دوای بڕیاری سەرۆكی ئەمەریكا بە پاشەكشەكردنی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریا، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، بڕیارەكەی بە وەشاندنی خەنجەر لە پشتەوە و بە ناپاكی لە خوێنی هەزاران شەڕوانی ئەوان لەقەڵەم دا. هاوكات سیناتۆرێكی ئەمەریكایی بڕیارەكە بە (هەڵە) وەسف دەكات.
روانگەی مافی مرۆڤی سووریا لە چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی گواستەوە كە هەسەدە پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا، بە لێدانی خەنجەر لەپشتەوە بۆ ئەوان و یەكینەكانی پاراستنی گەل دەزانن، كە لە ماوەی ساڵانی دوایی كۆنترۆڵی گەورەترین رووبەری جوگرافیان لە سووریا كرد لە رۆژهەڵاتی فورات و منبەج.
ئەو سەركردانەی هەسەدە بڕیارەكەیان بە ناپاكی بۆ خوێنی هەزاران شەڕوانی ئەوان دانا كە لە بەرانبەر رێكخراوی داعش خوێنیان رژا، لەو كاتەی چەند سەرچاوەیەكی كوردی دووپاتیان كردەوە كە لایەنی باڵای ئەمەریكایی بە سەرانی هەسەدەیان راگەیاندووە بەوەی ئەمەریكا بەنیازە هێزەكانی لە تەواوی رۆژهەڵاتی فورات و شاری منبەج پاشەكشە پێ بكات.
لەو كاتەی سەرچاوەكان روونیان كردەوە كە ئەو هەنگاوە پێچەوانەی راستییەكەیە كە لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوو پاڵپشتی سەربازی لە سووتەمەنی و تفاقی سەربازی و لۆجیستی گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی فورات، جیا لەو پاڵپشتییە سەربازییانەی گەیشتوونەتە بنكە سەربازییەكان لە منبەج و كێڵگەی عومەر.
لای خۆیەوە لینزی گراهام، سیناتۆری كۆماری و بەرگریكاری بەردەوام لە ترەمپ، رایگەیاند كە هەر بڕیارێك كە ترەمپ لەبارەی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا بیدات، (هەڵە) یە.
زیاتر گوتی، پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لەو ساتە دەبێتە سەركەوتنێكی گەورە بۆ رێكخراوی داعش و ئێران و بەشار ئەسەد و رووسیا، بۆیە دەترسم كە ئەنجامی وێرانكاری هەبێت بۆ نەتەوەمان و ناوچەكە و هەموو دنیا، هەروەها بۆ داهاتوو پشت بەستن بە هاوبەشانمان بۆ توندڕۆیی سەخت دەبێت و بە هەڵوێستێكی لاوازی ئەمەریكایش دەخوێندرێتەوە.
لەو كاتەی ئەمڕۆ چوارشەممه بەرپرسانی ئەمەریكا رایانگەیاند كە پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا بە تەواوەتی و بە پەلە دەبێت و پاشەكشەكردنەكە دەكەوێتە دوا قۆناغی ئۆپراسیۆنەكانی دژ بە داعش.
سكاى نيوز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.