Erbil 5°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 20:31

 من حه‌کیم کــــــــــــاکــه‌وه‌یس نــــــــانــــــــاســــم

ڕه‌نگێك ده‌به‌م و ڕه‌نگێك ده‌هێنم
کوردستان TV
100%

ن/ ئه‌دیب نادر

چركه‌یه‌ك، چركه‌یه‌ك به‌ ئاسته‌م په‌رده‌ی گوێچكه‌كانی له‌راندمه‌وه‌ و ئه‌و تۆزقاڵه‌ ڕووناكییه‌یش ڕه‌وییه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ورمدا خه‌رمانه‌ی دابوو..له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ یه‌كه‌وڕاست كه‌وتمه‌ نێو ته‌نیاییه‌كی تاریكه‌وه‌.

بیركردنه‌وه‌ زۆرجار ئه‌شكه‌نجه‌یه‌، قامچییه‌، گیانی بێده‌نگیی ده‌ڕووشێنێ و ڕۆح دێنێته‌ وڕێنه‌..به‌ڵام وڕێنه‌یه‌كی به‌ به‌روبووم، وڕێنه‌یه‌ك، بۆنی میوه‌ی پێگه‌ییوی لێوه‌ بێت..چركه‌یه‌ك، چركه‌یه‌كی تری سێركته‌كه‌، گینگڵێكی تریشی پێم خوارد، بیرمی به‌جێ هێشتبوو ئه‌وه‌ی به‌ به‌تڵه‌ پڕ نیگه‌رانییه‌كانی شه‌وه‌كه‌مدا هه‌ڵزنابوو، ئه‌وه‌ی..وه‌نه‌وزه‌ سه‌وزه‌كانمی په‌ژموورده‌ كردبوو، ئه‌وه‌ی..وه‌كو زیندانییه‌ك منی كردبوو به‌ یاساوڵێكی ئێشكگر و خه‌و و ماندووێتی و..شته‌كانی تری كوژاندبووه‌وه‌ و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی داگیرساندبوو، بیری وه‌كو مه‌شقه‌ڵان ڕه‌نگاوڕه‌نگ كردبوو..بۆیه‌ نه‌متوانی له‌ گینگڵ دان خودداری بكه‌م تا ئه‌و كاته‌ی نیگام وه‌كو ده‌رزی كه‌وته‌ ئاژه‌ن كردنی تاریكییه‌ گه‌نده‌مووییه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یان و ئیتر له‌ كونه‌ نادیاره‌كانییه‌وه‌ فیگه‌ره‌كه‌ی ده‌ركه‌وت و له‌ ته‌نیشتم سه‌وز بوو..جووڵه‌ی كه‌م بوو، به‌ په‌یكه‌رێك ده‌چوو، نا..نا به‌ داهۆڵێك ده‌چوو ڕه‌وه‌ كۆتره‌شینكه‌یه‌ك لێی ترسابن و له‌ پاش كۆمه‌ڵێك شه‌ققه‌ی باڵ له‌ناو دڵه‌خورپه‌یه‌كی بێ واده‌ به‌جێیان هێشتبێ. چركه‌یه‌ك، چركه‌یه‌كی تر، گینگڵه‌ بێزاركه‌ره‌كان به‌رده‌وامن، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ گینگڵه‌كاندا ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌رێتی، چاوه‌ڕوانه‌ زمانم بپژێت..لێوه‌كانم وه‌كو قاچه‌كانی سه‌رخۆشێكیان لێدێت، له‌تر بده‌ن و ڕۆیشتنیان له‌بیر چووبێته‌وه‌، وه‌ك بڵێی تازه‌ به‌ تازه‌ فێری خۆ جووڵاندن بن.

حه‌..حه‌..حه‌..حه‌كییییییییم..كا..كا..كا..كااااااكه‌كه‌وه‌یسسسسسسسس!!!!!

