بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا دەستگیرکردنی ئەو پارێزەرەی ڕاگەیاند کە دوێنێ لەناو بینای دادگای بەرایی هەولێردا دەمەقاڵێی لەگەڵ پارێزەرێکی دیکە دروست کردبوو و پاش ڕاکێشانی چەک لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتبوو.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی هەولێر، کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەم، لەناو دادگای هەولێر دەمەقاڵێ لە نێوان دوو پارێزەر بە ناوەکانی (ی. ز. م) و (س. ع. ح) دروستبووە، وێڕای ئەوەی ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیسی دادگا دەستبەجێ هەوڵی هێورکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی بابەتەکەیان داوە، بەڵام یەکێک لە پارێزەرەکان بە ناوی (ی. ز. م) دەمانچەی ڕاکێشاوە و دەستبەجێ لە دادگاکە هەڵاتووە.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە لە درێژەی بەدواداچوونە ئەمنییەکاندا، ئەمڕۆ توانراوە ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکرێت و ڕەوانەی یاسا بکرێت. هاوکات پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و لە ئێستادا بەپێی ماددەی 31/406 لە یاسای سزادانی عێراقی بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان لە بەرامبەریدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.