Erbil 5°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 20:55

د. مارف خەزنەدار ئەزموونێکی تایبەتی لە ڕۆژگارێکی نووسیندا

شەست ساڵ خزمەتی بە وشەی كوردی كرد
کوردستان TV
100%

ن/ سەباح شێخانی

"د. مارف خەزنەدار ئەزموونێكی تایبەتی لە ڕۆژگارێكی نووسیندا" هەڤپەیفینێكی تێرو تەسەلی نووسەر و ڕەخنەگر "ئازاد عەبدولواحید"ە، لەگەڵ دكتۆر مارف خەزنەدار، بەرهەمەكە لە بڵاوكراوەكانی یەكێتی نووسەرانی كورد لقی هەولێرە، لە دووتوێی 204 لاپەڕەدا، چاپ كراوە.
لە پاش ئەوەی چەندان ساڵ لە زانستگە خزمەتی بە ڕەوتی زانست و خوێندن كرد، لەسەر دەستی ئەو بە دەیان قوتابی باڵا پێگەیشتن، د. مارف بۆ شاری هەولێر بووە ڕەمز و كۆڵەیەكی ڕۆشنبیری، ئازاد عەبدولواحید لە ماوەی دوو ساڵدا بە پچڕ پچڕی هەر جارەی چەپكێك پرسیار دەباتە ماڵی د. مارف، (د. مارف)یش وەڵام دەداتەوە، دواتر بەشێك لەو هەڤپەیڤینە درێژە لە دوو ژمارەی (161_162)ی گۆڤاری ڕاماندا بەدوای یەكدا بڵاوكراونەتەوە، كە بەشی یەكەمی ئەو هەڤپەیڤینە بڵاوكرایەوە د. مارف هێشتا لە ژیاندا بوو، بەڵام بەداخەوە بەشی دووەمی نەبینی .
مارف خەزنەدار ( ١٩٣٠ - ٢٠١٠) جگە لەو بەرهەم و چاپكراوانەی كە لەلایەن خۆیەوە نووسراون، گەنجینەیەكی زۆر بە نرخی لەدوای خۆی بەجێهێشت كە ئەویش كتێبخانەیەكە زیاتر لە 25 هەزار كتێبی تێدایە و بەشێكی زۆری كتێبەكانیش تایبەت و دەگمەنن.
كۆچ و ڕۆیشتنی ئەو، كاریگەریی كردە سەر ڕەوتی ڕۆشنبیری كوردی بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی، هەرگیز ئەو كەلێنەی بە ڕۆیشتنی ئەو دروست بوو، پڕناكرێتەوە.

"د. مارف خەزنەدار ئەزموونێكی تایبەتی لە ڕۆژگارێكی نووسیندا" كتێبێكە پێویستە چەند جارێك بخوێنرێتەوە! گەشتێكی‌ دوور و درێژی‌ پڕ زانیاری‌ بە خوێنەر دەكات و لە دووتووێی‌ كەمترین لاپەڕەدا دەمانباتە بەردەرگای‌ ماڵی‌ زۆر نووسەر، جگە لە خستنە ڕووی‌ چۆنێتی‌ دونیای‌ بیركردنەوەیان، ئاشناشمان دەكات بە چەند بەرهەمێك كە ڕەنگە هەندێك لەو نووسەر‌ و بەرهەمانە هێشتا ناوهێنانیان لە دونیای‌ ئەدەبی‌ ئێمەدا نامۆ بێت.
دەكرێ ئەم كتێبە بە هەوڵێك دابنێین بۆ بە دێكۆمێنتكردنی ژیانی ڕووناكبیری و ئەدەبی ئەو سەردەمە، ئەدەب پرد لە نێوان خەڵكانی جیاوازدا ڕۆ دەنێت و بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە كام كولتوورن، یەكیان دەخات. ئەم قەڵەمە بوێرە، چیرۆكی نەتەوەیەكی لە هەگبەی ناوە. وەك دیل كارنگی دەڵێت: (مەپەیڤە هەتا دڵنیا نەبی شتێكت بۆ گوتن پێیە.) مرۆڤی گەورە، ئەو كەسە میهرەبانەیە، كە تەنیا (ژیان)ـی بۆ خۆی ناوێت و هەوڵ دەدات شەونخونی بكات لە پێناوی خۆشبەختی مرۆڤ، بەو شێوەیە، ژیان پڕ دەكات لە جوانپەرستی.
د. مارف هەر لە تەمەنی زووەوە هۆگری كتێب بووە: (دەتوانم ئەوە بڵێم لە منداڵییەوە عاشقی كتێب بووم، ناتوانم هیچ جۆرە لێكدانەوەیەك بدۆزمەوە، یان لێكۆڵینەوەیەك لە بابەت پێوەندی من بە كتێبەوە بكەم. ل11)
د. مارف شەست ساڵ خزمەتی بە وشەی كوردی كرد، لە ماوەی تەمەنیدا، زۆر وڵات و شار گەراوە، زۆر كەسایەتی و ڕۆشنبیری لە نزیكەوە ناسیوە: (ئەوكەسانە یەكجار زۆرن، ناوی هەندێكیان دەهێنم، بەڵام لەوە دڵنیام زۆری دیكەش هەن و ناویان نایەنە سەر زارم، ئەوانەی دێنەوە یادم ئەمانەن: تۆفیق وەهبی، ڕەفیق حیلمی، جەمیل ڕۆژبەیانی، مارف بەرزنجی، حەمەساڵح دیلان، عەبدولخالیق مەعرووف، دڵشاد مەریوانی، مەلا شەریف، دانیال عوزێر، حاجی جندی، شكۆی حەسەن، عەلائەدین سەجادی، شاكر فەتاح، ئیبراهیم ئەحمەد، هێمن، ئەحمەد هەردی، حەمید عوسمان، جەمال حەیدەری، عەبدولڕەحمان قاسملوو، محەمەد مەولوود مەم، شێخ محەمەدی خاڵ، مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس، موكەڕەم تاڵەبانی محامی و هی دیكە. ل68) 
ئەگەرچی دكتۆر ماوەیەك ئەندامی كۆڕی زانیاری كوردستان(ئەكادیمیای كوردی) بووە لە هەولێر بەڵام لەو كار و ئەزموونە پەشیمان بووە: (ئەمە هەڵەیەك بوو لە ژیانی خوێندەواریی خۆم. بە زەحمەت لەم هەڵەیەم لە خۆم خۆش دەبم. ل67)

كوردستان تیڤی/ كامران

ktv

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.