گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، حزبەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکوومەت ڕێککەوتووە و چەند گرفتێکی کەم ماوە کە چارە دەکرێن.
سەعدی پیرە لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاندووە، کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە دڵنیایە لەوەی کۆبوونەوەکە لە کەشێکی سیاسیی برایانە بەڕێوە دەچێت، بەڵام داوای لە کادیرانی هەردوولا کردووە، لە قسەکانیان وردتر بن و هەوڵ بدەن گرژیی سیاسی کەم بکەنەوە.
هەر لەو لێدوانەیدا، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی ڕایگەیاندووە" پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی پێکهێنانی حکوومەت ڕێککەوتوون و چەند گرفتێکی کەم هەن و چارەسهر دەکرێن، لە بارەی کەرکووک و بەغداش هەوڵدەدەین بۆچوونمان یەک بێت و پارتی و یەکێتی ڕێگەی بەردەمیان دۆزینەوەی چارەسەری ئەو پرسانەیە.
بڕیاربوو ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ١ی ٢٠١٩ کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی بەڕێوە بچێت، بەڵام دواتر سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند، کە بەهۆی ئەوەی بەشێک لە ئەندامانی شاندەکەیان ئامادە نەبوون، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای یەکێتی دواخراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.