ڕۆژی سێشەممە 15ـی 1ـی 2019 لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی لە ڕاستەڕێكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق كرد و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە پێگە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخ و گرنگییە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرفەت و كەشوهەوایەكی نوێ هاتۆتە ئاراوە و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق هەموو هەوڵێك دەدات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدادا ماون.
لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و سەرۆك بارزانی بۆچوون و نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا بە وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران گەیاند.
پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و هەر دوولا جەختیان لە دۆستایەتی و پەیوەندیی دوولایەنە كردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.