Erbil 9°C شەممە 28 کانونی یەکەم 21:50

عادل عەبدولمەهدی : هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق نییە

بۆ رۆژنامەنووسان دوا
کوردستان TV
100%


سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند کە هیچ بنکەیەکی سەربازیی سوپای ئەمریکا لە خاکی وڵاتەکەی بوونی نییە.

عادل عەبدولمەهدی لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، بۆ رۆژنامەنووسان دوا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی بوونی بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە خاکی وڵاتەکەی گوتی: "چەند بنکەیەکی سەربازیی عێراقی هەیە کە سەربازیی ئەمریکی تیادایە و هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لە عێراقدا بوونی نییە".

لەبارەی سەردانە پێشتر رانەگەیەنراوەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، عادل عەبدولمەهدی گوتی: "لایەنی ئەمریکی لە سەردانەکەی ترەمپ ئاگادارییان کردینەوە، و ئێمە مەرجی ئەوەمان دانا کە دەبێت سەردانەکە فەرمی و بەپێی بەرنامەی کار دیاریکراوبێت"

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "چاومان بە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کەوتووە و هەڵوێستی عێراقمان لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق پێڕاگەیاندووە".

سەردانە لەناکەوەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق بەبێ دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا نیگەرانی بەشێک لە هێزە سیاسییە عێراقییەکانی لێکەوتەوە و ئەو سەردانەیان بە پێشێلکردنی بنەماکانی دیپلۆماسی و سەروەری عێراق لە قەڵەمدا.

لەوەتەی شەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا لە بەرامبەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، نزیکەی پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی لە خاکی عێراق بڵاوەیان پێکرا.

پێشتر بەرپرسێکی خۆجێی عیراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای کردبوو کە ئەمریکا دوو بکەی سەربازیی نوێ لە رۆژئاوای وڵات لە نزیک سنووری سووریا دروست دەکات، ئەمەش دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ دێت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا.

لای خۆیەوە گوتەبێژی شانەی راگەیاندنی جەنگی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق، عەمید یەحیا رەسول لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئەو هەواڵانەی رەت کردبووەوە و رایگەیاندبوو کە هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق بنیات نەنراوە.

سه‌رچاوه‌ - AA
شوان عه‌زیز

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.