حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق رێككه‌وتوون له‌سه‌ر پێكھێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی ده‌ستی تیرۆر.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان نوێنه‌رانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌ھیدان و ئه‌نفالكراوان له باره‌ی پرسی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی ده‌ستی تیرۆر ئه‌نجامدرا و تیایدا به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی قوربانیانی تیرۆر له ده‌زگای شه‌ھیدانی عێراقی فیدڕاڵ، تاریق مه‌نده‌لاوی و نوێنه‌ری ئه‌میندارییه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، محه‌مه‌د قاسم و بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌ھیدان و ئه‌نفالكراوان، به‌ره‌ڤان حه‌مدی به‌شداربوون.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، به‌ره‌ڤان حه‌مدی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند كه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی رێككه‌وتوون بۆ پێكھێنانی لیژنه‌یه‌ك له ھه‌رێمی كوردستان كه له نوێنه‌ری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی، ناوخۆ، كاروباری شه‌ھیدان، ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و نوێنه‌ری پارێزگاكان پێكدێت.
به‌ره‌ڤان حه‌مدی گوتیشی: له دوو رۆژی رابردوودا ئێمه له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به بانگهێشتێكی فه‌رمی داوامان له ده‌زگای شه‌هیدانی فیدڕاڵ كرد كه تیمێك بنێرن به مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر یاسای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندانی كرده‌وه سه‌ربازییه‌كان، هه‌ڵه سه‌ربازییه‌كان و كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان كه یاسای ژماره ٢٠ ساڵی ٢٠٠٩یه. ئه‌م یاسایه له ساڵی ٢٠١٥ هه‌مواركراوه‌ته‌وه، دیاره ئه‌م یاسایه كۆن بووه له عێراقدا و لیژنه‌ی بۆ دامه‌زراوه، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كان وه‌كو پێویست و ههماههنگیكردنه به‌پێی ئه‌و گرفتانه‌ی له رابردوودا هه‌بووه به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسه داراییه‌كان".
بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان راشیگه‌یاند كه ئه‌مڕۆ له چوارچێوه‌ی یاسادا، یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتن له نێوان وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ده‌زگای شه‌هیدانی عێراق واژووكراوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و پارێزگاری هه‌ولێردا هه‌بێت.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه په‌رله‌مانی عێراق له چوارچێوه‌ی بووجه‌ی ٢٠١٩دا، بڕه پاره‌یه‌كی دیاریكراوی جێگیركردووه و له ھه‌فته‌كانی داھاتوودا لیژنه‌كان ده‌ستبه‌كارده‌بن و ئه‌وكات بڕی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه دیاری ده‌كرێت.
بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌ھیدان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌ھه‌ڵه‌ی سه‌ربازییه‌وه كوژراون و ئه‌وانه‌شی له شه‌ڕی تیرۆر شه‌ھیدبوون و ئه‌و كه‌سانه‌شی كه به ھۆی شه‌ڕی تیرۆره‌وه زیانی ماددییان به‌ركه‌وتووه قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.