شارەزایانی دژەتیرۆر و بەرپرسانی هەواڵگری و ئاسایش هۆشداری دەدەن، رێکخراوی داعش لەسەر کۆمێک پارە و زێر دانیشتووە و بەشێکی زۆری ئەم سامانە بۆ ژیاندنەوەی رێکخراوەکە بەکاردێت.
بەبۆچوونی ئەوان، بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا، داعش لەم ئامانجەی نزیکتر دەکاتەوە.
ساڵێک دوای تێکشکانی خەلافەتی داعش، رێکخراوەکە بڕێکی زۆر داهاتی دراویی خشڵ و زێڕی کۆکردۆتەوە، کە دەتوانێت بۆ درێژەدان بە کردەی تیرۆریستی و رێکخستنەوەی خۆی بەکاریبهێنێت.
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکی شیکاریی و زانیاری لەسەر رۆڵی دەزگەکانی هەواڵگریی و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تیشک دەخاتە سەر ئەو هەڵمەتە جۆریانەی كه ئەو دامەزراوە هەواڵگریهی هەرێمی کوردستان لە ژمارەیەك شوێنی جیا لە سنووری هەرێمی کوردستان دەرەوەی سنوورەکانی هەرێم ئهنجامیداوه.
لەو هەڵمەتە تایبەتانەدا، زانیاریی نوێ دەربارەی هەژمارە بەنکییەکانی داعش کۆکراوەتەوە و دەرکەوتووە چۆن داعش میلیۆنان دۆلاری ئاڵوگۆڕ کردووە لە رێگەی بەنکەکانی وڵاتانی تورکیا، ئیمارات، عێراق و سووریا.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، لەم راپۆرتەدا هۆشداری داوە لەوەی داعش شێوازەکانی شەڕ و بازرگانیکردنی خۆی گۆڕیوە، بەتایبەت دوای بڕیارە لەناکاوەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، بە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکە لە سووریا.
مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان, بۆ رۆژنامهكه دهڵێت: "پێشووتر داعش کێڵگەی نەوتیان هەبوو و داهاتێکیان لەو رێگەیە گلدەدایەوه و پارەشیان وەك بارمتە لە خەڵکی ژێردەسەڵانی خۆیان وەردەگرت... بەڵام ئێستا، ئەمە نەماوە و جەنگیش گۆڕاوە؛ هەرشتێک پێشووتر روون بووبێت، ئێستا شاراوەیە".
بەپێی راپۆرتەکە، ئێستا داعش خاوەنی 400 میلیۆن دۆلارە، ئەو داهاتە زۆرەش لە تەک رێگە و شێوازی تر بۆ خۆبەهێزکردنەوە بەکاردەهێنێت. شارەزایانیش پێیانوایە، لەگەڵ بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا، داعش زیاتر لە ئامانجەکانی نزیکدەبێتەوە.
ئەوەش هاتووە، داعش زۆربەی داهاتەکەی لە کاتی شکستهێنانەوە لە رێگەی بڕينی بەنکەکان و بەتاڵانبردنی پارە و خشڵ و زێڕ بووە، ئەوە بێجگە لە بازرگانیی جۆراوجۆر و دەستکەوتنی ملیۆنان دۆلار لەو رێگەیەوە.
وهك له راپۆرتهكهدا ئاماژهی بۆ كراوه، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، کە چەکدارانی داعش تەنیا پشتیان بە نەوت نەبەستووە، بەڵکو تەنانەت دەستیان بە بازرگانی هەمەجۆر کردووە لە بوارەکانی: خانووبەرە، هۆتێل، ئۆتۆمبێل و تەنانەت شوشتنگەکانی ئۆتۆمبێلیش.
بەشێک لەوانەشی داعش ناڕاستەوخۆ بازرگانی لەگەڵ کردوون، ئاگاداری ئەوە نەبوونە لەگەڵ ئەو رێکخراوە مامەڵە دەکەن، بەڵام بەشێکیشیان بەئاگاداریی و بە ویستی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ کردوون.
لە راپۆرتەکە ئەوەش ئاشکرا کراوە، داعش بە چەند شیوازێك سامان و داهاتەکانی خەرج کردووە، وەک: پێدانی مووچە بە چەکدار و کاربەدەستانی، ئەنجامدانی کردەی تیرۆرستیی، پێدانی کرێى پارێزەران لە بەدواداچوونی کەیسی دەستبەسەرکراوەکانیان و بەشێکی داهاتەکەشیان تایبەت بۆ خۆرێکخستنەوەی ریزەکانیان تەرخان کردووە.
بە پێی زانیاری هەواڵگری هەرێمی کوردستان و عێراقیش، ماوهیهكه چهكدارانی داعش دەستیان بە کردەی تیرۆرستی و توندوتیژی کردووە لە پارێزگەکانی مووسڵ و کەرکووك، کە بێجگە لە تەقینەوە، بەرپرس و کەسایەتیە دژەکانیان دەکەنە ئامانج، ئەوەش وەك زەنگێکی مەترسیدار و راگەیاندنی شیوازی نوێی کارکردنی ئەو رێکخراوە هەژمار دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.