Erbil 6°C شەممە 28 کانونی یەکەم 05:53

بە مووشەک هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا

سەرۆکی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
کوردستان TV
100%

بە مووشەک هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدای پایتەختی عێراق.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-12-2018، ژمارەیەک مووشەک لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە و دەنگی تەقینەوەیەکیش بیستراوە.

ئەو هێرشە مووشەکییە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دوای هەڕەشەی توندی قەیس خەزعەلی، سەرۆکی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق، ئەنجام دراوە.

قەیس خەزعەلی داوای لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کردووە هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق بکێشێتەوە، ئەگەرنا ”ئەزموون و توانامان هەیە لە ناچارکردنتان بە چوونە دەرەوە لە عێراق“.

تا ئێستا دیار نیه‌ کام لایەن بەرپرسە لەو هێرشە مووشەکییە، بەڵام بەهۆی ناکارایی هێزە عێراقییەکان، دەیان گرووپ و میلیشیای عێراقی و بە ئەجێندا و بەرژەوەندیی جیاوازەوە دروست بوون و کردەی تیرۆریستیو رفاندن و کوشتنی هاووڵاتییان ئەنجام دەدەن.

تێزانین شەوی چوارشەممە 26-12-2018، میدیا ئەمریکییەکان بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپ و میلانیای هاوسەری لەناو هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، بڵاویان کردەوە، کە ترەمپ لە کۆتاییەکانی شەوی جەژنی لەدایکوونی حەزرەتی مەسیح (د. خ.) بە سەردانێکی نهێنی گەیشتووەتە عێراق و لە سەربازگەیەکی سوپای وڵاتەکەی لە پارێزگای ئەنبار، لەگەڵ فەرماندە و سەربازە ئەمریکییەکان کۆ بووەتەوە.

ئەو سەردانە نهێنییەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق بووەتە هۆی ناڕەزایی لایەنە عێراقییەکان و پێیان وایە ترەمپ بە ئاشکرا سنووری عێراقی بەنایاسایی بەزاندووە و پێشێلکاریی سەروەریی عێراقی کردووە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.