دوای تێڕامان و حه‌په‌سانێكی كتوپڕ، سه‌رخۆشیی سه‌رسامبوونه‌كه‌ ڕه‌وییه‌وه‌ و..په‌رۆشانه‌ وتم: تۆ! تۆ! تۆ چی هێناتییه‌ ته‌نیشت جێوبالینگه‌كه‌ی من؟ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی فریشتانه‌ وشكایی لێوه‌كانیان ئاوڕشێن كرد و وتی: دڵم پێت سووتا..! جیهانه‌كه‌ی خواره‌وه‌م بێ ئاووڕدانه‌وه‌ به‌جێهێشت و..یانی چی؟ یانی كێشكگرتنی ئه‌مشه‌وت به‌دیار كه‌ڵكه‌ڵه‌ی منه‌وه‌ تۆی كرد به‌ پیگمالیۆنێك و تێفكرینه‌كانیشت بۆم بوون به‌ دوعا و نزاگه‌لێكی ناخانه‌ و جووڵه‌یان به‌م جه‌سته‌ ڕیوه‌ڵه‌یه‌م به‌خشییه‌وه‌..تێناگه‌م! چییه‌؟ ده‌ڵێی حه‌ز ناكه‌ی جارێكی تر منت بینیووه‌ته‌وه‌؟ نا..نا..نا. حاشا، به‌ڵام ئه‌مه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌، مه‌به‌ستم ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌ته‌..ناشێ وا له‌ قه‌ڵه‌م بده‌یت كه‌ شتێكی وا مرۆڤ تووشی تیامان ناكات؟ نا..نا..من ته‌واوی شه‌و بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ چۆن كاراكته‌ره‌كه‌ت به‌ وشه‌ بئافرێنم، زمان بكه‌م به‌ مۆزه‌خانه‌یه‌كی مۆدێرن، مۆزه‌خانه‌یه‌كی وه‌كو هینه‌كه‌ی مه‌دام تووسوودی له‌نده‌ن و به‌ وشه‌كانیشی تۆ بڕسكێنم، یانی له‌بریی مۆم شه‌قڵه‌كه‌تی پێ به‌رجه‌سته‌ بكه‌م..جا بۆچی شتێكی وا ده‌كه‌یت؟ ئاخر دوێنێ شه‌و مام جه‌لیل داوای لێكردم..جا بۆچی داوایه‌كی وا له‌ تۆ ده‌كات؟ چونكه‌..ته‌ماشایه‌كی مه‌ته‌ڵئامێزانه‌ی كردم و زه‌رده‌خه‌نه‌كه‌ی بوو به‌ پێكه‌نین..چونكه‌ چی؟ چونكه‌ تۆ مردووی! هه‌ر كه‌ ئه‌وه‌م وت ده‌نگی قاسپه‌ قاسپێكی په‌یگیر ئه‌و تاریكاییه‌ی ناشیرین كرد. وه‌ك هه‌میشه‌ی لێ هاته‌وه‌، ساته‌ جوانه‌كانی خۆی له‌ده‌ست دا. ڕاسته‌وخۆ نیگا سه‌یره‌كانی تێم ورووكان..بۆ به‌ ته‌مای چییه‌؟ به‌رنامه‌ی ئه‌وه‌ داده‌ڕێژێ چله‌ت بۆ بگێڕێ..چله‌یه‌كی جیاواز...چله‌ و په‌یكه‌ری وشه‌..دیسان پێكه‌نییه‌وه‌..! مامه‌م جه‌لیل..مامه‌م جه‌لیل ناتوانێ به‌ چله‌یه‌ك ماڵئاواییه‌كه‌ی من بسه‌لمێنێ. با..با..ده‌یه‌وێ چله‌كه‌ كۆڕێك بێت..ئا..تۆیش یه‌كێك بیت له‌وانه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر..جا قه‌یدی چییه‌؟ چۆن قه‌یدی چییه‌؟ ئاخر ده‌ڵێم قه‌ی ناكات..قه‌ی ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م چله‌یه‌ ڕه‌نگه‌ گاڵته‌جاڕییه‌كی لێبكه‌وێته‌وه‌. گاڵته‌جاڕیی؟ بۆ گاڵته‌جاڕیی؟ چونكه‌ مردنێك له‌ ئارادا نییه‌! ها..من وتم قه‌یدی چییه‌..به‌ڵام. به‌ڵام ده‌زانم من ناتوانم قسه‌ له‌سه‌ر..نا، نا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌..!! ئه‌ی ئه‌گه‌ر بڵێم من ناتناسم؟ نامناسیی؟ ئه‌مجاره‌ له‌ ناخه‌وه‌ پێكه‌نینێك هه‌ژاندی..تۆ؟ خۆت له‌ نه‌بانیی مه‌ده‌..ئاخر بۆ؟ بۆ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانم تۆ له‌ زۆر كه‌س باشتر من ده‌ناسیی..ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ قایلییم پێنابه‌خشێ..من باشتر بتناسم!؟ ئاخر..ئاخر من ده‌زانم شتگه‌لێكی هاوبه‌شی زۆر له‌ نێوانماندا هه‌یه‌..با هه‌یش بێت، ئێمه‌ دیدارێكی زۆر له‌ نێوانماندا نه‌بووه‌ تاوه‌كو یاده‌وه‌رییه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند كۆمه‌كم بداتێ..و حزوورێكی تۆكمه‌تری تۆ ده‌ستگیررۆییم بكات له‌..نا..وانییه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك وانییه‌..تۆ خۆت هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنی..بۆ خۆم هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنم؟ بۆی ناوێ، بیر بكه‌ره‌وه‌، بیر..باشه‌ وا بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، دیدار..دیدار. دیداری من و تۆ نه‌ به‌ر له‌و تاقه‌ جاره‌ی كه‌ له‌سه‌ر ڕێگای حه‌سار به‌ ساقۆیه‌كی هه‌ندێ فشه‌وه‌ ده‌ركه‌وتی و ده‌ق به‌و باڵنده‌یه‌م چوواندی كه‌ ته‌ڕبوونێكی بێبه‌زه‌یی باڵه‌كانی شۆڕكردبێته‌ خواره‌وه‌...نه‌ دوای ئه‌وه‌یش..ڕووینه‌داوه‌! ئه‌گه‌ر ڕوویشی دابێ..سه‌یره‌! هه‌ر له‌سه‌ر كاغه‌ز بووه‌! ئه‌هاااا..بزانه‌ ئه‌وه‌ ده‌ستپێكێكی به‌ پیتت دۆزییه‌وه‌..زیاتر بیر بكه‌ره‌وه‌، تۆ وه‌كو كه‌سی تر مه‌به‌، وه‌كو ئه‌وانه‌ مه‌به‌ كه‌ یاده‌وه‌رییه‌كانیان زیندوو ڕاناگرن..ئه‌وانه‌ بۆشاییه‌كانی ئایینده‌یان به‌ هیچ كلۆجێك پڕ نابێته‌وه‌..تۆ..به‌ زیندوویی ئه‌و تاقه‌ یاده‌وه‌رییه‌ ڕاگره‌ ئیدی قه‌تاوقه‌ت شته‌كان دووباره‌ نابنه‌وه‌...ئاخر من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بڵێم ئه‌وه‌ی هه‌مه‌ بایی ئه‌وه‌ ناكات شتێكی به‌پێزت له‌باره‌وه‌ بڵێم..به‌هه‌ڵه‌دا چوویت..تۆ بیر بكه‌ره‌وه‌..باشه‌..به‌ڵام خۆ زۆریش نین ئه‌و كاغه‌زانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ریاندا دیدارمان به‌رقه‌رار بووه‌..قه‌ی ناكات، هه‌رچی چۆنێك بێت ده‌ستپێكێكی بێ غه‌ل و غه‌شه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی ئه‌و ناسینه‌. ڕاسته‌، ڕاسته‌..سه‌بیه‌شێت، پانتۆڵی جینس..دوای ئه‌مانه‌یش ئه‌گه‌ر سه‌رچیغ نه‌چووبم مه‌مله‌كه‌تی سه‌گه‌كان..ده‌ق وایه‌..هه‌ستم به‌ خه‌نده‌یه‌كی كرد له‌ چاوه‌كانم به‌له‌سه‌ بوو..