Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 21:44

ھۆشیار زێباری: سەرۆکایەتییەکانی عێراق نەیانتوانی ئابڕووی وڵاتەکەیان بپارێزن

زێباری: سەردانی دۆناڵد ترەمپ بۆ لای ھێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق، ئاساییە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧-١٢-٢٠١٨، ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاند، سەردانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە جەژنی سەری ساڵدا بۆ لای ھێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق، ئاساییە و بۆ دڵدانەوە و دڵخۆشکردنی سەربازەکانییەتی.

ھۆشیار زێباری ھەروەھا ئاماژەی داوە، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکوومەت) ”پەراوێز خراون“ و تەنانەت بەشێوەیەکی رەمزیش لە پێشوازیی دۆناڵد ترەمپدا نەبوون و پێی وایە ئەو سێ سەرۆکایەتییە نەیانتوانی ”ئابڕوو و شکۆ“ی وڵاتەکەیان بپارێزن.

زێباری ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەو سەردەمەی ئەو وەزیری دەرەوە بوو، بەردەوام لە پەیامەکانیدا بۆ ئەمریکییەکان جەختی لەوە دەکردەوە، کە پێویستە لەکاتی ھاتنی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ عێراق، رێوڕەسمی پێشوازیکردن ئەنجام بدرێت و بە ”بەڵگە“ش ھیچ سەردانێکی ئەمریکییەکان بەبێ ئاگاداریی حکوومەتی عێراق، ئەنجام نەدرا.

شەوی چوارشەممە ٢٦-١٢-٢٠١٨، میدیا ئەمریکییەکان بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپ و میلانیای ھاوسەری لەناو ھێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، بڵاویان کردەوە، کە ترەمپ لە کۆتاییەکانی شەوی جەژنی لەدایکوونی حەزرەتی مەسیح (د. خ.) بە سەردانێکی نھێنی گەیشتووەتە عێراق و لە سەربازگەیەکی سوپای وڵاتەکەی لە پارێزگای ئەنبار، لەگەڵ فەرماندە و سەربازە ئەمریکییەکان کۆ بووەتەوە.

ئەو سەردانە نھێنییەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق بووەتە ھۆی ناڕەزایی لایەنە عێراقییەکان و پێیان وایە ترەمپ بە ئاشکرا سنووری عێراقی بەنایاسایی بەزاندووە و پێشێلکاریی سەروەریی عێراقی کردووە.

دۆناڵد ترەمپ دوای سەردانەکە، ھۆکارەی بە نھێنیی چوونی بۆ عێراق بۆ ”مەترسیی ئەمنی“ گەڕاندەوە، کە سەرەڕەای ئەوەی ئەمریکا حەوت تریلیۆن (حەوت ھەزار ملیار) دۆلاری بۆ سەقامگیریی عێراق خەرج کرد، کەچی ئەو ناچار بووە بۆ پاراستنی خۆی، بە نھێنی سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.