Erbil 18°C چوارشەممە 05 شوبات 13:57

سەرۆک بارزانی: مەترسییەکانی داعش لە عێراق و سووریا هەر ماون

لەڕووی سەربازییەوە تێكشكاون
کوردستان TV
#7
100%

ڕۆژی چوارشەممە 30ـی 1ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی یەكێتیی ئەوروپا كرد كە پێكهاتبوو لە جێن كریستۆڤ بێڵاڕد جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری سیاسی و ڕامۆن بلیكۆ باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و كلاریس پاسۆری بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوروپا لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری سیاسی وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئەوەی خستەڕوو كە كەشێكی ئیجابی لە نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و یەكێتیی ئەوروپا سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و باشتربوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا بەلاوە گرنگە.

پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری سیاسی ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان لەسەر ڕێگەیەكی دروست هەنگاو دەنێت و هیوای خواست كە هەرێم ببێتە نموونەیەك بۆ شوێنەكانی تری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جەختیشی لەوە كردەوە كە یەكێتیی ئەوروپا ئامادەیە بۆ یارمەتیدان و هاوكاری و پێدانی ڕاوێژ بە هەرێمی كوردستان لەبوارەكانی كارگێڕی و چاكسازی و داراییدا.

هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ئاساییشی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قوربانیدانی خەڵكی كوردستان لە شەڕی تیرۆر ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەوە پێشمەرگە بوو كە بە قارەمانێتی و گیانفیدایی ئەفسانەی داعشی شكاند. ڕایشیگەیاند كە داعش لەڕووی سەربازییەوە تێكشكاوە بەڵام مەترسییەكانی لە عێراق و سووریادا هەر ماوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و ئاییندەی گەلی كورد لەو وڵاتە و سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەبارەی ئاییندەی كورد و هەروەها بۆچوون و پێشنیارەكانی لەبارەی چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەكانی گەلی كورد لە سووریا و پێشهاتە تازەكان بە شاندی میوان گەیاند.

sarok

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.