ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلوحەق، کە خاوەن گرووپێکی چەکدارییە لە چوارچێوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بزووتنەوەکەی بە نزیک لە ئێران دادەنرێت، ھەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات.
خەزعەلی دهڵێت: گەر ئەمریکا بوونی خۆی لەعێراق بەزۆر بسپەێنێت و دەستوور و پەرلەمان پێشێل بکات، ئەوکات حکوومەتی فیدڕاڵیش دەتوانێت بەھەمان شێوە بە ھێزەوە، ئەمریکا بکاتە دەرەوە.
ئاماژەی بەوش دا، کە: "ئاسایشی ئیسرائیل بەشێکە لە ئاسایشی ئەمریکا، ھەر بۆیە بوونی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بۆ شەڕی داعش نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلە، ئەمەش بەدی نایەت گەر ئاسایشی ناوچەکە تێکنەچێت، واشنتۆن بۆ ئەو ئامانجە دەیەوێت لە سووریا بکشێتەوە و لەعێراق بمێنێتەوە.
لە دیمانهیهكدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسیۆشیەتد پرێس (AP)، قەیس خەزعەلی باسی چەند پرسێکی کردووە، لەنێویاندا پرسی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و دژایەتی خۆیشی بۆ مانەوەیان دەربڕیوە.
قەیس خەزعەلی دەڵێت روونە پەرلەمانی عێراق بەردەوام بوونی ھێزی سەربازی ئەمریکا لە عێراق بەم دۆخەی ئێستا رەتدەکاتەوە. بەدڵنیاییەوە بڕیارێک لەو بارەوە دەردەکات و پەرلەمان دۆخی ھێزەکانی ئەمریکا رێکدەخات.
خەزعەلی گوتیشی: ئەگەر پاساوی بوونی ئەو ھەموو سەرباز ئەمریکییە، کە لایەنی کەم پێنج ھەزارە سەربازە، بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسی سەربازی داعشە، ئەوا مەترسی داعش کۆتایی ھاتووە، چ پێویست دەکات ھەمان ژمارە بمێنێتەوە؟ ئایا عێراق پێویستی بە مانەوەی ھێزی شەڕکەر ھەیە؟ یاخود پێویستی بە مانەوەی بەشێک لە ھێزانە ھەیە بۆ راھێنان بەناوی راوێژکار و راھێنەر، ئەمەش بەمەبەستی کاری لۆجیستی بەپێی گرێبەستی واژۆکراوی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەتایبەتی لەبارەی فڕۆکەی F16 ئەمریکییەوە، ئەمە جەوھەری مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکایە.
لایەنی دووەمی رەزامەندی لەسەرە لە دۆخی سیاسیدا، کە عێراق پێویستی بە مانەوەی بەشێک لە ھێزەکانی ئەمریکا ھەیە بە ناوی راوێژکار و راھێنەری ئەمریکی بەمەبەستی کاری لۆجستی بەتایبەتی لەبارەی فڕۆکەی F16 ئەمریکییەوە .
قەیس خەزعەلی جەختدەکاتەوە ئەگەر ئەمریکا بیەوێت بەھێز بوونی خۆی بسەپێنێت و دەستوور و پەرلەمانی عێراقی پێشێلبکات، ئەوا عێراق دەتوانێ بەھەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ بکات و بەھێزی دەریبکات.
بەگوتەی قەیس خەزعەلی، بوونی ھێزی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بۆ پاراستنی ئیسرائیلە نەک شەڕی داعش. گوتیشی ئاسایشی ئیسرائیل یەکێکە لە بنەماکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، ئەمریکا لە پێناو سووریا و عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش لێرەدا بوونی نییە، بەڵکو بۆ دەستبەرکردنی ئاسایشی قەوارەی ئیسرائیلە، ئەمەش بە سەقامگیری ناوچەکە نایەتەدی و، بەڵکو بە ناسەقامیگری ئەو وڵاتانە دێتەدی، بۆیە ئەمریکا دەیەوێت لە سووریا بکشێتەوە و لە عێراق جێگیر بێت.
ئەمینداری عەسائیب ئەھللحەق گوتیشی: ئەگەر قەوارەی ئیسرائیلی ھێرشبکاتە سەر ئامانجەکان لەنێوخۆی عێراقدا، ئەوا عێراق وەک دەوڵەت بەرگری لە خۆی دەکات و بەرپەرچی قەوارەی ئیسرائیلی دەداتەوە. ئەگەر قەوارەی ئیسرائیلی ھەر ئامانجێک لە نێوخۆی عێراق بۆردوومان بکات (بە ھەر پاساوێک بێت)، ئەوا ئێمە تاوەکو دوایین سنوور بەرپەرچی دەدەینەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.