Erbil 9°C شەممە 28 کانونی یەکەم 21:40

ئێزدییەکان 100 ھەزار رۆڵەی خۆیان لەدەستداوە و زیاتر لە 1 ملیۆن کریستییانیش عێراقییان جێھێشتووە

ئەگەری زۆریش ھەیە ئەو ژمارەیە زیادبکات
zeyine ezedeak
کوردستان TV
100%


ئێزدییەکان ١٠٠ ھەزار رۆڵەی خۆیان لەدەستداوە و لە پاش داعش کەمتر لە ٤٠ لەسەدی کریستییانەکان چوونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

سەبارەت بە ئامارەکانی بەردەست سەبارەت بە کۆچکردنی پێکھاتە و کەمینەکانی عێراق بۆ دەرەوە و ئایا مەترسی ئەوە ھەیە عێراق ئیدی ئەوان لەدەست بدات، جێگری سەرۆکی رێکخراوی حامورابی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لویس مەرقوس ئەیوب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "پێکھاتەی ئێزیدی زیاتر لە ١٠٠ ھەزار رۆڵەی خۆیان لەدەست دا بەھۆی کۆچکردنییانەوە بۆ دەرەوەی عێراق، ئەگەری زۆریشی ھەیە ئەو ژمارەیە زیادبکات، لەکاتێکدا کریستییانەکان ژمارەیەکی زیاتر لەو ژمارەیان لەدەستداوە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە رێژەی ئەو کەسانەی کە لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکان و دەرپەڕاندنی چەکدارانی داعش لەنێویاندا گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان نزیک بە ٤٠ لەسەد دەبێت ئەگەر زۆرترین رێژە بڵێین، ھەرچی سابیئەی مەنداییەکانە ئەوا کەمترلە پێنج هەزار کەسییان لە عێراق ماونەتەوە و بەسەر شار و پارێزگاکاندا دابەش بوون".

ھەروەھا گوتیشی: "مەترسییەکی گەورە و نیگەرانییەکی زۆر و روون ھەیە لەوەی عێراق لە پێکھاتەکان بەتاڵ بکرێتەوە و وای لێ بێت ئیدی فرەییە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبییەکەی لەدەستبدات".

لویس مەرقوس لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشک دەخاتە سەر ھۆکارەکانی کۆچی رۆڵەی پێکھاتەکان لە عێراق و بەتایبەت باس لە بەجێھێشتنی عێراق لە لایەن کریستییانەکان دەکات و لەوبارەیەوە راشیدەگەیەنێت "ھۆکاری کۆچکردنی رۆڵەی پێکھاتەکان زۆر و زەوەندن لەنێویاندا بوونی توندوتیژیی چەکداری لەدژییان و زۆر جار رۆڵەی پێکھاتەکان رووبەڕووی مەترسی و ھەڕەشەی گەورە دەبنەوە لە لایەن گرووپە توندوتیژکارەکانەوە، ھەروەھا خراپی بارودۆخی ئابووری و نەبوونی ھەلی کار لە ناوچەکانییاندا ھۆکارێکی دیکەیە، ئەوە لەپاڵ نەبوونی ئازادیی دەربڕینی بیروڕا بە ھۆی گرووپەکانی فشار و نەبوونی دەرفەتی یەکسان لە بە ئەنجام گەیاندنی رێوڕەسمە ئایینی و سروتەکان".

ئەو بەرپرسەی رێکخراوی حامورابی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق کە بایەخ بە بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە وڵات دەدات ھۆکاری دیکەش بۆ کۆچکردنی رۆڵەکانی پێکھاتە و کەمینەکان لە عێراق دەھێنێتەوە و روونی دەکاتەوە "ھۆکاری دیکەش ھەن بۆ کۆچی رۆڵەی پێکھاتەکان بۆ دەرەوەی عێراق لەنێویاندا دەستدرێژیکردنە سەر چەندین پەرستگە و شوێنی پەرستش یان ھیچ نەبێت شوێنەکان گەمارۆدراون و ئەمەش وایکردووە چەندین کڵێسای کریستیانەکان دابخرێن. لە شوێنێکی وەکو بەغدا بە نموونە تا ئێستا شەش کڵێسا بەم ھۆکارە داخراون، ھەروەھا لە مووسڵ چەندین کڵێسا رووخێندراون و سووتێندراون، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کڵێسا و دێر و گۆڕستانانەی تایبەت بە کریستانەکان و وێرانکراون و سوتێندراون دەگاتە ١٦٠ کڵێسا و دێر و گۆڕستان، ھەروەھا ھۆکاری دیکەش لەوانە ھەڵکشانی توندڕەویی ئایینی بەگشتی و لێدان لە بەرژەوەندیی کەمینەکان، لەگەڵ بوونی جیاکاریی نێگەتیڤ بەرامبەرییان لە وەزیفە حکوومییەکان و لابردنی ئەوانەی پۆستییان ھەیە".

لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو جێگری سەرۆکی رێکخراوی حامورابی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لویس مەرقوس ئەیوب تیشک دەخاتە سەر کۆچکردنی پێکھاتەی کریستییان لە عێراق و لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت "کریستییانەکان ژمارەیان لەسەروو یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس دەبوون لە پێش رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، بەڵام ئێستا ژمارەیان دەگاتە نزیک بە ٤٠٠ ھەزار کەس، بەڵام نیگەرانی و ترس لەدڵی ئەوانەدایە کە ماون و ھێشتا دوودڵن لە بارودۆخی خۆیان، چونکە ھیچ ستراتیجییەتێکی نیشتمانیی روون نییە بۆ پاراستنی فرەیی لە عێراق و مەترسیی ھەڕەشە لە ژیانی رۆڵەی پێکھاتەکان دەکات".

لویس مەرقوس دەشڵێت "کریستییانەکان لە عێراق ھەست بە ئارامیی ناکەن و ھۆکاریش بۆ ئەمە زۆرن لەوانە مومارەسەکردنی جیاکاریی رەگەزی لەگەڵ کەمینە و پێکھاتە ئایینییە نا موسڵمانەکان بە ھۆی ئەو یاسایانەی مافەکانیان دەوڕوشێنێت، لەنێویاندا یاسای ژمارەی ٣ی کۆبوونی خۆراک کە لە ساڵی ٢٠١٦ دەرچووە لە ماددەی ٢٦یدا باس لە بە موسڵمانبوونی ئەو منداڵانە دەکات کە ھێشتا نەگەیشتوون بە تەمەنی ١٨ ساڵی ئەگەر یەکێک لە باوک یان دایکییان ببنە موسڵمان، ئەوە جگە لە رێگەپێدان بە موسڵمانبوونی نا موسڵمان و رێگەنەدان بە موسڵمان بە گۆڕینی ئایینەکەی بۆ ئایینی دیکە، ئەوە سەرباری یاسای داھاتی شارەوانییەکان و لە ماددەی ١٤یدا باس لە قەدەغەکردنی ھێنان و دروستکردن و فرۆشتنی ماددەی کھولی دەکات بەھەموو جۆرەکانییەوە، ھەروەھا چەندین یاسا و بڕگەی دیکە".

لە درێژەی قسەکانیدا مەرقوس بە نیگەرانییەوە دەڵێت "ناوچەکانی کریستییان نشین و سەرجەم پێکھاتەکانی دیکە لە دەشتی نەینەوا و لە ناوچە جێناکۆکەکان کە وا دەکات بەردەوام ئەم ناوچانە لەبەردەم شڵەژانی بەردەوام بێت لە نێوان بەغدا و ھەولێر و ئەمەش ھانی بوونی گەشەپێدانی وەبەرھێنان نادات لەم ناوچانە، ئەوە جگە لە نەبوونی بەشداریی راستەقینەی کریستییانەکان و پێکھاتەکانی دیکە لە دروستکردنی بڕیار، بڵاوەکردنی چەکی نارێکخراو، گرنگی پێنەدانی حکوومەت بە ناوچە کریستییانەکان و ناوچەی پێکھاتەکان و نەبوونی قەرەبووی حکوومەت بۆ پێکھاتەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانییان، ھەروەھا لە پاڵ بوونی گۆڕینی دیمۆگرافی پەیڕەوکراو بەپێی بەرنامە بەتایبەت لە دەشتی نەینەوا".

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو بەرپرسەی رێکخراوی حامورابی رەخنەی ئەوەی گرت کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکان کورسیی کریستییان و پێکھاتەکان لە لایەن حزبە گەورەکانەوە قۆرخ دەکرێت و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری دەھێنن و ئەمەش یەکێکە لە خراپییەکانی بەکارھێنانی پێکھاتەکان.

سه‌رچاوه‌ - AA
شوان عه‌زیز

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.