ئەندامێکی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە وتارێکیدا باس لەوە دەکات، کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پیلانەکانی گۆڕینی دیموگرافی کەرکووک و هەوڵەکانی تێکدانی شیرازەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە، نانەوەی ئاژاوە و پشێوی، دیاردەی دزینی نەوت و گەندەڵکاریی، شارەکەیان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت کردۆتەوە و ئەمەش بە کارەساتەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ناو دەبات.
شێخ ڕیاز محەممەد دانوک ئەلعوبێدی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە وتارەکەیدا بە ناوونیشانی ” بەبێ مەسعود بارزانی کێشەی کەرکووک چارەسەر نابێت“، کە لە هەفتەنامەی ”گوڵان“ بڵاو کراوەتەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە بە درێژایی مێژوو ناکۆکی لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکووکدا نەبووە، کەچی هەنووکە هەندێ لایەن لەگەڵ لایەنە سیاسییە عەرەبی و تورکمانییەکان لەپێناو وەدیهێنانی دەسکەوتی تایبەت و بەرژەوەندیی تەسکدا هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی دهدهن و لە ناو ئاوی لێڵ مەلە دەکەن.
ئەلعوبێدی نووسیویەتی" ئەو لایەنانە بە هۆی لەشکری گەندەڵکار، بەقاچاخبردنی نەوت بە تانکەرو گۆڕینی دیمۆگرافیی شاری کەرکووک، شارەکەیان خستۆتە ناو ئاژاوە و بێسەروبەریی ئابووری و دۆخی دەروونیی خەڵکیشیان تێکداوە.
ئەندامە عەرەبەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، تیشک دەخاتە سەر پیلان و هەنگاوە مەترسیدارەکانی ئەو لایەنە سیاسییانە لە شارەکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، لەوانەش (زێدەڕۆییکردنە سەر زەوی و زاری خەڵک و موڵکی گشتی، هێنانەوەی بە بەرنامەی خێزانە عەرەبەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق وەک پیلانی گۆڕینی دیمۆگرافی و گەڕاندنەوەی دۆخی شارەکە بۆ پێش ٢٠١٣، هێنانی بە ئەنقەستی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو شارەکە و ڕەواجپێدانی لەناو چین و توێژەکاندا، ڕاوەدوونان و دەستدرێژیکردنەسەر و پەلاماردانی خەڵک و تیرۆرکردنی کادیرانی پارتی، لە ڕێگای ئەو دەستە و گرووپانەی، کە ئەلعوبیدی لە وتارەکەیدا بە ” تاقمی گومڕا و بەکرێگیراو“ ناوی بردوون.
لە شوێنێکی دیکەی وتارەکەیدا، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و سەقامگیریی سیاسی و بەرقەرارکردنەوەی ئاسایش و دڵنیایی بۆ خەڵک، ئەنجامدانی دانیشتن و دیالۆگی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە و گەڕاندەوەی دۆخی شارەکە بۆ پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر بە پێویست دەزانێت و لەوەشدا پێیوایە دەبێ ” ئەم دیالۆگە بە سەرۆکایەتیی کاک مەسعود بارزانی بێت“.
دواجار ئەلعوبێدیی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەنووسێت" بەردەوامیی ئەو دۆخە شڵەژاو و نایاسایی و نادەستوورییە، جگە لەوەی بە سوود و قازانجی هەندێ لایەن دەشکێتەوە، هاوکات دواکەوتنی چارەسەرکردنی ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەکات و ڕەنگە ئەنجامی خراپتریشی بەداوادا بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.