به‌ شاگه‌شكه‌یه‌كه‌وه‌ وتی: جا با ئه‌وه‌یشت پێ بڵێم، لای چه‌ند كه‌سێك چه‌كی ڕه‌خنه‌یشت له‌ سه‌بیه‌شێت خستۆته‌كار، گوایه‌ هه‌وساری كۆتاییه‌كه‌ییم له‌ده‌ست به‌ربووه‌. ئه‌و گوزارشته‌ت، ڕێك ئه‌و گوزارشته‌ت بۆ هه‌وسار كردووه‌، ئه‌وه‌یشت وتووه‌ كه‌ سه‌ره‌داوی هونه‌ریی كۆتاییه‌كه‌ییم لێ ئاڵۆزكاوه‌..ئاخر..له‌م ئانوساته‌ سوورهه‌ڵگه‌ڕانم به‌گژدا ده‌كه‌یت! نا نا هیچ هه‌ست به‌ شتی وا مه‌كه‌، چونكه‌ دوای ئه‌و ساڵه‌ دوورودرێژانه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌خوشكه‌كانیدا ئاماده‌ی چاپم ده‌كرد، هاوڕای تۆ بووم..چۆن؟ ئێ ناڵێم هاوبه‌شیی زۆره‌ له‌ نێوانماندا..ئاخر من شتی تریشم وتووه‌ سه‌باره‌ت به‌و دوو سێ چیرۆكه‌ت..ئه‌ی ئه‌وانه‌یان بۆ نه‌گێڕاویته‌وه‌؟ ئه‌وانیشم مووبه‌موو پێگه‌یشتووه‌..لێره‌ هی وا هه‌یه‌ ته‌نها زیاده‌ڕۆیی به‌ خراپییه‌كانه‌وه‌ ده‌نێت، زۆریشن، بێگومان هی وایش هه‌ن چاكییه‌كان، به‌ڵام ئه‌مانه‌ ده‌گمه‌نن..نه‌یسه‌..ئه‌وانیشم له‌لا شاراوه‌ نییه‌. هه‌موویان ده‌زانم..چییی، كامانه‌؟ ده‌زانم ستایشی زمانی چیرۆكه‌كانت كردووه‌ و به‌راوورد به‌ زمانه‌كه‌ی مامه‌م جه‌لیل به‌ په‌سه‌ندتر له‌قه‌ڵه‌مت داوه‌! ده‌زانم چی تریش..خێر بێت! ده‌ڵێی ئه‌وه‌ی له‌ هزری مندا گوزه‌راوه‌ تۆ په‌ڕوباڵی مه‌لی وشه‌ت پێ به‌خشیوون..ڕه‌نگه‌ من بۆ تۆ ده‌ق بم، بنیاده‌م نه‌بم!! ڕه‌نگه‌...من له‌و كاته‌وه‌ ئه‌م شتانه‌ ده‌زانم كه‌ ئه‌و سه‌فه‌ره‌مان پێكه‌وه‌ كرد..جا ئه‌وسا گفتوگۆیه‌كی ئه‌وتۆ له‌ میانماندا نه‌هاته‌ كایه‌وه‌! ئیتر بۆ سوكرات به‌ درۆ ده‌خه‌یته‌وه‌؟ به‌درۆی ناخه‌مه‌وه‌، حه‌ددم چییه‌..ئه‌ی چی؟ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و له‌و ده‌ربڕینه‌یدا جێگای بۆ سۆسه‌كردن نه‌هێشتۆته‌وه‌..منیش به‌ سۆسه‌كردن په‌ییم به‌وه‌ برد و گوێی هه‌موو هه‌سته‌كانم هاتنه‌ زرینگانه‌وه‌..ئه‌مشه‌ویش ئاگام لێبوو..ئاگام لێبوو تاقه‌ پێڵوویه‌ك چییه‌ لێكت نه‌نا..چۆن؟ چۆنی پێ ناوێ، به‌تڵه‌كانی شه‌و یه‌ك به‌دوای یه‌ك تێپه‌ڕین، زۆر به‌ قورسیی تێ ده‌په‌ڕین و تۆیش هه‌ر بیرت له‌ من ئاڵاندبوو، من ئه‌و ته‌ونه‌ جاڵجاڵۆكه‌یه‌ بووم كه‌ تۆ مه‌گه‌زئاسا تێیكه‌وتبوویت..لێی گیر ببوویت و وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ ئامان و زه‌مان مه‌ودای ده‌رباز بوونت لێی جیا نه‌بێته‌وه‌..سه‌رسام گوێم شلكردبوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ژێر ته‌لیسمی سیحرێكدا كه‌وتبم، په‌لوپۆم شه‌ته‌كی خواردبوو. به‌هه‌رحاڵ..ئه‌و له‌ سه‌ری ڕۆیشت و كاریگه‌ریی وشه‌كانی فراوانتر كرده‌وه‌ و گوتی: گوێم لێبوو، مێشكی خۆتت وه‌كو پرته‌قاڵێك ده‌گوشی تاكو ڕیزبه‌ندیی به‌رهه‌مه‌كانم وه‌بیر بهێنیته‌وه‌، به‌ گوڕ و تینێكی سه‌یره‌وه‌ هه‌ستم به‌ زیندوو بوونه‌وه‌ كرد، ده‌تگوت قه‌قنه‌سێكم، بیركردنه‌وه‌ی تۆ ده‌بێته‌ ئاگرێك و من له‌ خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی هه‌ڵده‌ستمه‌وه‌..