Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 11:16

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی له‌ سلێمانى دژی ڕووداوەکەی چەمچەماڵ گردبوونەوە

بەتوندی ئیدانەی ئەو کارە قێزەونە دەکەن
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە 25/12/2018، لە سلێمانی تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ھاوکاریی ژمارەیەک چالاکوانانی ژنان لە دژی ڕووداوەکەی چەمچەماڵ، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجام دا و بۆ ئیدانەکردنی ئەو ڕووداوە تراژیدیایە، ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشیان خوێندەوە و ڕایانگەیاند" بەداخەوە نادادی و سەروەرنەبوونی یاسا بوونەتە ھۆی زیادبوونی ڕووداوە دڵتەزێنەکان و ھۆکارێکە بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بەجدی بەدەم ئەم پرسەوە نەیەن، کۆمەڵگە پڕ دەبێت لە پشێوی و بەرەو لێواری ڕووخان دەچێت".

ڕوونیشیان کردەوە، ئەوان بەتوندی ئیدانەی ئەو کارە قێزەونە دەکەن، کە بووە ھۆی کوشتنی دایکێک و سێ جگەرگۆشەکەی، ھەروەھا داواکارن کە سەروەریی یاسا بپارێزرێت و ئەو کەیسە و ھاوشێوەکانی بەشێوازێکی دادپەروەرانە یەکلا بکرێنەوە و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە: "پێویستە پەڕلەمانی کوردستان و حکوومەت بەجدی بێنە سەر خەت بۆ باشترکردنی ژیانی ھاووڵاتییان و دوورخستنەوەی دەستی حزب و شەخس لە دادگا و دامودەزگاکان، داواکارین لە وەزارەتی ڕۆشنبیری سنوورێک بۆ ئەو کەناڵ و سایتانە دابنێت، کە بوونەتە ھۆکاری تێکدانی دابونەریتە جوانەکانی کۆمەڵگەی کوردی".

تێزانین کاتژمێر 8:30 خولەکی شەوی 16/12/2018، لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا سێ منداڵ گیانیان لەدەست دا و دایکەکەشیان بریندار بوو، بەڵام بەھۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەکەیەوە، ڕۆژی دووشەممە 23/12/2018 دایكه‌كه‌ش گیانی لەدەست دا.

دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی ئاگرکەوتنەوەکە، ھاوسەری ئەو ئافرەتە بەوە تۆمەتبار کرا، کە خۆی ھاوسەر و منداڵەکانی سووتاندووە، بەڵام تا ئێستا ھۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە یەکلا نەبووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەم بارەیەوە بەردەوامن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.