دوو (عەزیز)ە ئازیزەکەی هەولێرێ، کەم کەس هەیە نەیانناسێ و ئاشنای خۆیان، یان بەرهەمەکانیان نەبێ، ئەویش زمانزان و نووسەران (عەزیز گەردی) و (عەزیزی مەلای رەش) ن .
ئەم دوو عەزیزە ئازیزە، لە هەرە زمانزان و زمانپاراوەکانی هەولێرێن، کە کوردییەکەیان هێندە رەوان و رەسەنە، دەڵێی ئاوی زەڵاڵە و لە تاڤگە دەڕژێ .
مامۆستا عەزیز گەردی، ئەگەرچی چەند زمانێکی زیندووی جیهانیش دەزانێ، بەڵام زمانە کوردییەکەی هێندە شیرینە ، کاتێک بەرهەمێکی بیانی وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی، دەڵێی بابەلباب کوردێکی زمانپاراوی رەسەن نووسیویەتی .
وەرگێڕانی (داغستانی من)ی رەسوڵ هەمزە تۆڤ، باشترین نموونەیە بۆ پەسنکردنی وەرگێڕانی مامۆستا عەزیز گەردی ، هەڵبەتە بەرهەمەکانی دیکەیشی بەهەمان تام و بۆی کوردەواری وەرگێڕاون و خزمەتێکی گەورەی بە کتێبخانەی کوردی کردووە .
مامۆستا عەزیزی مەلای رەشیش دەمێکە بەو واریقات و سەربردە و حەکایەتی بەرئاگردانی مەجلیسی کوردەواری، بە چیرۆک و رۆمان، بەو زمانە شیرینەی خۆیەوە، خزمەتی وشە و کەلەپوور و فەرهەنگی کوردی دەکا .
لە باسی گێڕانەوەی رووی راستەقینەی کۆمەڵی کوردەواری و ژیان و ئادابیان، جوامێری و مێرخاسییان، بەرهەمەکانی شاهێدی بە هەقن و رۆمانەکەی (کوێخا سێوێ)ش هێشتا لە زەین و یادەوەریی ئێمەدا ئامادەیە .
ئەو هەموو بەخششەی ئەو دوو زمانزان و نووسەر و وەرگێڕە بەسەر ئێمەوە، ئەو هەموو چاکە و رێنوێنی ئەم دوو عەزیزە بەسەر ئێمەوە، ئەم هەموو رەسەنایەتی و فەنتازیایەی زمانی ئەم دوو زمانپاراوە بەسەر ئێمەوە، دەمانخاتە سەنگی نمەکزانی بەرامبەر ئەم دوو کەڵەنووسەرە و لێماندەخوازێ، کە لە ئاست ئەواندا، نمەکحەڵاڵ بین و هەمیشە لەبیرمان بن و هەر ئەوەندە نا، بەڵکو هەمیشە و بەردەوام ئاگاداری باری تەندروستی و رەوشی ژیانیان بین و هیوای سەرفرازی هەردوو دونیاشیان بۆ بخوازین .
ئەمانە شایستەی ئەوەن، کە تا لە ژیاندان رێزیان بگیرێ و دوای ژیانیشیان نازیان هەر بە زیندوویی بهێڵدرێتەوە، ئاخر ئەمانە هەردووکیان عەزیزی ئازیزی هەوڵێرێن و چاکەی زمان و چێژی ئەدەب و کەلەپووری کوردەوارییان بەسەرمانەوە هەیە و نابێ و ناکرێ فەرامۆش و نادیدە بگیرێن .
بەڵکو کام رێگا باشە بۆ هەمیشە هێشتنەوەیان لە یادەوەریمان بۆیان بگرینە بەر، شەقام، هۆڵ، پارک، گەڕەکیان بەناوەوە بکرێ و پەیکەریان بۆ دابندرێ و کاتێک بەبەر سێبەری پەیکەر و تابلۆی شەقام و هۆڵەکانیاندا دەڕۆین، سڵاوی وشە و پەیڤی رەسەن بۆ گیانی رەوانیان بنێرین .
فهرههنگ غهفوور
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.