فڕۆکەكانی ھاوپەیمانان لە نزیک مەخموور ھێرشی کردە سەر تیرۆریستانی داعش و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، ھێزەکانیان خراونەتە ئامادەباشییەوە و داعش زۆر زیانى پێگەیشتووە.
زریان شێخ وەسانی، فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور ڕایگەیاند" دوای دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی جووڵەی تیرۆریستانی داعش لە سنوورەکە لە سەعات 4:30ی خولەکی ئەم ئێوارەیە ھاوپەیمانان بە فڕۆکەی پێشکەوتوو بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی تیرۆریستی داعشیان لە سنووری گوندەکانی بەردەسپی و گردەی بناری چیای قەرەچۆخ بۆردوومان کرد."
شێخ وەسانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد" بۆردوومانی فڕۆکەی ھاوپەیمانان بەردەوامە و ھەر ئەمڕۆ تا ئێستا پێنج جار ھێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش لەو سنوورە."
زریان شێخ وەسانی ڕوونی کردەوە" جووڵەی چەکدارانی داعش لە گوندەکانی عەلییەڕەش و گردەڕەش و بەردی سپی بە درێژاییی زنجیرەچیای قەرەچۆخدا زۆر زیادی کردووە، بەڵام تا ئێستا زیانەکانی بۆردوومانەکە نازانین، چونکە پێشمەرگە کەوتووەتە ئامادەباشییەوە و ھاوپەیمانانیش بەردەوامن لە ئۆپەڕاسیۆنەکەیان، بەڵام بێگومان زیانی گیانی و ماددیی زۆریان بە داعش گەیاندووە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.