كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە كێشەی كورد لەگەڵ بەغدا لەسەر خاكە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە 29 ی كانوونی دووەمی 2019، كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئامادەبوونی ئەحمەد كانی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی دوو و فارس قادر ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و محەمەد خەلیل و ئاریان سەڵاحەدین كارگێڕانی لقی دوو، لەگەڵ هەڤاڵانی پارتی كۆبوەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كاكەمین نەجاڕ باسی هەلومەرجی ناوچەكەی كرد كە ڕووەو گۆڕانكاری خێرا هەنگاو دەنێت و بەپێویستی زانی لەو بارودۆخەدا گەلی كوردستان یەكڕیز و تەبا بن و قۆناغەكە تێپەڕینن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا كاكەمین نەجار باسی سێكتەرەكانی تەندروستی و پەروەردەی كرد وەك دوو سێكتەری خزمەتگوزاری گرنگ و گوتی:"پێویستە سێكتەری پەروەردە پێش بخرێت و لە سێكتەری تەندروستیش خزمەتێكی باشتری هاوڵاتیان بكرێت،لەبارەی پلەی دامەزراندنیش بە پێویستی زانی كەرتی تایبەت بە هاوكاری حكومەت دەرفەت و هەلی كار بۆ گەنجان دابین بكات.
بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێری پارتی جەختی لەوە كردەوە پارتی دیموكراتی كوردستان ماڵێكی گەورەیەو شوێنی هەمووانی لێ دەبێتەوە،بۆیە هەمیشە پارتی پێداگیری لەسەر پاراستنی پرەنسیپی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەو نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان دەكات،لەسەر ئەو بنەمایەش پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستانیش حزبی یەكەمە لە هەڵبژاردنەكاندا.
لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش، كاكەمین نەجار ئاماژەی بەوە كرد كێشەی كورد لەگەڵ بەغدا لەسەر خاكە بە درێژایی مێژوو نەوەك لەسەر مووچە و گوتی: شۆڕشی ئەیلوول بۆ مووچە نەكرا، بەڵكو لەپێناوی خاك و مافە زەوتكراوەكانی گەلی كوردستان كرا، لەگەڵ ئەویشدا ئێستا كورد شۆِرشی سیاسی بۆ وەدەستهێنانەوەی خاكی و مافە زەوتكراوەكانی دەكات لە بەغدا، یەكێ لەو مافانەش مووچەیە كە مافێكی شەرعی خەڵكی كوردستانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.