Erbil 10°C سێشەممە 07 کانوونی دووەم 19:47

له‌ به‌غدا خۆپیشاندان دژی مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق سازکرا

دروشمیان دژی ئه‌مه‌ریكا و سوپای وڵاته‌كه‌ به‌رزكردووه‌ته‌وه‌
کوردستان TV
100%

ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتییان له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا گردبوونه‌وه‌و ده‌ستیان به‌ ناڕه‌زایی و به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشم دژی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كردووه‌، ئه‌مه‌یش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هاوپه‌یمانی بینا و چه‌ندان فراكسیۆنی په‌رله‌مان فشاری زۆریان دروستكردووه‌، تا په‌رله‌مانی عێراق به‌ یاسا هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌ربكات.

میدیاكانی عێراق بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا كۆبوونه‌ته‌وه‌ و ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن دژی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و دروشمیان دژی ئه‌مه‌ریكا و سوپای وڵاته‌كه‌ به‌رزكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌نجامدانی ئه‌و خۆپێشاندانه‌ی به‌غدا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌یه‌ فراكسیۆنه‌ جیا جیاكانی عێراق به‌ تایبه‌تی هاوپه‌یمانی بینا كه‌ هه‌ریه‌ك هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری و ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی و پرۆژه‌ی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی خه‌میس خه‌نجه‌ر و چه‌ندان لایه‌نی تر له‌ خۆ ده‌گرێ، به‌ چڕی هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عێراق پرۆژه‌یاسایه‌ك بخرێنه‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌ و تێیدا په‌رله‌مان به‌ یاسا بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بدات.

پێشتر میدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ له‌میانه‌ی سه‌ردانی مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌غدا هۆشداری به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوه‌، له‌ ده‌ركردنی یاسایه‌كی له‌وشێوه‌یه‌ و دووپاتیشی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ به‌ یاسا بڕیاردان له‌ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئه‌مه‌ریكا به‌ ته‌واوی ده‌گه‌یه‌نێته‌ سه‌ر خاڵی سفر و زیانی زۆر به‌ عێراق ده‌گه‌یه‌نێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.