بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گرتەیەکی ڤیدیۆی نێوان خۆی و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە پێکەوە لەگەڵ ترەمپ هەڕەشەی ئێران بۆ هەمیشە لەناودەبەن، ئەمەش پاش ئەوە دێت ترەمپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانیی فەرمیی خۆی بۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیاند.
نەتانیاهۆ لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "X" جەختی لەوە کردەوە کە ئەو و هاوڕێکەی دۆناڵد ترەمپ دەتوانن بە یەکگرتوویی کۆتایی بە مەترسییەکانی تاران بهێنن. نەتانیاهۆ لە گفتوگۆکەیدا ڕوو لە ترەمپ دەکات و دەڵێت، گەلی ئەمەریکا دەبێت ئەوە بزانن کە تۆ بەرامبەر گەورەترین مەترسی ڕاوەستاویت کە هەڕەشە لە جیهان و ئەمەریکا دەکات ئەویش دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمییە لەلایەن ئێرانەوە، هەروەها دووپاتیشی کردەوە کە بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە ڕوودانی سیناریۆیەکی لەو شێوەیە نادەن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە فراوانکردنی پرۆسەی ئاشتیی ناوچەکەش کرد و ڕایگەیاند کە دەتوانن ڕێککەوتننامەی ئیبراهیم بە سەرپەرشتیی ترەمپ زیاتر بەرەوپێش ببەن، چونکە هەماهەنگییەکانی نێوانیان سەلماندوویەتی توانای ئەنجامدانی دەستکەوتی مەزنیان پێکەوە هەیە. لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ ستایشی پێگەی نەتانیاهۆی کرد و پێی ڕاگەیاند: ''تۆ جەنگاوەرێکی مەزنیت و بەمزووانە ئەمە دەسەلمێنین، بیبی تۆ ئەو کەسەیت کە دەمەوێت لە تەنیشتمدا بێت''.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.