دوای لێدوانه جه‌نجاڵییه‌كه‌ی محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێڕاق سه‌باره‌ت به‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی رێگه‌چاره‌ی دوو وڵاتی جیاوازی بۆ ئیسڕائیل و فه‌ڵه‌ستین به گونجاو ده‌زانێت، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێڕاق رۆژی شه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه داوایان كرد ئه‌م وه‌زیره لێپرسینه‌وه‌ی لێبكریت و له‌كار لادرێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێڕاق رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو له كۆنفڕانسێكی هه‌واڵیدا باسی له‌وه كردبوو كه وڵاته‌كه‌ی پێی باشه كێشه‌ی نێوان ئیسڕائیل و فه‌ڵه‌ستین به بوونی دوو ده‌وڵه‌تی جیاواز چاره‌سه‌ر بكرێت و له درێژه‌دا وتبووی: به‌غدا رۆڵێكی گرنگی له شه‌كاندنه‌وه‌ی ئاڵای فه‌ڵه‌ستین له بنكه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هه‌بووه.
دوای ئه‌م لێدوانه‌ی محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم فراكسیۆنی هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا له په‌رله‌مانی عێڕاق به رێبه‌رایه‌تیی نوری مالیكی، داوای له په‌رله‌مانی عێڕاق كرد تا رێكاری توند به‌رامبه‌ر به وه‌زیری ده‌ره‌وه بگرێته‌به‌ر سه‌باره‌ت به‌م لێدوانه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م لێدوانه حه‌سه‌ن شاكر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێڕاق كه سه‌ر به كوتله‌ی بونیاته، خوازیاری ئه‌وه‌یه لێپرسینه‌وه له‌م وه‌زیره بكرێت و جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه: ئه‌م وه‌زیره مافی نییه لێدوانی له‌مچه‌شنه بدات و ئه‌م بۆچوونه‌ی ناوبراو ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی فه‌رمیی حكومه‌تی عێڕاق نییه، به‌ڵكو هه‌ڵوێستی خودی وه‌زیره‌كه‌یه.
له‌مباره‌یه‌وه محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم له وه‌ڵامی هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانتاراندا بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سه‌باره‌ت به فه‌ڵه‌ستین هه‌یبووه به‌یاننامه‌یه‌كی له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی خۆی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه تیایدا جه‌ختی كردووه‌ته‌وه له هه‌ڵوێستی مێژوویی و بنه‌ڕه‌تیی عێڕاق سه‌باره‌ت به پرسی فه‌ڵه‌ستین و پشتیوانیی له مافه‌كانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین سه‌باره‌ت به ئازادیی خاك و مرۆڤ و بونیاتنانی حكومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ كه پایته‌خته‌كه‌ی شاری به‌یتولموقه‌دده‌س بێت.
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی
سه‌رچاوه/ عه‌ره‌بییه
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.