Erbil 12°C شەممە 28 کانونی یەکەم 11:47

ئه‌مرۆ به‌ فه‌رمى چاره‌نووسى "مریەم هەڵەبجەیی" یه‌کلایی کرایه‌وه‌

لە دادگایەکی فەرمیدا لە هەولێر ڕەگەزنامەی عێراقیی پێ ده‌درێت
کوردستان TV
100%

پاش چەند ساڵ کێشە و گرفت، بۆ "مریەم هەڵەبجەیی" سەرەنجام ئەمڕۆ یەکشەممە 2019.1.20 لە دادگایەکی فەرمیدا لە هەولێر بڕیار درا ڕەگەزنامەی عێراقیی پێ بدرێت.

ئەو کچە هەڵەبجەییە کە پاش کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە وون ببوو، لە ئێران لەلای بنەماڵەیەکی فارسەوە گەورە بووە، ناوی مریەم بووە و چەند ساڵێکە هاتووەتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام چەند گرفتێک لە کەیسەکەیدا دروست ببوو.

مریەم ناوی خۆیە گۆڕیوە بۆ "ژیان کامەران" و ڕێکەوتی لەدایکبوونیشی ئەمڕۆ دیاری کردووە و دادگای هەولێر بڕیاری دا ناسنامەی عێراقیی بە فەرمی پێ بدرێت.

پێشتر و له‌ ساڵی 2017 و ڕێکەوتی سێشەممە 31-10-2017 لە دادگای سلێمانی دانیشتنێك لەبارەی كەیسی مریەم هەڵەبجەیی بەڕێوە چووبوو، پارێزەرەکەشی ئاشکرای کردبوو کە پشكنینی (دی ئێن ئەی)  ئەوەی سەلمماندووە کە مریەم هاوناز نییە، بەڵام دوای چەند پشکنین و دادگایی و پێداچوونەوەی دیکە ئەمڕۆ چارەنووسی یەکلایی بووەتەوە.

مەریەم هەڵەبجەیی کچێکی کوردی وونبووی هەڵەبجەیە و لە ئێران گەورە بووە، لە ساڵی 2015 وەها راگەیێندرا كە ناوی راستەقینەی هاونازە ‌و دایکی هاونازیش دۆزرایەوە، بەڵام دواتر دەركەوت كە لە ئاشكراكردنی ناسنامەكەی هەڵە كراوە.

بەهۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 لەلایەن رژێمى دیكتاتۆرى سەددام حوسێنەوە، تاکو ئێستا 179 منداڵی 73 خێزانی هەڵەبجە چارەنووسیان دیار نییە، 7 منداڵی هەڵەبجەییش چاوەڕێی ئاشكراكردنی ناسنامەیان دەكەن ‌و دادگاش وتەی سێ لەو منداڵانەی وەرگرتووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.