نووسینگەی سەرۆک بارزانی ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر هەندێ کەناڵی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتی کوەیت لەبارەی دیل و بێ سەروشوێنە کوەیتییەکان بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19/12/2018، نووسینگەی سەرۆک بارزانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندووە، "بەم دواییە هەندێ کەناڵی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتی کوەیت، لەسەر زاری سەرۆک بارزانی باسیان لە هەندێ زانیاری لەبارەی دیل و بێ سەروشوێنە کوەیتییەکان کردووە، لە یەکێک لە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی ئەو وڵاتەوە راگەیاندنکارێک بە ناوی نەجم عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەدابوو، گوایە لە سەروبەندی رووخاندنی رژێمی بەعس، سەرۆک بارزانی پێی راگەیاندووە کە زانیاری لایە لە هەندێ شوێن لە هەرێمی کوردستاندا، دیل و بێ سەروشوێنە کوەیتییەکانی لێ نێژراوە".
هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، لەکاتێکدا سەرۆک بارزانی ئەو هەواڵە بە ناڕاست ناودەبات و ئەو زانیارییەی بە ناوییەوە بڵاوکراوەتەوە بەتەواوی رەت دەکاتەوە.
جەخت دەکاتەوە کە هەر کات زانیاری لەبارەی ئەم پرسە مرۆییە دەست بکەوێت، برایان لە وڵاتی کوەیت ئاگادار دەکاتەوە. ئاماژەش بەوە دەدات لەم رووەوە کوردانی عێراق هەمان خەم و ئازاریان هەیە، کە ژمارەیەکی زۆر دیل و بێ سەروشوێن لەسەر دەستی رژێمی رووخاو بە چارەنووس نادیاری ماونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.