بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عەبدولمەهدی ئەنجام بدات و بڕیار لەسەر كاندیدی ئەو 3 وەزارەتە بدرێ، كە تا ئێستە ماونەتەوە و بەهۆی ناكۆكییەكان متمانەیان پێ نەدراوە ، سەرچاوەكانیش دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئەستەمە ئەو كێشەیە ئەمڕۆیش كۆتایی پێ بهێنرێت، بەهۆی سووربوونی هاوپەیمانی بینا لەسەر مانەوەی فالح فەیاز وەك تاكە كاندیدی وەزارەتی ناوخۆی عێراق.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ ، هاوپەیمانی بینا كە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا و فەتح پێكهێنەری سەرەكین، سوورن لەسەر مانەوەی فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی گشتی حەشدی شەعبی وەك تاكە كاندیدی هاوپەیمانییەكەیان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ لە حكوومەتی نوێی عەبدولمەهدی، لە بەرانبەریش دا هاوپەیمانی سائیروون بە هیچ شێوەیەك ئەمە قبووڵ ناكات و بە تەواوی دژی بوونی فەیازە بۆ وەزیری ناوخۆ.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەستەمە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بتوانرێ بڕیار لەسەر ئەو 3 وەزارەتەی ماونەتەوە بدرێ، كە ئەوانیش وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و دادن، بەرگری و ناوخۆ لەلایەن شیعەكانەوە ناكۆكی لەسەرە و وەزارەتی دادیش پشكی كوردە .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.