Erbil 8°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 19:58

هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سنووری شارۆچکه‌ی خانه‌قین جێگیر ده‌بنه‌وه‌

ئامانج له‌ جێگیربوونی هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان وه‌ده‌رنانی حه‌شدی شه‌عبییه‌
کوردستان TV
100%

شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، به‌رپرسی لقی 15ی خانه‌قینی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر شاندێكی سه‌ربازی ئه‌مریكی كه‌ به‌ فڕۆكه‌ پاسه‌وانی ده‌كران سه‌ردانی سنووری قه‌زای خانه‌قین-یان كرد و له‌ سه‌ردانه‌كه‌یاندا چاویان به‌ به‌رپرسان و فه‌رمانده‌كانی لیوای سێی هاوبه‌ش كه‌وت و دواتر شوێنه‌ كۆنه‌كانی خۆیان كه‌ به‌ر له‌ جه‌نگی داعشدا تیایدا بوون به‌سه‌ركرده‌وه‌.

گوتیشی: ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌ سه‌ربازگه‌ی كۆبرا له‌ نێوان گوڵاله‌ (جه‌له‌ولا) و سه‌عدییه‌ و له‌ سه‌ربازگه‌ی باخچه‌ و له‌ سه‌ربازگه‌یه‌كی خانه‌قین جێگیربێت، ئامانجی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ زیادبوونی جموجۆڵه‌كانی له‌ عێراق جێگیربوونی ئه‌مریكا، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی مادده‌ی ١٤٠ كه‌ له‌ ده‌ستووری عێراق به‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ناوزه‌ندكراوه‌، هه‌روه‌ها رێگه‌گرتنه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌ ناوچه‌كه‌ و هه‌موو عێراق، چونكه‌ داعش رۆژانه‌ به‌ به‌ر چاوی هێزه‌كانی ناوچه‌كه‌ چالاكی تیرۆری ئه‌نجام ده‌دات.

به‌رپرسی لقی ١٥ی خانه‌قینی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت : ئامانجی سیاسی له‌پشت ئه‌و جموجۆڵه‌ سه‌ربازییانه‌ی ئه‌مریكا، كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێرانه‌ له‌سه‌ر عێراق و ده‌ركردنی حه‌شدی شه‌عبییه‌ له‌و ناوچانه‌ی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت لێی جێگیربێت.

ده‌شڵێت: ئه‌و گرووپانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌تی سه‌رایا سه‌لام و عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق دوای زیادبوونی جموجۆڵی ئه‌مریكا له‌ سنووری قه‌زای خانه‌قین ئه‌و ناوچانه‌یان چۆڵكردووه‌.

هه‌روه‌ها هاشم بریفكانی، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌باره‌ی دوایین جموجۆڵه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سنووری مووسڵ رایگه‌یاندووه‌: ئامانج له‌ جێگیربوونی هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و پارێزگای نه‌ینه‌وا وه‌ده‌رنانی حه‌شدی شه‌عبییه‌.

ده‌شڵێت: ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت پێگه‌ی سه‌ربازی خۆی له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق و شاره‌ سوننه‌ نشینه‌كان زیاتر بكات و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی وڵاتانی هه‌رێمی له‌ ناوچه‌كه‌ له‌سه‌ر عێراق كه‌م بكاته‌وه‌ و ده‌رفه‌ت به‌ هیچ وڵاتێك نه‌دات ده‌ست له‌ كاروباری عێراق وه‌ربدات.

سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت: له‌ئێستادا جموجۆڵی داعش له‌ سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا هه‌یه‌، یه‌كێكی دیكه‌ له‌ ئامانجه‌كانی ئه‌مریكا رێگه‌گرتنه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و نه‌هێشتنی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ له‌سه‌ر دووه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراق.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.