لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ سالێ 2019 دەستیپێکرد، بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکەدا متمانە بە کاندیدی دوو پۆستی وەزاری بدرێت.
ئەمشەو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەئامادەبونی 237 پەرلەمانتار دەستیپێکرد و بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە لە بڕگەی یەکەمیدا متمانەدان بە کاندیدانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و داد دەخرێنە دەنگدانەوە.
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تایبەتە بە دەنگدان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019ی عیراق و دواتریش پڕۆژەکە خرایە دەنگدانەوە و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پەرلەمانتاران دەنگیان بە ماددەی 1ی پڕۆژەیاساکە داوە.
پێشتر لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەی ئەنجامدا و دواین ڕەشنوسی بودجەیان ئاراستەی پەرلەمان کرد.
بەگوێرەی ئەو رەشنوسەی ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە پشکی کورد لە بودجە زیادکراوە بۆ 500 ملیار دینار و دەبێت بە بێ مەرج بەغدا بەردەوام بێت لە ناردنی بودجهى ههرێمى كوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.