ئیتر ئه‌وه‌ بوو به‌و پنته‌ی من تیایدا باوه‌ڕم به‌ فانیبوونی خۆم له‌ق بوو..له‌و ئانوساته‌دا هه‌ستم كرد فانیی نیم و ده‌بێ هه‌ستمه‌وه‌..گوێم لێبوو، یه‌ك یه‌ك ناوی ئه‌و چه‌ند كتێبه‌ت هێنایه‌وه‌ ناو كتێبخانه‌ی یادت كه‌ وه‌رمگێڕاون و به‌ توندییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ریش سه‌رزه‌نیشتی خۆت كرد. سه‌رزه‌نیشت؟ به‌ڵێ..كاتێ كه‌ چه‌ندت كرد و كۆشا ئه‌وه‌ی هێرمان هێسه‌ت نه‌هاته‌وه‌ بیر..پڕ بووی له‌ سوێ..ئینجا سه‌رزه‌نیشتی ئه‌وه‌شت كرد كه‌ بۆچی نه‌تده‌زانی كتێبه‌كانی ترم چین؟! با له‌مانه‌ گه‌ڕێین..دیاره‌ شتێكت نه‌زانیووه‌؟ چی؟ ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی لای براده‌رێك لێم گرتی..كام ڕه‌خنه‌؟ ئه‌وه‌ی وتم نه‌ده‌بوو به‌شێكی ژیانت له‌گه‌ڵ نووسه‌ری"مرۆڤ وده‌وروبه‌ر"دا به‌سه‌ر به‌ریت..ئا..ئه‌وه‌؟ له‌مه‌دا یه‌كنا گرینه‌وه‌، ئه‌وانه‌ وه‌كو قه‌واره‌ی خۆم ئیشم لێ كردوون..لێره‌ پێكه‌نینێك تاریكایی بێده‌نگیی ساته‌وه‌خته‌كه‌ی ڕۆشن كرده‌وه‌ و وتی: بگوزه‌رێین..ده‌زانی چه‌ند جار جوێنت به‌ هه‌موو شتێكی ئه‌م كیشوه‌ره‌دا؟ بێگومان نا..چونكه‌ ببووی به‌ نێچیری تووڕه‌ییه‌كی بێ حه‌ددوسنوور..ئه‌و جوێنانه‌ی به‌خۆتتدان له‌ هه‌موو شتێك كۆمیدیی تر بوون..درك به‌ هۆكاره‌كه‌ی ده‌كه‌م..منیش سه‌فه‌ری بێشوومارم به‌و چركه‌ساتانه‌ زۆروزه‌به‌نده‌ جوێن ورووژێنه‌رانه‌دا كردووه‌، سات نه‌بووه‌ به‌و بارودۆخانه‌دا سه‌فه‌ر نه‌كه‌م..پێت بڵێم چه‌ند جار: ده‌روونم خاڵییه‌ وه‌ك نه‌ی ده‌ناڵێ..ی نالیت وته‌وه‌؟ نا..نا..با دیسان چاوه‌كانت نه‌بنه‌ بلوێری ئه‌شك..و قافڵه‌ی هاوار ڕێچكه‌ نه‌به‌ستێ..ڕاسته‌..له‌دوای"خاڵییه‌"كه‌وه‌ دڵم پڕ ده‌بوو و ڕۆح زه‌نگۆڵ زه‌نگۆڵ به‌ تێزابی خۆی ئاوڕشێنی جه‌سته‌ی ده‌كرد..بێگومان، تۆ له‌ كووچه‌ پڕ كڵۆڵییه‌كانی هزرمدا به‌دوای هاوبه‌شییه‌كانماندا ده‌گه‌ڕای، بۆیه‌ وا ئێستا به‌ زمانه‌كه‌ی من ده‌دوێی..ئاخر ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كێك بێت له‌ ڕه‌هه‌نده‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوانمان..بێچه‌ند و چوون، بێچه‌ند و چوون..ئاااا ...بیریشم چوو پێت بڵێم..قه‌ڵبه‌زه‌ی تامه‌زرۆییه‌كی ڕمۆك فه‌زای بیستنم ده‌سمێت و تاسه‌ی ئاگرینی گوێگرتن چاوه‌ڕوانیی خامۆش ده‌كات..چیم پێ بڵێی؟ ئا..ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌باره‌ت به‌و چیرۆكانه‌م وتووته‌..