لەلایەن ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا و ھەروەھا بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، بوونیان بەپێویست دەزانرێـت".

لە کۆتاییدا ئەو وەزیرەی پێشووی ئوردن دووپاتی کردووەتەوە: "پەکەکە دەبێتە ئەو بۆمبەی جەنگی ڕووسیا- تورکیا دەتەقێنێتەوە، چونکە ڕووسیا ڕێگە نادەن ئەو وڵاتە ئیسلامییەی کە یەکێکە لەدامەزرێنەرانی پەیمانی ناتۆ، بەو ھەموو بەھێزییەوە بمێنێتەوە و ئەو ڕۆڵە گەورەی لەناوچەکەدا ھەبێت، کە ڕەنگە بگات بەو وڵاتە ئیسلامییانەی پێشتر لە چوارچێوەی یەکێتی سۆڤیەت بوون".

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.