Erbil 9°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 19:20

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى هۆله‌ندا : په‌یوه‌ندیه‌کانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا له‌هه‌موو بواره‌کاندا په‌ره‌ى زیاتری پێده‌ده‌ین

نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى هۆله‌ندا كۆبوونه‌وه‌
کوردستان TV
100%

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18/12/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌  ستێف بلۆك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق وكونسوڵی گشتیی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمی كوردستان پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا  بلۆك خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ده‌ستخۆشی له‌ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه كرد له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر‌ و حه‌واندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌ مرۆیی و سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌، دووپات كرده‌وه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى هۆله‌ندا ئاماده‌ییى وڵاته‌كه‌ى بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكارى به‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و كشتوكاڵدا نیشان دا و له‌مباره‌یه‌‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌‌ چه‌ند كۆڕ و سمینارێك له‌ داهاتوودا كرد، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ده‌رفه‌تێكی باشی سه‌رمایه‌گوزاری له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و په‌ره‌پێدانی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌ردوولای دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی هۆڵه‌ندا وه‌ك به‌شێك له‌ وڵاتانی هاوپه‌یمان بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌كانی مرۆیی و سه‌ربازیدا كرد و هیوای خواست هۆڵه‌ندا له‌ بواره‌كانی دیكه‌شدا هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكات به‌تایبه‌تی له‌ بواری كشتوكاڵدا.

 دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه‌ ده‌رفه‌تی باشی بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی ڕه‌خساندووه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ یاسا كارئاسانی بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كات كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌كانی نێوان هۆڵه‌ندا و هه‌رێمی كوردستانی دووپات كرده‌وه‌.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.