خۆ من له‌وانه‌یه‌ شتی زۆرم ده‌رهه‌ق وتبن. به‌ڵام كامه‌یان؟ ئه‌وه‌یان كه‌ ده‌ڵێی: ئه‌مانه‌ ڕیالیزمی سیحریی بوون و..نه‌یشبوون!....! بوون: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ زمان و شێوازێكی كتومت سیحرییانه‌ واقیعه‌كه‌ی ئێمه‌یان له‌ چوارچێوه‌ گرتووه‌ و..نه‌یشبوون: چونكه‌ ئه‌وانه‌ خۆیان له‌ بنه‌ڕه‌تدا ڕیالیزم بوون، ڕیالیزمه‌ كتومته‌مه‌ی ئێمه‌، نه‌ك سیحرییه‌كی خه‌یاڵكرد..یانی به‌ خه‌یاڵێكی په‌تییدا تێتنه‌په‌ڕاندوون..ئه‌مه‌م وتووه‌، به‌ڵام پتر كاڵایه‌ك بووه‌ به‌ باڵای"مه‌مله‌كه‌تی سه‌گه‌كان"، چونكه‌ بۆته‌یه‌كه‌ بوون و كات و شوێنی تێدا كۆكراوه‌ته‌وه‌، داهێنان خۆی تێدا قه‌تیس كردووه‌، كامیرایه‌كی بێڕاده‌ هه‌سته‌وه‌ره‌، به‌ر له‌وه‌ی ڕوواڵه‌تی ده‌ره‌وه‌ تۆمار بكات، وێنه‌ نادیاره‌كانی قووڵایی وجووڵانه‌وه‌ی هه‌سته‌كانی گرتووه‌..پێكه‌نینه‌ فریشتانه‌كه‌ی ده‌تاسێت..ده‌ڵێم: گله‌یی له‌ جه‌سته‌ی بێده‌نگییه‌كه‌ت ده‌چۆڕێته‌وه‌..نا..نا..تێده‌فكرم..ده‌مه‌وێ جێ پێكانی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ هه‌ڵگرمه‌وه‌ كه‌پێكه‌وه‌ بۆ شار گه‌ڕاینه‌وه‌..ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ ناوكۆی زه‌مه‌نی ئه‌و تاقه‌ یه‌كتر بینینه‌مان. ده‌مه‌وێ بزانم ئاخۆ یاده‌وه‌ریی لا ڕسكاندوویت، یان نا؟

ڕه‌نگێك ده‌به‌م و ڕه‌نگێك ده‌هێنم...دواجار زمان ده‌بێته‌ فریادڕه‌س...

كه‌ له‌ ته‌نیشتم دانیشتی، خۆت وا ده‌رنه‌خست كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ پێم ئاشنا ده‌بیت. جێی سه‌رسووڕمان بوو كه‌ گه‌رم و گوڕانه‌ وتت: ده‌مێكه‌ یه‌كترمان نه‌بینیووه‌، به‌ڕاستیی باش بوو ئه‌م سه‌فه‌ره‌ پێكی گه‌یاندینه‌وه‌. داخ بۆ ئه‌و قژه‌ت ناخۆم كه‌ ماشوبرنجییه‌كی تابڵێی جوان بوو، ده‌زانی بۆ؟ چونكه‌ ئێستا به‌ لووتكه‌ی چیایه‌ك ده‌چێت، جوانتره‌، ده‌ڵێی مانگ تریفه‌ڕشێنی كردووه‌..پێشتر..كه‌سێكم نه‌دیتبوو به‌و شێوه‌یه‌ بێت..یانی چی؟ یانی كه‌سی وا نه‌بووه‌ به‌و جۆره‌ خۆییم له‌گه‌ڵدا ئاشنا بكات، وه‌ك بڵێیت هه‌میشه‌ هه‌ر یه‌كترمان ناسیبێ، هه‌میشه‌ هه‌ر هاوده‌می ترپه‌كانی زه‌مه‌نێكی دوورودرێژ بووبین..تۆ ته‌ماشای چاوه‌كانت نه‌كردم! بۆ ته‌ماشایان بكه‌م؟ تا جووتێ ئه‌ستێره‌ی كشاو ببینی..جا بۆچی كشاو؟ چونكه‌ یاده‌وه‌رییه‌كی ترت لا ورووژاندم..چه‌ند ساڵێك پێشترم وه‌بیر هاته‌وه‌..له‌ میهره‌جا نێكدا به‌ره‌و پیری شاعیرێكی قه‌ره‌داخی نازناو چووم به‌و نیازه‌ی بیناسم، كه‌چی هه‌ر كه‌ سڵاوم لێكرد، یه‌كه‌وڕاست مۆبایه‌ڵه‌كه‌ی له‌ گیرفانی ده‌رهێناو...به‌هه‌رحاڵ..