Erbil 31°C دووشەممە 19 تشرینی یەکەم 18:51

پڕۆژەی ڕووناکی: لێخۆشبوون بۆ زیاتر لە 400 ملیار دیناری قەرزی کارەبا کراوە

100%

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماری کۆتایی هەڵمەتی داشکاندنی قەرزی کارەبایان ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند، حکوومەتی هەرێم لە میانی ئەو هەڵمەتەدا لێخۆشبوونی بۆ زیاتر لە 403 ملیار دیناری قەرزی کۆنی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەکە کردووە، بەوەش لە ئێستادا زیاتر لە 70٪ی هاوبەشانی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هیچ قەرزێکی کۆنیان لەسەر نەماوە و هەژمارەکانیان پاکتاو کراوە.

بەپێی داتاکان، هەڵمەتەکە کە داشکاندنی تا 50٪ی لەخۆگرتبوو لە 3ی مانگی ئابەوە دەستی پێکرد و تاوەکو 18ی مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام بوو، تێیدا 951 هەزار و 98 هاوبەش سوودمەند بوون. لە بەرامبەر لێخۆشبوونی 403 ملیار و 130 ملیۆن دینار لەلایەن حکوومەتەوە، بڕی 500 ملیار و 610 ملیۆن دینار وەک قەرزی کۆن لە هاوبەشان کۆکراوەتەوە. ئەم داهاتە کۆکراوەیەش لەگەڵ داهاتی خودی پڕۆژەی ڕووناکی بەکارهاتووە بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە خەرجییە گەورەکانی کەرتی کارەبا، کە لە ئێستادا مانگانە تێچووەکەی زیاتر لە 350 ملیار دینارە.

وەزارەتی کارەبا ڕوونیکردووەتەوە ئەو هاوبەشانەی کە تاوەکو ئێستا قەرزی کۆنیان لەسەر ماوە و لە دەرفەتی داشکاندنەکە سوودمەند نەبوون، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی قەرزەکانیان دەکرێتە قیستی درێژخایەن و دەخرێتە سەر پسوولەی مانگانەی کارەباکەیان بەبێ ئەوەی هیچ داشکاندنێک بیانگرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە سایەی پڕۆژەی ڕووناکی کە لە کۆتایی ساڵی 2024ـەوە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 90٪ی هاووڵاتییانی کوردستان بوونەتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێریی بەردەوام. هەروەها بەپێی سیستەمی نوێی نرخەکان، 80٪ی هاووڵاتییان، بەتایبەت چین و توێژە کەمدەرامەتەکان، بە بەراورد بە تێچووی پێشووی مۆلیدە ئەهلییەکان و کارەبای نیشتمانی پارەیەکی کەمتر دەدەن و کارەکانیش بەردەوامن بۆ ئەوەی تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای بەردەوام بگاتە سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.