Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 13:24

قایمقامی شنگال:  بارودۆخی خەڵکی شنگال زۆر خراپە

حکوومەتی عێراق بە ئەرکی خۆى بەرامبەر خەڵکی شنگال هەڵنەستاوە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە 25/12/2018، ، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال لە نووسینگەی دهۆکی پەرلەمانی عێراق، لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، بارودۆخی خەڵکی شنگال چ ئەوانەی لە کەمپەکان دەژین و چ ئەوانەی گەڕاونەتەوە، زۆر خراپە.

مەحما خەلیل رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕی زۆریان لە شنگال خەرج کردووە، بەڵام ئەو بڕە پارانەی ئەو دوو لایەنە خەرجیان کردووە، بەشێوەی دروست خەرج نەکراوە و نەبووەتە هۆی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەی.

قایمقامی شنگال داوای لە سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، وەک چۆن پێشتر بەرگریی لە خەڵکی شنگال کردووەتە و خاوەندارێتیی لەو شارەی کوردستان کردووە، هەوڵی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق بدات، چونکە ”لە رووی مێژوویی، جوگرافی و نەتەوەییەوە شنگال بەشێکە لە کوردستان“.

مەحما خەلیل جەختی لەوە کردەوە، کە حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر خەڵکی شنگال هەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکی نەکردووەتەوە، کە بەهۆی هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.

هەروەک قایمقامی شنگال رایگەیاند، ئێستا چەند هیزێک، کە نوێنەرایەتیی خەڵکی شنگال ناکەن، دەسەڵاتی شارەکەیان بەدەستە و بەهۆی ناکۆکیی ئەوانیشەوە، تەنیا خەڵکی ئەو شارە زیانیان پێ گەیشتووە و داوای گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بۆ شنگال کرد تا بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق، پاراستنی شارەکە بگرنە دەست.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.