ڕۆژی شەممە 26ـی 1ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی سەرۆكایەتیی تاییفەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە كوردستان و پارێزگای نەینەوا و عێراق، بە سەرۆكایەتیی قەداسەتی پاتریاك مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەم، پاتریاكی ئەنتاكیا و تەواوی ڕۆژهەڵات و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە جیهان و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك مەترانی كەنیسەی ئەرتۆدۆكس.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمیان كرد لە پاراستنی پێكهاتەكان و كریستیانەكانی كوردستان لە ڕۆژە سەختەكاندا و، پێزانینیان هەبوو بۆ حەواندنەوە و پەنادانیان لە هەرێمی كوردستان. هەروەها وێڕای ئاماژەپێدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی كریستیانەكانی كوردستان و خەڵكی كوردستان جەختیان لە پێكەوەژیان و چارەنووس و ئاییندەی هاوبەشی گەلی كوردستان و پێكهاتەكانی كردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕۆشنایی خستەسەر ئەو ئازار و نەهامەتییەی كە لە ماوەی ڕابردوو بەسەر كریستیانەكان و خەڵكی كوردستاندا هاتووە و ئەوەی دووپات كردەوە كە كوردستان وڵاتی هەمووانە و نابێ كەسیش هانی كریستیانەكان بدات كە وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن و ئێستا لە قۆناغی دوای نەمانی تیرۆر پێویست دەكات كولتووری پێكەوەژیان و برایەتی قووڵتر ببێتەوە.
مەترسییەكانی تیرۆر و هزری توندڕۆیی و هەروەها بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.