Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 15:26

مەحموود عوسمان: ترەمپ سەرۆک کۆماری عێراقی ھەر نەخوێندەوە  

عوسمان: ئەم سەردانە حیساب نەکردن بوو بۆ ھەموو عێراق
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری ناسراوی کوردستان ڕایگەیاند" ھاتنەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق بەو شێوەیە، حیساب نەکردن بوو بۆ عێراق، بەتایبەتیش بۆ سەرؤك کۆمار.

مەحمود عوسمان لەبارەی سەردانەکەی ترەمپەوە بۆ عێراق بە باسنیوزی ڕاگەیاند" عێراقییەکان ئەمریکییەکانیان لە سەردەمی جۆرج بوشەوە فێر کردووە، کە لە سەربازگەکانی خۆیان دابەزن و لەوێوە بانگی بەرپرسانی عێراقی بکەن، جۆرج بوش و باراک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپیش بەم شێوە ناشیرینە هاتن، کە نەدەبوو بیکەن.

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد گوتیشی "دەڵێن گوایە ترەمپ داوای لە عادل عەبدولمەھدی کردووە بچێتە سەربازگەكەی ئەنبار و ئەویش نەچووە، ئەگەر وابێت باشی كردووە نەچووە، سەرەڕای ئەوەش پێویستە ڕاگەیاندراوێک دەربکات و بڵێ ئێمە وڵاتێکی خاوەن سەروەریین و ھاتنی لەم چەشنەمان قبووڵ نییە، ھەروەھا ترەمپ داوای بینینی منی کردووە نەچووم، ئەمە ترسی بۆ چیە؟ دەبوو لە یەکەم جارەوە لە فڕۆکەخانەوە بێن و پێشوازییان لێ بکرێت، نەک لە سەربازگە بنیشنەوە و بڵێ وەرە بۆ لام".

لەبارەی ڕۆڵی سەرکۆمار لە عێراق و بینینی لەلایەن ترەمپیشەوە، مەحموود عوسمان گوتی" ترەمپ سەرکۆماری عێراقی ھەر نەخوێندەوە، بەس باس لە داوەتی دیداری عادل عەبدولمەھدی دەكرێ، پێویستە سەرکۆماریش قسەی ھەبێ و ڕای خۆی بڵێت، با بزانین ھیچ دەڵێ یان نایڵێ؟ ئەم سەردانە حیساب نەکردنە بۆ ھەموو عێراق و بەتایبەت سەرۆک کۆمار، ھەروەھا بێڕێزییەکی زۆر گەورەیە.

ئەوەشی خستەڕوو کە دوو ڕۆژ پێش گەشتی ترەمپ بۆ عێراق، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ" سەدام باشتر بووە لەوانەی ئێستا لە عێراقدان، چونکە ئەمانە کۆمەڵێک کەسی دزن و کێشەیان زۆرە.

دوێنێ شەو ترەمپ بۆ ماوەی سێ كاتژمێر سەردانی سەربازگەی عەین ئەسەدی ئەمریكیەكانی كرد لە شاری ئەنبار و تا گەڕایەوە بەرەو وڵاتەكەی، هیچ میدیایەكیش نەیزانی، سەرباری ئەوەی هیچ چاوپێكەوتن و دیدارێكی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجام نەدا.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.