جێگری سەرۆك وەزیران – وەزیری دارایی بەشداری لە كۆڕبەندی ئابووری جیهان دەكات لە داڤۆس .
بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابوری جیهان كە لە شاری داڤۆس لە سویسڕا لە رۆژانی 22-25 ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت ، ئەمڕۆ د. فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران – وەزیری دارایی گەیشتە داڤۆس .
لەم كۆڕبەندەدا د.فوئاد حوسێن چەندین چالاكی گرنگ و دیداری دوو قۆڵی ئەنجام دەدات لەگەڵ ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسی وڵاتانی جیهان و بەشداری چەندین پانێڵی نێو ئەم كۆڕبەندە دەكات لە چوارچێوەی كار و شارەزایی خۆی وەكو وەزیری دارایی هاوكات لەگەڵ نوێنەرانی چەندین كۆمپانیای گرنگ وبانكی نێودەوڵەتی كۆ دەبێتەوە.
لەگەڵ دەستپێكی سەردانەكەشی د.فوئاد لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیای ئۆریدۆ گرووپی تایبەت بە بواری پەیوەندی و گەیاندن كۆبووەوەوە و لەم كۆبوونەوەیەدا تیشك خرایە سەر كاری كۆمپانیا لە عیراق و پەیوەندی نێوان ئەن كۆمپانیایە و كۆمپانیا نیشتیمانیەكان لە عیراق و ئەو خزمەتگوزاریانەی لەڕێگەی هاوبەشانیەوە پێشكەشی دەكات، هەروەها باس لەو گرفت و تەگەرانە كرا كە دێنە بەردەم رێگەی ئەو كۆمپانیایانە لە عیراق، جێگری سەرۆك وەزیران بەڵێنیدا چارەسەری پێویست بۆ ئەو گرفتانە بدۆزرێنەوە.
هەر لە هەمان رۆژدا جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ سۆما جاكار بارتی سەرۆكی بانكی ئەورووپی بۆ كاروباری دووبارە ئاوەدانكردنەوە وگەشەپێدان كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە خواستی عیراق كرایەوە بۆ بوون بە ئەندام لەو بانكە وتیشك خرایە سەر ڕۆڵ وكارەكانی ئەم بانكە وهاندانی وەبەرهێنەران بۆ كاركردن لەعیراق وپێشكەشكردنی راوێژی پێویست لەبواری ئابووری ومالی.
هەر لەم دیدارەدا باس لە ئەزموونی ئەو بانكە كرا لە وڵاتانی دیكە وچۆنیەتی سوود وەرگرتن لە دەرفەتی كاركردن لە عیراق، هەردوولاش لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندی لەنێوانیان كردەوە بۆ تەواوكردنی رێ وشوێنی بە ئەندامبوونی عیراق لەو بانكە.
هەر ئەمڕۆ د.فوئاد لەگەڵ خاتوو سیگەر دەكاخ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بۆ كاروباری گەشەپێدانی بازرگانی كۆبووەوە، لەم دیدارەدا خاتوو دەكاخ پیرۆزبایی لە د.فوئاد كرد بەبۆنەی پێكهێنانی حكومەت ووەرگرتنی پۆستی تازەی ، هەروەها تیشك خرایە سەر بواری پەیوەندی ئابووری لەنێوان هەردوو وڵات كرا بەتایبەتی رێككەوتنی باجی هاوبەش لەنێوان هەردوو حكومەتی عیراق وهۆڵەندا.
هەر لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا د.فوئاد لەگەڵ خاتوو میشێل لامارشی نوێنەری بانكی لازاردی فەڕەنسی كۆبووەوە، ئەو بانكەی كە نوێنەرانی راوێژكارێكی گرنگی حكومەتی عیراق بوون لەكاتی گفتوگۆكانی (نادی پاریس) بۆ سڕینەوەی بەشێكی قەرزەكانی عیراق.
لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی لەنێوانیان رێككەوتن بۆ سوود وەرگرتن لە خزمەتگوزاریەكانی بواری وەبەرهێنان وسیاسەتی ئابووری ودارایی.
شیاوی باسە كۆڕبەندی ئابووری جیهان ساڵانە لە شاری داڤۆسی سویسڕا بە ئامادەبوونی چەندین سەركردەی سیاسی و نوێنەری وڵاتان و خاوەنی فیكر و میدیاكار و بزنسكار ونوێنەرانی كۆمپانیا گەورەكانی جیهان وبەڕێوەبەری بانكەكانی جیهان ئەنجام دەدرێت ولەخۆیدا كۆڕبەندێكی سیاسی ئابووریە مەبەست لێی ئاڵوگۆڕی ڕا وبۆچوونە بۆ بەهێزكردنی هەماهەنگی ئابووری وسیاسی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.