ده‌زانی كه‌ له‌لام دانیشتی سه‌یرێكی ئه‌و كتێبه‌ی سه‌ر كۆشت كردم، سه‌یر كردنه‌كه‌ت لاقردێ ئامێز بوو..ئاااا..به‌ منگه‌یه‌كی له‌ وه‌ڕسیی هه‌ڵقووڵاوه‌وه‌ ناوه‌كه‌یم حینجه‌ كرده‌وه‌: پڕۆفیسۆری..یاریده‌ده‌ر..میم..دكتۆر...ئیتر پێكه‌نینێكی تاقه‌تپڕووكێن ئاقاری نیگاكانمی بۆ پێشه‌وه‌ گواسته‌وه‌ و تا گه‌یشتین وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ چه‌نه‌لێدان سه‌رمام بێت به‌ بێده‌نگییه‌كی مه‌ند خۆم داپۆشیی..مام جه‌لیل له‌ ئاوێنه‌كه‌وه‌ سێره‌یه‌كی پلارینی لێگرتیته‌وه‌: حه‌كیم ئه‌و ڕیشه‌ت بۆ به‌رداوه‌ته‌وه‌؟ وه‌ڵامه‌كه‌شت، ئه‌گه‌رچی كورتیش بوو، به‌ڵام پانۆڕامایه‌كی په‌سڵانیی تیامدا ورووژاند..مامه‌ گوێزانی خۆشییم ده‌ست ناكه‌وێ! جگه‌ له‌وه‌ منداڵه‌كانیش ده‌مو چاوێكی جیاوازیان هه‌یه‌ یاری پێبكه‌ن...ده‌ی ده‌ی..ده‌زانم له‌باره‌ی خاكێتی بوونیشمه‌وه‌ چیت به‌خۆت گوت. ئه‌ویش ده‌زانی؟ بێگومان..بێگومان..به‌ڵام له‌وه‌شدا هاوڕات نیم..بۆ؟ به‌ كورتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌رج نییه‌ خاكیی بوون هه‌ر به‌ ته‌نها ئه‌دگاری داهێنه‌ری ڕه‌سه‌ن بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من له‌ كوێ و داهێ ێ..ده‌ی با ئه‌مانه‌ هه‌ڵگرین بۆ هه‌لێكی تر..ئه‌ی له‌وێ؟ له‌ كوێ؟ له‌وێ كه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌و هۆڵه‌ی كۆڕه‌كه‌ی مامه‌م جه‌لیلی تێدا ڕێكخرابوو..له‌وێ ێ..له‌وێ من دوو به‌های تری تۆم بۆ ده‌ركه‌وت..به‌ها؟ به‌ڵێ..به‌های چی؟ ئه‌ها كه‌ بڕگه‌كانی كۆڕه‌كه‌ ته‌واو بوون داوات لێكرا كۆڕه‌كه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنی...ئااااا...ئینجا ئه‌وه‌ چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ به‌هاوه‌ هه‌یه‌؟ چۆن په‌یوه‌ندی نییه‌؟ له‌وێ دوو شتت وت، له‌ هه‌ردووكیاندا هاوبه‌شیمان هه‌یه‌..نایه‌ته‌ بیرم شتێكی گرنگم وتبێ!..نا ..سه‌ره‌تا وتت: منیش كێشه‌م له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانی مامه‌م جه‌لیلدا هه‌یه‌...ئه‌گه‌رچی زۆریش له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیك بوون. هاوكات و هاوشوێن و هاوسه‌رده‌م و هاوبیرو هاوزۆرشتی تریش بوون، به‌ڵام ئه‌و نزیكییه‌ نه‌بووه‌ هۆی لایه‌نگیربوون و پشت له‌ ڕاستیی كردن..ئه‌ی دووه‌میان؟ دووه‌میشیان وتت: ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی كاك ئه‌دیبم به‌دڵ بوو، ڕه‌خنه‌ حزووری تێدا هه‌بوو، ته‌رازوویه‌ك بوو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر دوو تایه‌كه‌ی..ئاخر ئه‌مه‌ چ په‌یوه‌ندی به‌ به‌هاوه‌ هه‌یه‌ ؟ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ڕاستگۆییه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌ویش به‌هایه‌..جگه‌ له‌وه‌ بڕوابوونت ده‌رده‌خات به‌ بوونی هه‌ردوو لایه‌نی پۆزه‌تیڤ و نه‌گه‌تیڤ له‌ كاری ئه‌ده‌بییدا..كه‌ پێویسته‌ دوور له‌ هه‌ست و سۆز و شته‌كانی دی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت..ئیتر چاوه‌كانی وه‌كو دوو ئه‌ڵماسی قه‌تیسكراو بریسكانه‌وه‌ و ده‌نگه‌كه‌ی تۆنێكی خۆشحاڵانه‌ی تێگه‌ڕا كه‌ وتی: دیاره‌ قسه‌كه‌ی سه‌ره‌تام له‌جێی خۆیدا بوو..كام قسه‌؟ ئه‌وه‌ی كه‌ وتم تۆ له‌ زۆر كه‌س باشتر ده‌مناسیی..ئێستا ئیتر مه‌ڵێ به‌م قسه‌یه‌ ناڵێم ئامین..نا، نا، ئه‌مجاره‌ له‌ مێشكمدا شتێكی وا نه‌ڕسكاوه‌ تا گۆی پێبكه‌م، به‌ڵام. به‌ڵامی چی؟ ئێمه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م گفتوگۆیه‌ نزیك بووینه‌ته‌وه‌..وا مه‌ڵێ، من هێشتا شتی زۆرم ماوه‌ هه‌ڵیبڕێژم. نا..پێم وانییه‌ شتێكی ئه‌وتۆت مابێته‌وه‌، ئا..ته‌نها ئه‌و شته‌ نه‌بێ كه‌ دوێنێ شه‌و ده‌یان جار ده‌تووت و ده‌تووته‌وه‌..چیم ده‌ووت و ده‌ووته‌وه‌؟ چی ی ی؟ ئه‌وه‌ی..كه‌ تۆیش بڕوات به‌ مردنه‌كه‌م هێنابوو! ده‌نگێك كه‌ ئه‌م ڕسته‌یه‌ی لێوه‌ ده‌رهات په‌ڵه‌هه‌ورێك بوو، په‌ڵه‌هه‌ورێكی بچووكی ئاسمانی گله‌ییه‌كی ناكۆتا..ئیتر شه‌رم ڕۆحمی كرده‌ پارچه‌ ئاسنی ناو كووره‌ی داخی ئاسنگه‌رێك..هه‌ر ده‌تووت و..ئاخر نه‌ده‌بوو تۆ نه‌بی؟ تۆ نه‌بی و كه‌سێكی تر بێت، كه‌سێكی تر، كه‌سێك كه‌ بڕوات، كه‌ دنیاكه‌مان به‌جێ بێڵێت، نیوه‌ی قه‌واره‌مان له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌بات؟! ئاخر بۆ ده‌بوایه‌ تۆ بیت؟ تۆ نازانی ئه‌و به‌شه‌ی قه‌واره‌م كه‌ له‌گه‌ڵ خۆت بردووته‌ جارێكی تر چۆن پڕی ده‌كه‌مه‌وه‌؟ یان هه‌رگیز پڕ ده‌كرێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر مردبیت، مردنه‌كه‌ت بۆ من دوو كۆسته‌، جارێك وه‌كو هاو- وڵاتی و جارێكیش وه‌كو هاو- شاریی..جارێك وه‌كو.. ناهێڵێت دووباره‌ی بكه‌مه‌وه‌. تێم ده‌ڕوانێ و پێم ده‌ڵێ: ئێستا من تۆزقاڵێك گومان چییه‌ له‌و تێفكرینه‌مدا چه‌كه‌ره‌ی نه‌كردووه‌..كام تێفكرین؟ ئه‌وه‌ی كه‌ تۆ ده‌توانی په‌یكه‌ره‌كه‌م به‌ وشه‌ پێرفێكتانه‌ دابڕێژی..جا له‌و بڕوایه‌دا نیت هیچ غه‌درێكت لێ بكه‌م؟ به‌ هیچ كلۆجێك..به‌ڵام ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ ته‌له‌فۆنێك بۆ مامه‌م جه‌لیل بكه‌یت..بۆچی ته‌له‌فۆنی بۆ بكه‌م؟ بۆ ئه‌وه‌ی پێی بڵێی: من به‌شداری له‌م چله‌یه‌دا ناكه‌م، من نایه‌مه‌ چله‌ی كه‌سێك كه‌ هێشتا نه‌مردووه‌..       

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.