Erbil 12°C شەممە 28 کانونی یەکەم 11:48

پێشمه‌رگه‌ی دێرین و فیداکار (حه‌سه‌ن عه‌بدوڵڵا شێخ سیده‌یى) کۆچى دوایى کرد

پرسه‌كه‌ى له‌قه‌زاى مێرگه‌سۆره‌
کوردستان TV
100%


دواى ململانێى زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشى پێشمه‌رگه‌ى ماندوونه‌ناس و تێكۆشه‌ر وكه‌سایه‌تى خۆشه‌ویستى ده‌ڤه‌رى بارزان (حه‌سه‌ن عه‌بدوڵڵا شێخ سیده‌یى) له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى هه‌ولێر كۆچى دوایى كرد، له‌ مه‌راسیمێكى شایسته‌دا  به‌ ئاماده‌بوونى به‌رێز به‌هزاد بارزانى نوێنه‌رى سه‌رۆك بارزانى، عومه‌ر عوسمان مێرگه‌سۆرى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان، به‌رپرسانى حزبى و حكومى و كه‌سایه‌تی و جه‌ماوه‌رى ده‌ڤه‌رى بارزان ته‌رمى خوالێخۆشبوو پێشمه‌رگه‌ی ماندوونه‌ناس(حه‌سه‌ن عه‌بدوڵڵا ككشار) له‌گۆرستانى مێرگه‌سۆر سه‌ربه‌ قه‌زاى مێرگه‌سۆر به‌ خاك سپێردرا.

خوالێخۆشبوو پێشمه‌رگه‌ى دڵسۆز (حه‌سه‌ن عه‌بدولڵا شێخ سیده‌یى) له‌ساڵی 1932 له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی كوردپه‌روه‌ر و خه‌باتكار له‌ گوندی شێخ سیده‌یی سه‌ربه‌ ده‌ڤه‌ری بارزان له‌ دایكبووه‌، له‌ ته‌مه‌نی منداڵی بووه‌ كه‌ ئاواره‌یی توركیا بووه‌، ساڵی 1941 له‌ ته‌مه‌نی 9 ساڵی دابووه‌ كه‌ باوكی قاره‌مانی (عه‌بدوڵڵا ككشار شێخ سیده‌یی) شۆڕشگێری ناوداری بارزانییه‌كاندا گیان له‌ ده‌ستداوه‌، ساڵی 1945 له‌ گه‌ڵ كه‌سوكاری ئاواره‌یی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌بن و كه‌سوكاری به‌شداری له‌ به‌رگری كردن له‌ كۆماری كوردستان له‌ مه‌هاباد ده‌كات و خاوه‌ن چه‌ند شه‌هید ده‌بن بۆ به‌رگری كوردستان، دوای تێكچوونی كۆماری كوردستان له‌ مه‌هاباد ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان و زۆر غه‌ریبی و ده‌رده‌به‌ری بینووه‌ و بۆماوه‌ی 5 ساڵ له‌ پێناو رێبازی بارزانیی نه‌مرعه‌شقی ده‌بێت و ده‌چیته‌ چیا هه‌تا گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانیی نه‌مر و هه‌ڤاڵه‌كانی له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران بۆ كوردستان.

خوالێخۆشبوو (حه‌سه‌ن عه‌بدوڵڵا شێخ سیده‌ی) یه‌كێك له‌و پێشمه‌رگه‌ چاونه‌ترسانه‌ بووه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تایى ساڵى 1961 ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوول هه‌روه‌ها به‌شداری شه‌ڕه‌كانی ده‌ڤه‌ری بادینان و شوێنه‌كانی تر كردووه‌ ویه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ بووه‌ كه‌ باوڕپێكراو بووه‌ لای بارزانیی نه‌مر و رۆڵى گیانفیداى هه‌بووه‌له‌ چه‌نده‌ها داستانی له‌ شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول و كه‌سێكى خۆشه‌ویست لاى هاوسه‌نگه‌رانى، دواى نسكۆى شۆرش ئاواره‌ى ئێران ده‌بێت ویه‌كێك له‌و تێكۆشه‌رانه‌ كه‌ هه‌رده‌م هانى ئاواره‌كانى داوه‌ كه‌خۆراگربن و به‌هه‌مان رۆحیه‌ته‌وه‌  ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ى شۆرشى گوڵان به‌كه‌سوكاریه‌وه‌ و یه‌كێك له‌و پێشمه‌رگانه‌ی نزیك سه‌ركرده‌ی نه‌مر شه‌هید ئیدریس بارزانی و جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی بووه‌ و هه‌روه‌ها كوڕی پێشمه‌رگه‌ى گیانفیدای(عه‌زیز ) كه‌ كه‌سێكی لیهاتوو و ئازا بووه‌ له‌ شۆڕشی گوڵان شه‌هید بووه‌، له‌ دوای راپه‌ڕین له‌ ئاواره‌ی و ده‌ردبه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان و له‌ گوندی باپیرانی (شێخ سیده‌یی) سه‌ربه‌ ده‌ڤه‌ری بارزان نیشته‌جێ‌ ده‌بێت.

 
خوالێخۆشبوو (حه‌سه‌ن عه‌بدولڵا شێخ سیده‌یى)هه‌میشه‌ خۆی به‌ پێشمه‌رگه‌ی رێبازى بارزانیی نه‌مر ده‌زانی،  كه‌سایه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى دیارى ده‌ڤه‌رى بارزان و مرۆڤێكى پڕ بیروباوه‌رو یه‌كێك له‌ مرید و ده‌رویشی ڕێبازی بارزانیی نه‌مر بوو، هه‌موو ته‌مه‌نى پڕ بوو له‌ تێكۆشان و پڕسه‌روه‌رى، ماوه‌ى چه‌ند ساڵ له‌به‌ر خه‌بات وقاره‌مانیه‌تى تووشى نه‌خۆشى ببوو له‌ ته‌مه‌نى 87 ساڵى دا كۆچى دوایى كرد.
پرسه‌كه‌ى له‌قه‌زاى مێرگه‌سۆره‌

ئاماده‌كردنى هه‌وال/ سه‌فه‌ر یوسف میرخان ژاژوكى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.