دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ھەواڵی كۆچی دوایی نووسەر و رۆژنامەنووس(سەعید یەحیا) رادەگەیەنێت.
بەداخ وپەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی ھەڤاڵ و ھاوکاری تێکۆشەر، ئەندامی دەزگاکەمان، رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووس(سەعید یەحیا خەتات) رادەگەیەنین، کە ئەمڕۆ 28ی1ی2019 بەھۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لێکردین.
بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خۆمان و خانەوادە و خزم و کەسوکار و ھاوڕێیانی خوالێخۆشبوو و تەواوی نووسەر و رۆژنامەنووسان دەكەین.
خوالێخۆشبوو لە ساڵی 1942 لەدایك بووە، لە ساڵی 1967 پەیوەندی بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە كردووە و وەك پێشمەرگەیەكی بواری راگەیاندن و وەك بێژەری دەنگی كوردستان بەشی زمانی عەرەبی و کاری خۆشنووسی خزمەتی كردووە و دواتر ئەندامی لقی دووی پارتیمان بووە و لەساڵی 1976 بەهۆی هەڵوێست و بەشداریكردنی لە شۆڕش و کوردایەتی بۆ باشووری عێراق ماوەیەک دوورخراوەتەوە.
هەڤاڵ(سەعید یەحیا خەتات)كادیرێكی شارەزاوبەتوانای راگەیاندن و كەسایەتیەكی قاڵبووی بواری رۆژنامەنووسیی بوو، هەروەها لەرێی بەرهەم ونووسین و چاپكراوەكانی خزمەتێكی زۆری كولتورورۆشنبیریی كوردی كردووەو لەو تەمەنەی پڕ بەخششیدا چەندین بەرپرسیاریەتی پێ سپێردراوە لەوانەش: ئەندامی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیمان و بەڕێوەبەری چاپخانەی خانی وسەرنووسەری رۆژنامەی(خەبات)و گۆڤاری (صوت الاخر).
بە كۆچی دوایی ئەو رۆشنبیرونووسەرە، كەلێنێكی دیكە كەوتە نێو بواری رۆشنبیریی و راگەیاندن، هیواخوازین هاوخەمیی هەڤاڵ و هاوپیشەکانی ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووری خانەوادە تێکۆشەرەکەی و لە خە م و خەفەتی ھەموو لایەک كەم بكاتەوە.
جارێكی دیكە ھاوخەمی و پرسە و سەرەخۆشی خۆمات دووپات دەكەینەوە و لەخوای گەورە داواکارین گیانی ھەڤاڵی کۆچکردومان بەهەشتی بەرین شاد بکات...
اناللە وانا الیە راجعون
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
28/1/2019
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.