پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی فیدراڵدا کورد جگە لە پۆستە سیادییەکان کۆمەڵێک پۆستی دیکەی بەردەکەوێت و تا ناوەڕاستی ئەمساڵیش کورد ھەموو پۆستەکانی لە بەغدا وەردەگرێتەوە.
د. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پێشتر لە کابینەکانی حکوومەت زۆرینەی پۆستەکان لە کورد وەرگیرابوونەوە و ئێستا بڕیارە لە کابینەی نوێدا سەرجەم پۆستەکانی خۆی بە کورد بدرێتەوە، لە بریکار و بەڕێوەبەری گشتی و ھەر پۆستێکی دیکەی پشکی کورد بێت و ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمان کە نوێنەری کوردیشی تێدایە و جێگری سەرۆکی پەرلەمانە کار بۆ ئەو بابەتە دەکەن، بۆ ئەوەی پشکی کورد بگەڕێندرێتەوە و پۆستەکانی کورد بدەنەوە.
د. مەیادە نەجاڕ گوتیشی: ئێمەش داوا لە ھەرێمی کوردستان دەکەین کە کاندید بۆ سەرجەم پۆستەکان دیاری بکەن، بۆ ئەوەی ئەو پۆستانەی بەر کورد دەکەون وەریگرینەوە، چونکە ئەمانە پشکی کوردن.
نەجاڕ باسی لەوەش کرد: دواین مۆڵەت بۆ ئەوەی کورد سەرجەم پۆستەکانی لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پڕ بکاتەوە تا ناوەڕاستی ئەمساڵە، بۆیە تا ئەوکات ھەموو پۆستەکانی پێشتر لە کورد وەرگیراونەتەوە، پێی دەدرێنەوە.
نەجاڕ دەشڵێ: سەرۆکایەتیی پەرلەمان سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی ناوی ئەو پۆستانەیە کە لە کابینەی نوێدا بەر کورد دەکەون، بۆیە تا ئێستا دیار نییە ژمارەی ئەو پۆستانەی بەر کورد دەکەون، چەندن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.